دووەم پاشایان 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پاشایان 9:1-37

دەستنیشانکردنی یێهو وەک پاشای ئیسرائیل

1ئەلیشەع پێغەمبەر ئەندامێکی لە کۆمەڵی پێغەمبەرەکان بانگکرد و پێی گوت: «کەواکەت لە ناوقەدت ببەستە و گۆزەیەک زەیت لەگەڵ دەستت هەڵبگرە و بڕۆ ڕامۆتی گلعاد. 2کە گەیشتییە ئەوێ بەدوای یێهوی کوڕی یەهۆشافاتی کوڕی نیمشیدا بگەڕێ، لەنێو براکانی هەڵیبستێنە و بە تەنها لە ژوورەکەوە بیبە بۆ ژوورێکی دیکە. 3پاشان گۆزە زەیتەکە بگرە و بەسەر سەریدا بکە و بڵێ، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشانم کردیت.“ ئینجا دەرگاکە بکەرەوە و هەڵبێ و چاوەڕێ مەکە!»

4ئیتر گەنجە خزمەتکارەکەی پێغەمبەرەکە چوو بۆ ڕامۆتی گلعاد. 5کاتێک گەیشت، بینی وا ئەفسەرەکانی سوپا پێکەوە دانیشتوون. گوتی: «ئەی سەرکردە، قسەیەکم بۆ تۆ پێیە.»

یێهو لێی پرسی: «بۆ کامەمان؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «بۆ تۆ، ئەی سەرکردە.»

6یێهو هەستا و چووە ماڵەکە. پێغەمبەرەکە زەیتەکەی کرد بە سەری یێهودا و پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرمووە: ”وەک پاشا دەستنیشانم کردوویت بۆ گەلی یەزدان، بۆ ئیسرائیل. 7لە بنەماڵەی ئەحاڤی گەورەشت دەدەیت، تۆڵەی خوێنی بەندە پێغەمبەرەکانم و خوێنی هەموو بەندەکانی یەزدان لە ئیزابێل دەکەمەوە. 8هەموو بنەماڵەی ئەحاڤ لەناودەبردرێت. هەموو نێرینەیەک لە ئەحاڤ، کۆیلە و ئازاد، لە ئیسرائیل ڕیشەکێش دەکەم. 9بنەماڵەی ئەحاڤیش وەک بنەماڵەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و بنەماڵەی بەعشای کوڕی ئاحییا لێ دەکەم. 10ئیزابێلیش لەو پارچە زەوییەی کە لە یەزرەعیلە سەگ دەیخوات و کەسیش نابێت بینێژێت.“» ئینجا دەرگاکەی کردەوە و هەڵات.

11کاتێک یێهو چووە دەرەوە بۆ لای برا ئەفسەرەکانی، لێیان پرسی: «خێرە، ئەو شێتە بۆ چی هاتە لات؟»

یێهو وەڵامی دایەوە: «ئێوە پیاوەکە دەناسن و دەشزانن چ قسەیەک دەکات.»

12ئەوانیش گوتیان: «ئەوە ڕاست نییە! ئینجا پێمان بڵێ.»

یێهو گوتی: «ئەوەی پێ گوتم: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: دەستنیشانم کردوویت بە پاشای ئیسرائیل.“»

13هەریەکە و بە پەلە کەواکەی داکەند و لەژێر پێی یێهو لەسەر پلەکانی پێپلیکانەکە ڕایانخست. فوویان بە کەڕەنادا کرد و هاواریان کرد، «یێهو پاشایە!»

کوشتنی یۆرام و ئەحەزیا

14ئیتر یێهوی کوڕی یەهۆشافاتی کوڕی نیمشی پیلانی لە دژی یۆرام گێڕا. یۆرام خۆی و هەموو ئیسرائیل بەرگرییان لە ڕامۆتی گلعاد دەکرد لە دژی حەزائێل پاشای ئارام. 15بەڵام یۆرام پاشا گەڕابووەوە یەزرەعیل، هەتا لەو برینانە چاک بێتەوە کە لەلایەن ئارامییەکانەوە بریندار کرا، لە کاتی جەنگ لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام. ئینجا یێهو گوتی: «ئەگەر حەز دەکەن بمکەنە پاشا، مەهێڵن کەس لە شارەکە دەربازبێت و بچێت لە یەزرەعیل ڕایبگەیەنێت.» 16ئینجا یێهو سواری گالیسکە بوو و چوو بۆ یەزرەعیل، چونکە یۆرام لەوێ لەناو جێگا کەوتبوو، هەروەها ئەحەزیای پاشای یەهودا بۆ سەردانی یۆرام چووبوو.

17ئێشکگرێک لەسەر قوللەکەی یەزرەعیل ڕاوەستابوو چاوی بە سەربازەکانی یێهو کەوت کاتێک بەرەو پێش دەهاتن، گوتی: «من کۆمەڵێک سەرباز دەبینم.»

یۆرامیش گوتی: «سوارێک ببە و بینێرە بۆ بینینیان، با لێیان بپرسێ: ”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“»

18ئیتر ئەسپ سوارەکە چوو بۆ بینینی و گوتی: «پاشا دەڵێت: ”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“»

یێهو گوتی: «بۆچی باسی ئاشتی دەکەی؟ بەدوام بکەوە.»

ئینجا ئێشکگرەکە بە پاشای ڕاگەیاند: «نێردراوەکە گەیشتە لایان، بەڵام نەگەڕایەوە.»

