دووەم پاشایان 21 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پاشایان 21:1-26

پاشایەتی مەنەشە

1مەنەشە کوڕێکی دوازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکیشی حەفچیڤا بوو. 2لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون. 3جا گەڕایەوە و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی بنیاد ناوە کە حەزقیای باوکی وێرانی کردبوون، هەروەها چەند قوربانگایەکی بەعلی دانا و ستوونە ئەشێرایەکی دروستکرد، وەک ئەوەی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل دروستی کردبوو، کڕنۆشی بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان برد و ئەوانی پەرست. 4چەند قوربانگایەکیشی لە پەرستگای یەزدان بنیاد نا، ئەوەی یەزدان فەرمووی، «ناوی خۆم لە ئۆرشەلیم دادەنێم.» 5لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان قوربانگای بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان بنیاد نا. 6کوڕەکەشی وەک قوربانی سووتاند، بەختی خوێندەوە و فاڵی گرتەوە، نێوانگر21‏:6 نێوانگر: لێرە بەو واتایە دێت، کەسێکە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرە لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوودا.‏ و ڕۆح ئامادەکاری21‏:6 ڕۆح ئامادەکار بەو کەسە دەگوترێت کە ڕۆح ئامادە دەکات. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28‏:3؛ 8‏–9‏.‏ بەکارهێنا، لەبەرچاوی یەزدان خراپەی زیاتریشی کرد بۆ پەستکردنی.

7ئەو ستوونە ئەشێرایەش کە دروستی کرد و نەخشی لەسەر هەڵکەند، لەناو ئەو پەرستگایە داینا کە یەزدان لەبارەیەوە بە داود و سلێمانی کوڕی فەرمووبوو: «لەم پەرستگایە و لە ئۆرشەلیم ئەوەی لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵمبژاردووە بۆ هەتاهەتایە ناوی خۆمی تێدا دادەنێم. 8جارێکی دیکە وا ناکەم ئیسرائیل ئەو خاکە بەجێبهێڵێت کە بۆ باوباپیرانیان دیاریم کرد، تەنها ئەگەر ئاگاداربن لە جێبەجێکردنی هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوون، لەگەڵ هەموو ئەو تەوراتەی کە موسای بەندەم فەرمانی پێ کردوون.» 9بەڵام ئەوان گوێیان نەگرت. مەنەشە گومڕای کردن، تاکو لەو گەلانە خراپتر بکەن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا قڕی کردن.

10یەزدان لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانییەوە فەرمووی: 11«مەنەشەی پاشای یەهودا ئەم کردەوە قێزەونانەی کردووە، خراپتریشی کرد لە هەموو ئەوەی ئەمۆرییەکانی پێش خۆی کردیان، بەهۆی بتەکانییەوە یەهوداشی تووشی گوناه کرد. 12لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرموو: ”ئەوەتا من بەڵایەک بەسەر ئۆرشەلیم و یەهودا دەهێنم کە هەرکەس بیبیستێتەوە گوێی بزرنگێتەوە. 13هەمان گوریس کە بۆ پێوانەی سامیرە و هەمان شاووڵ کە بۆ پێوانی ماڵی ئەحاڤ بەکارمهێنا بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕایدەکێشمەوە. هەروەک چۆن یەکێک قاپێک دەسڕێتەوە و سەرەونخوونی دەکات ئاوا ئۆرشەلیم دەسڕمەوە. 14پاشماوەی میراتەکەم ڕەت دەکەمەوە و دەیاندەمە دەست دوژمنەکانیان، دەبنە دەستکەوت و تاڵانی بۆ هەموو دوژمنانیان، 15چونکە لەو ڕۆژەوەی کە باوباپیرانیان لە میسرەوە هاتوونەتە دەرەوە لەبەرچاوی من خراپەیان کرد، هەتا ئەمڕۆش پەستم دەکەن.“»

16هەروەها مەنەشە خوێنێکی بێتاوانی زۆر زۆری ڕشت، تاکو ئۆرشەلیمی پڕکرد، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر، بێجگە لەو گوناهەی کە وای لە یەهودا کرد لەبەرچاوی یەزدان خراپە بکەن.

17ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەشە و هەموو ئەوەی کردی و گوناهەکانی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. 18مەنەشە لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە باخچەی کۆشکەکەی، لە باخچەی عوزە نێژرا. ئیتر ئامۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئامۆن

19ئامۆن گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەشولەمەتی کچی حاروچی خەڵکی یۆتڤا بوو. 20ئەمیش وەک مەنەشەی باوکی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. 21هەموو ئەو ڕێگایانەی گرتەبەر کە باوکی پەیڕەوی کردبوون، ئەو بتانەی پەرست کە باوکی دەیپەرستن، کڕنۆشی بۆ بردن. 22وازی لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی هێنا و ڕێبازی یەزدانی پەیڕەو نەکرد.

23پاشان خزمەتکارەکانی ئامۆن پیلانیان لە دژی گێڕا و پاشایان لە کۆشکەکەی خۆی کوشت. 24ئینجا گەلی خاکەکە هەموو پیلانگێڕەکانی ئامۆن پاشایان کوشت، هەروەها یۆشیای کوڕییان لە جێی ئەو کردە پاشا.

25ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئامۆن و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. 26ئامۆن لە گۆڕەکەی خۆی لە باخچەی عوزە نێژرا. ئیتر یۆشیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.