دووەم پاشایان 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پاشایان 3:1-27

یاخیبوونی مۆئاب

1یۆرامی کوڕی ئەحاڤ لە هەژدەمین ساڵی پاشایەتی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل لە سامیرە، دوازدە ساڵ پاشایەتی کرد. 2ئەویش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەڵام نەک وەکو دایک و باوکی، ئەو بەردە تەرخانکراوەی3‏:2 بەردی بە ستوونی دانراو بۆ پەرستن. بڕوانە دواوتار 16‏:21‏-22.‏ بەعلی لەناوبرد کە باوکی دروستی کردبوو. 3لەگەڵ ئەوەش پەیوەست بوو بە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و هەمان گوناهەکانی ئەوی کرد کە بەهۆیانەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، خۆی لێیان لانەدا.

4مێشای پاشای مۆئابیش خاوەنی مەڕوماڵات بوو، سەد هەزار بەرخ و خوری سەد هەزار بەرانی وەک سەرانە دەدایە پاشای ئیسرائیل. 5بەڵام پاش مردنی ئەحاڤ، پاشای مۆئاب لە پاشای ئیسرائیل یاخی بوو. 6دەستبەجێ یۆرام پاشا لە سامیرەوە بەڕێکەوت و هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە. 7هەروەها ئەو پەیامەی بۆ یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نارد: «پاشای مۆئاب لێم یاخی بووە، ئایا لەگەڵم دێیت بۆ ئەوەی لە دژی مۆئاب بجەنگین؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «لەگەڵت دێم، من خۆم وەک تۆ و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.»

8لێی پرسی: «لە کام ڕێگاوە بچین؟»

یۆرامیش وەڵامی دایەوە: «لە ڕێگای بیابانی ئەدۆم.»

9ئینجا پاشای ئیسرائیل لەگەڵ پاشای یەهودا و پاشای ئەدۆم بەڕێکەوتن. دوای ئەوەی سوپاکە حەوت ڕۆژەڕێ بە ڕێگایەکی ناڕاستەوخۆ بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن، ئاو بۆ خۆیان و ئەو ئاژەڵانەی پێیان بوو نەما.

10پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «ئاخ! لەبەر ئەوە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە، هەتا بمانداتە دەستی پاشای مۆئاب؟»

11بەڵام یەهۆشافات گوتی: «ئایا لێرە هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان نییە، هەتا لە ڕێگەی ئەوەوە پرس بە یەزدان بکەین؟»

یەکێک لە ئەفسەرەکانی پاشای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەلیشەعی کوڕی شافات لێرەیە، ئەوەی ئاوی بە دەستەکانی ئەلیاسدا دەکرد.»

12یەهۆشافات گوتی: «فەرمایشتی یەزدان لەلای ئەوە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافات و پاشای ئەدۆم چوونە خوارەوە بۆ لای ئەو.

13ئەلیشەع بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «چیمان بەیەکەوە هەیە؟ بڕۆ لای پێغەمبەرەکانی دایک و باوکت.»

پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «نەخێر، چونکە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە هەتا ڕادەستی مۆئابمان بکات.»

14ئەلیشەعیش گوتی: «بە یەزدانی زیندووی سوپاسالار، ئەوەی دەیپەرستم، ئەگەر ڕێزی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نەبووایە، نە ئاوڕم لێت دەدایەوە و نە سەیرم دەکردیت. 15بەڵام ئێستا مۆسیقاژەنێکم بۆ بهێنن.»

ئەوە بوو کە مۆسیقاژەنەکە مۆسیقاکەی ژەند، ڕۆحی یەزدان هاتە سەر ئەلیشەع، 16گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەم دۆڵە پڕ دەکەم لە گۆمی ئاو، 17چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نە با دەبینن و نە باران، بەڵام ئەم دۆڵە پڕ دەبێت لە ئاو، خۆتان و مەڕوماڵات و ئاژەڵەکانتان لێی دەخۆنەوە. 18ئەوەش لەلای یەزدان کارێکی ئاسانە، هەروەها مۆئابیشتان ڕادەست دەکات. 19ئێوەش هەموو شارێکی قەڵابەند و هەموو شارۆچکەیەکی سەرەکی سەرەوژێر دەکەن، هەموو دارێکی چاک دەبڕنەوە و هەموو کانیاوەکان کوێر دەکەنەوە، هەموو کێڵگەیەکی چاکیش بە بەرد تێکدەدەن.»

20بەیانیی ڕۆژی دواتر، لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانیدا، لەناکاو لە ڕێگای ئەدۆمەوە ئاو هات و خاکەکە پڕ بوو لە ئاو.

21هەموو مۆئابیش بیستیان کە پاشاکان هاتوون لە دژیان بجەنگن، ئینجا هەموو ئەوەی توانای چەک هەڵگرتنی هەبوو، لە گەنجەوە هەتا پیر، بانگیان کردن و کۆیان کردنەوە، لەسەر سنوورەکە وەستان. 22کە بەیانی زوو لە خەو هەستان، خۆر لەسەر ئاوەکە دەدرەوشایەوە، مۆئابییەکانیش لەو بەرەوە تەماشایان کرد ئاوەکە وەک خوێن سوورە. 23گوتیان: «ئەمە خوێنە! پاشاکان لەنێو خۆیاندا بووەتە شەڕیان و یەکترییان کوشتووە. ئەی مۆئاب، ئێستاش با بەرەو تاڵانکردن بچین!»

24بەڵام کاتێک مۆئابییەکان بۆ ئۆردوگای ئیسرائیل هاتن، ئیسرائیلییەکان لێیان هەستان و لە مۆئابییەکانیان دا، لەبەردەمیان هەڵاتن. ئیسرائیلییەکانیش خاکەکەیان داگیر کرد و مۆئابییەکانیان کوشت. 25ئینجا شارۆچکەکانیان ڕووخاند، هەریەکە بەردێکی فڕێدایە ناو هەر کێڵگەیەکی چاک هەتا ئەوەی پڕیان کردنەوە، هەموو کانیاوەکانیان کوێر کردەوە، هەموو دارێکی چاکیان بڕییەوە، بە تەنها شاری قییر حەراسەت و تەلارەکانیان هێشتەوە، بەڵام قۆچەقانی3‏:25 بەردەقانی.‏ وەشێنەکان دەوریان گرت و لێیاندا.

26کاتێک پاشای مۆئاب بینی کە جەنگەکە لەسەری توند بووە، حەوت سەد شمشێر بە دەستی لەگەڵ خۆی برد بۆ ئەوەی ڕیزەکانی دوژمن بشکێنێت و بەرەو لای پاشای ئەدۆم بچێت، بەڵام شکستی هێنا. 27ئینجا کوڕە نۆبەرەکەی، ئەوەی لە جێی ئەو دەبوو بە پاشا، لەسەر شوورای شارەکە کردییە قوربانی سووتاندن. تووڕەییەکی گەورە لەسەر ئیسرائیل هەبوو، بۆیە پاشەکشەیان لێی کرد و گەڕانەوە خاکی خۆیان.