دووەم پاشایان 22 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پاشایان 22:1-20

دۆزینەوەی پەڕتووکی تەورات

1یۆشیا کوڕێکی هەشت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سی و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی یەدیدای کچی عەدایای خەڵکی بۆچقەت بوو. 2یۆشیا ئەوەی ڕاست بوو لەبەرچاوی یەزدان کردی، بە تەواوی ڕێبازەکەی داودی باپیرە گەورەی پەیڕەو کرد، بەلای ڕاست و چەپدا لای نەدا.

3لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتییەکەی، پاشا شافانی خامەی نهێنی کوڕی ئەچەلیاهوی کوڕی مەشولامی ناردە پەرستگای یەزدان و گوتی: 4«بڕۆ لای حیلقیای سەرۆکی کاهین، با ئەو زیوە بژمێرێت کە خراوەتە ناو پەرستگای یەزدانەوە، ئەوەی دەرگەوانەکان لەنێو گەل کۆیان کردووەتەوە. 5با بدرێتە دەست سەرپەرشتیارەکانی کارەکەی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش بیدەنە ئەو کرێکارانەی داڕووخاوییەکانی پەرستگای یەزدان چاک دەکەنەوە، 6دارتاش و وەستا و نەقاڕەکان. با دار و بەردی تاشراو بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە بکڕن. 7بەڵام هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵ نەکرێت سەبارەت بەو زیوەی خرایە دەستیان، چونکە بە دەستپاکییەوە کار دەکەن.»

8ئینجا حیلقیای سەرۆک کاهین بە شافانی خامەی نهێنی گوت: «لە پەرستگای یەزدان پەڕتووکی تەوراتم دۆزیوەتەوە.» حیلقیا پەڕتووکەکەی دایە شافان و ئەویش خوێندییەوە. 9پاشان شافانی خامەی نهێنی پەڕتووکەکەی بۆ لای پاشا برد و پێی ڕاگەیاند: «کاربەدەستەکانت زیوی ناو پەرستگاکەیان بەتاڵ کرد و دایانە دەست کرێکار و سەرپەرشتیارانی پەرستگای یەزدان.» 10هەروەها شافانی خامەی نهێنی بە پاشای ڕاگەیاند و گوتی: «حیلقیای کاهین پەڕتووکێکی دامێ.» ئینجا شافان لەبەردەم پاشا خوێندییەوە.

11کاتێک پاشا گوێی لە وشەکانی پەڕتووکی تەورات بوو، جلەکانی لەبەر خۆی دادڕی. 12ئینجا پاشا فەرمانی بە حیلقیای کاهین و ئەحیقامی کوڕی شافان و عەکبۆری کوڕی میخایو و شافانی خامەی نهێنی و عەسایای خزمەتکاری پاشا کرد و گوتی: 13«بڕۆن و لە جیاتی من و ئەم گەلە و لە جیاتی هەموو یەهودا پرسیار لە یەزدان بکەن، سەبارەت بە پەیامی ئەم پەڕتووکەی کە دۆزراوەتەوە، چونکە ئەو تووڕەییەی یەزدان کە بەسەرماندا گڕی گرتووە مەزنە، لەبەر ئەوەی باوباپیرانمان گوێیان لە وشەکانی ئەم پەڕتووکە نەگرت بۆ ئەوەی هەموو ئەوەی لەسەرمان نووسراوە پەیڕەوی بکەن.»

14ئینجا حیلقیای کاهین و ئەحیقام و عەکبۆر و شافان و عەسایا چوونە لای حولدای پێغەمبەر کە ژنی شەلومی کوڕی تیقڤای کوڕی حەرحەسی لێپرسراوی جلوبەرگەکانی پەرستگا بوو، ئەو لە گەڕەکی دووەمی ئۆرشەلیم دەژیا، ئیتر قسەیان لەگەڵی کرد.

15حولدایش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بەو پیاوە بڵێن کە ئێوەی بۆ لای من ناردووە، 16”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من وا بەڵا بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەهێنم، بەپێی هەموو ئەوەی لەو پەڕتووکە نووسراوە کە پاشای یەهودا خوێندییەوە. 17لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداکانی دیکە سووتاند، هەتا بە هەموو کارەکانی دەستیان پەستم بکەن، تووڕەییم بەسەر ئەم شوێنەدا گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە.“ 18بەڵام بە پاشای یەهودا ئەوەی ئێوەی ناردووە پرسیار لە یەزدان بکەن بڵێن، ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بەو وشانەی گوێت لێ بوو ئەوە دەفەرموێت: 19لەبەر ئەوەی کاتێک گوێت لە پەیامەکەم بوو لە دژی ئێوە کە ئەم شوێنە وێران دەکەم و دانیشتووانەکەی دەبنە مایەی نەفرەت، لەبەردەم یەزدان دڵت نەرم بوو و خۆتت نزم کردەوە، جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕی و لەبەردەمم گریایت، هەروەها منیش گوێم لێت بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 20لەبەر ئەوە من وا دەتخەمە پاڵ باوباپیرانت، جا بە ئاشتییەوە لە گۆڕەکەت دەنرێیت. ئەو هەموو کارەساتە بە چاوی خۆت نابینی کە من بەسەر ئەم شوێنەی دەهێنم.“»

ئەوانیش وەڵامەکەیان بۆ پاشا بردەوە.