19پاشان ئەسپ سوارێکی دیکەی نارد و هات بۆ لایان و گوتی: «پاشا دەڵێت: ”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“»

یێهو گوتی: «بۆچی باسی ئاشتی دەکەی؟ بەدوام بکەوە.»

20دیسان ئێشکگرەکە ڕایگەیاند: «گەیشتە لایان، بەڵام نەگەڕایەوە. لێخوڕینەکە وەک لێخوڕینی یێهوی کوڕی نیمشی وایە، چونکە شێتانە لێدەخوڕێت.»

21یۆرام فەرمانی دا: «گالیسکەکەم بۆ ببەستن.» گالیسکەکەی بەسترا. یۆرامی پاشای ئیسرائیل و ئەحەزیای پاشای یەهودا هەریەکە بە گالیسکەکەی خۆیان چوونە دەرەوە بەرەوپیری یێهو. لەناو ئەو زەوییەی کە هی ناڤۆتی یەزرەعیلی بوو تووشی بوون. 22کاتێک یۆرام یێهوی بینی، لێی پرسی: «یێهو، ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «هەتا بتپەرستی و جادووگەری ئیزابێلی دایکت بەردەوام بێت، چۆن ئاشتی فەراهەم دەبێت؟»

23یۆرام ڕووی وەرگێڕا و هەڵات، هاواری بۆ ئەحەزیا کرد: «ئەحەزیا، ناپاکییە!»

24یێهوش کەوانەکەی ڕاکێشا و تیرێکی لەنێو شانەکانی یۆرام دا. تیرەکە لە دڵییەوە هاتە دەرەوە، لەناو گالیسکەکەی کەوت. 25یێهو بە بیدقەری ئەفسەری گالیسکەکانی گوت: «هەڵیبگرە و فڕێیبدە ناو کێڵگەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلی. لەبیرت بێت کاتێک من و تۆ پێکەوە بەدوای ئەحاڤی باوکیدا سواری گالیسکە بووین، یەزدان ئەم سروشەی9‏:25 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏ سەبارەت بەو ڕاگەیاند: 26”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: دوێنێ خوێنی ناڤۆتی یەزرەعیلی و کوڕەکانیم بینی، لەم زەوییەدا تۆڵەت لێ دەکەمەوە، ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“9‏:26 بڕوانە یەکەم پاشایان 21‏:19.‏ ئێستاش بەپێی فەرمایشتی یەزدان هەڵیبگرە و فڕێیبدە ناو کێڵگەکە.»

27کاتێک ئەحەزیای پاشای یەهودا ئەمەی بینی، بە ڕێگای بێت‌هەگان هەڵات. یێهو ڕاوی نا و گوتی: «ئەویش بکوژن!» ئەوانیش لە هەورازەکەی گور ئەوەی لەلای یەڤلەعامە لەناو گالیسکەکەی لێیاندا. بەڵام بۆ مەگیدۆ هەڵات و لەوێ مرد. 28خزمەتکارەکانیشی بەرەو ئۆرشەلیم تەرمەکەیان سواری گالیسکەیەک کرد و لەوێ لە گۆڕەکەیدا لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود ناشتیان. 29لە ساڵی یازدەیەمینی پاشایەتی یۆرامی کوڕی ئەحاڤ، ئەحەزیا ببوو بە پاشای یەهودا.

کوشتنی ئیزابێل

30ئینجا یێهو هاتە یەزرەعیل، ئیزابێلیش ئەمەی بیستەوە و کلی لە چاوەکانی کرد، پرچی ڕێکخست و لە پەنجەرەکەوە تەماشای خوارەوەی کرد. 31کە یێهو لە دەروازەکەوە هاتە ژوورەوە، لێی پرسی: «ئەی زیمری، بکوژی گەورەکەت، ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟»

32ئەویش چاوی بۆ لای پەنجەرەکە هەڵبڕی و گوتی: «کێ لەگەڵ منە، کێ؟» دوو سێ کاربەدەستیش تەماشای ئەویان کرد لە خوارەوە. 33یێهو گوتی: «فڕێیبدەنە خوارەوە!» ئەوانیش فڕێیان دایە خوارەوە، ئەویش بە ئەسپەکانی پێشێلی کرد و هەندێک لە خوێنەکەی بە دیوارەکە و ئەسپەکانی پرژا.

34پاشان یێهو هاتە ژوورەوە و خواردی و خواردیەوە، ئینجا گوتی: «ئاگاداری ئەو ژنە نەفرەت لێکراوە بن و بینێژن، چونکە کچی پاشایە.» 35بەڵام کاتێک چوون بینێژن، جگە لە کەللەسەری و پێیەکانی و لەپی دەستی هیچی دیکەیان نەدۆزییەوە. 36گەڕانەوە و بە یێهویان ڕاگەیاند. ئەویش گوتی: «ئەمە فەرمایشتی یەزدانە کە لە ڕێگەی ئەلیاسی تیشبی خزمەتکاریەوە فەرمووی، لە پارچە زەوییەکەی یەزرەعیل سەگ گۆشتی ئیزابێل دەخۆن.9‏:36 سەگ گۆشتی ئیزابێل دەخۆن: بڕوانە یەکەم پاشایان 21‏:23.‏ 37لاشەکەی ئیزابێلیش وەک زبڵ دەبێت لەسەر کێڵگەی زەوییەکەی یەزرەعیل، هەتا نەڵێن ”ئەمە ئیزابێلە.“»