دووەم پاشایان 7 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پاشایان 7:1-20

1ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: سبەینێ لەم کاتەدا، لە دەروازەی سامیرە پێوانەیەک7‏:1 پێوانەیەک: عیبری: سەئا‏، نزیکەی 7,3 لیتر.‏ لە باشترین ئارد بە شاقلێک و دوو پێوانە7‏:1 دوو پێوانە: عیبری: دوو سەئا‏، نزیکەی پازدە لیتر.‏ جۆ بە شاقلێک دەبێت.»

2ئەفسەرێک کە گەورە یاوەری پاشا بوو، بە پیاوەکەی خودای گوت: «هەتا ئەگەر یەزدان دەرگاکانی ئاسمانیش بکاتەوە، ئایا شتی وا ڕوودەدات؟»

ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «تۆ بە چاوی خۆت دەیبینیت، بەڵام لێی ناخۆیت.»

هەڵگرتنی گەمارۆی سامیرە

3چوار پیاوی گەڕوگول7‏:3 گەڕوگول: وشەی عیبری بۆ چەند نەخۆشییەکی جیاوازی پێست بەکاردەهێنرا، مەرج نییە تەنها بۆ گەڕوگولی بێت.‏ لە دەروازەی شارەکە بوون، بە یەکتریان گوت: «بۆ لێرە بمێنینەوە هەتا دەمرین؟ 4ئەگەر بڵێین: ”با بچینە ناو شارەکەوە،“ لە شارەکە قاتوقڕی هەیە و لەوێ دەمرین. ئەگەر لێرەش دانیشین، هەر دەمرین. ئێستا با بچینە ئۆردوگای ئارامییەکان و خۆمان ڕادەست بکەین، ئەگەر لێمان خۆشبوون ئەوا دەژین، ئەگەر بشمانکوژن ئەوا هەر دەمرین.»

5لە زەردەپەڕی ئێوارە هەستان بۆ ئەوەی بچنە ئۆردوگای ئارامییەکان. هاتن هەتا گەیشتنە قەراغی ئۆردوگای ئارامییەکان، کەسی لێ نەبوو، 6چونکە پەروەردگار وای کرد کە ئۆردوگای ئارامییەکان دەنگی گالیسکە و ئەسپ و سوپایەکی گەورە ببیستن، ئیتر بە یەکتریان گوتبوو: «ئەوەتا پاشای ئیسرائیل پاشاکانی حیتی و میسرییەکانی لە دژی ئێمە بەکرێ گرتووە هەتا لەگەڵمان بجەنگن!» 7لەبەر ئەوە هەستان و لە زەردەپەڕی ئێوارە هەڵاتن، وازیان لە چادر و ئەسپ و گوێدرێژەکانیان هێنا. ئۆردوگاکەیان وەک خۆی بەجێهێشت و بۆ دەربازکردنی ژیانی خۆیان هەڵاتن.

8ئەو گەڕوگولانه هەتا قەراغی ئۆردوگاکە هاتن، چوونە ناو چادرێک و خواردیان و خواردیانەوە. زێڕ و زیو و جلوبەرگیان برد و چوون شاردییانەوە. پاشان گەڕانەوە و چوونە ناو چادرێکی دیکە، لەوێش بردیان و چوون و شاردییانەوە.

9ئینجا بە یەکترییان گوت: «ئەوەی ئێمە دەیکەین ڕاست نییە. ئەمڕۆ ڕۆژی مژدەیە و ئێمەش لێی بێدەنگین. ئەگەر هەتا بەرەبەیان چاوەڕێ بکەین تووشی سزا دەبین. وەرن با ئێستا بچین و بە کۆشکی پاشای ڕابگەیەنین.»

10ئیتر هاتن و دەرگاوانی شارەکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ئێمە چووینە ناو ئۆردوگای ئارامییەکان، کەس لەوێ نەبوو، دەنگی کەسیش نەدەبیسترا، تەنها ئەسپ و گوێدرێژ بەستراونەتەوە، چادرەکانیش هەروەک خۆیان لەوێن.» 11دەرگاوانەکان جاڕیان دا، هەواڵەکەشیان بە کۆشکی پاشا ڕاگەیاند.

12پاشا شەو هەستا و بە ئەفسەرەکانی گوت: «من پێتان دەڵێم ئارامییەکان چییان لێکردووین. دەزانن ئێمە برسیمانە، لە ئۆردوگاکە چوونەتە دەرەوە و لە دەشتاییەکان خۆیان مەڵاس داوە، وا بیریان کردووەتەوە: ”بێگومان لە شارەکە دێنە دەرەوە، بە زیندوویی دەیانگرین و دەچینە ناو شارەکە.“»

13یەکێک لە ئەفسەرەکانی وەڵامی دایەوە: «کەواتە، با هەندێک پیاو پێنج ئەسپ ببەن لەوانەی کە لە شارەکە ماوەتەوە. چارەنووسیان لە نەوەی ئیسرائیل خراپتر نابێت کە خەریکە لەناو شار دەمرن. با بیاننێرین تاکو بزانین چی ڕوویداوە.»

14ئیتر دوو گالیسکەیان بە ئەسپەوە دەستنیشان کرد و پاشا ئەوانی نارد بۆ ئەوەی شوێنی سوپای ئارام بکەون. پاشا فەرمانی کرد و گوتی: «بڕۆن و بزانن چی ڕوویداوە.» 15ئەوانیش بەدوایاندا بەرەو ڕووباری ئوردون چوون، بینییان هەموو ڕێگاکە پڕە لە جلوبەرگ و قاپوقاچاغ، ئەوەی ئارامییەکان لە پەلەپەلیان فڕێیان داوە. نێردراوەکان گەڕانەوە و بە پاشایان ڕاگەیاند. 16پاشان گەل چوونە دەرەوە و ئۆردوگای ئارامییەکانیان تاڵان کرد، پێوانەیەک لە باشترین ئارد بووە شاقلێک و دوو پێوانە جۆ بووە شاقلێک، هەروەک یەزدان فەرمووی.

17ئەو ئەفسەرەی کە گەورە یاوەری پاشا بوو، پاشا لەسەر دەروازەکەی دانا، گەلیش لە دەروازەکە پێشێلیان کرد و مرد، هەروەک پیاوەکەی خودا پێی گوت کاتێک پاشا چووە ماڵی. 18ئەوە ڕوویدا کە پیاوەکەی خودا بە پاشای گوت: «سبەینێ ئەم کاتە لە دەروازەی سامیرە دوو پێوانە جۆ بە شاقلێک و پێوانەیەک باشترین ئاردیش بە شاقلێک دەبێت.»

19ئەفسەرەکەش بە پیاوەکەی خودای گوت: «هەتا ئەگەر یەزدان دەرگاکانی ئاسمانیش بکاتەوە، ئایا شتی وا ڕوودەدات؟» پیاوی خوداش گوتبووی: «تۆ بە چاوی خۆت دەیبینیت، بەڵام لێی ناخۆیت.» 20ئیتر ڕێک وای بەسەرهات، گەل لە دەروازەکە پێشێلیان کرد و مرد.