دووەم پاشایان 19 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پاشایان 19:1-37

پێشبینی ڕزگاربوونی ئۆرشەلیم

1کاتێک حەزقیای پاشا گوێی لەمە بوو، جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕی و بەرگی لە گوش دروستکراوی پۆشی و چووە ناو پەرستگای یەزدان. 2ئینجا ئەلیاقیمی سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و کاهینانی باڵا کە هەموویان جلوبەرگی گوشیان پۆشیبوو ناردیانە لای ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ، 3پێیان گوت: «حەزقیا دەڵێت، ئەمڕۆ ڕۆژی تەنگانە و سەرزەنشت و سووکایەتییە، وەک کاتێک کە کۆرپە لە سکی دایکیدا ئامادەیە بێتە دەرەوە، بەڵام دایکەکەی هێزی پاڵدانی نییە بۆ ئەوەی منداڵەکەی ببێت. 4بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت گوێی لە هەموو قسەکانی فەرماندەی ناوچەکە بێت، کە گەورەکەی، پاشای ئاشور ناردی، تاکو سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات، با یەزدانی پەروەردگارت سەرزەنشتی بکات لەسەر ئەو قسانەی یەزدانی پەروەردگارت گوێی لێبوو. ئیتر نوێژ بکە لە پێناوی ئەوانەی ماونەتەوە.»

5کاتێک خزمەتکارەکانی حەزقیای پاشا هاتنە لای ئیشایا، 6ئیشایاش پێی گوتن: «بە گەورەکەتان بڵێن: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەو قسانە مەترسە کە گوێت لێیان بوو، کە خزمەتکارەکانی پاشای ئاشور کفریان بەرامبەر بە من کرد. 7گوێ بگرە! من وای لێ دەکەم هەواڵێک ببیستێت و بگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، لەوێش بە شمشێر لەناوی دەبەم.“»

8کاتێک فەرماندەی ناوچەکە بیستییەوە کە پاشای ئاشور لاخیشی بەجێهێشتووە، کشایەوە، بینی پاشای ئاشور لە دژی لیڤنا دەجەنگێت.

9سەنحێریب دەربارەی تیرهاقای پاشای کوش19‏:9 ناوچەیەکە لە سەرووی ڕووباری نیل.‏ هەواڵی پێگەیشت کە لە میسرەوە لە دژی ئەو سوپای جوڵاندووە. ئیتر دیسان نێردراوی بۆ لای حەزقیا نارد و گوتی: 10«بە حەزقیای پاشای یەهودا بڵێن: ڕێگا مەدە خوداوەندەکەت ئەوەی کە پشتت پێی بەستووە فریوت بدات بەوەی کە دەڵێت: ”ئۆرشەلیم ناکەوێتە دەست پاشای ئاشور.“ 11بە دڵنیاییەوە تۆ خۆت بیستووتە کە پاشاکانی ئاشور چییان بە هەموو خاکەکان کردووە، بە تەواوی لەناویانبردوون. ئایا تۆ دەرباز دەبیت؟ 12ئایا خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانە فریای ئەوان کەوتن، ئەو نەتەوانەی باوباپیرانم لەناویانبردن، خوداوەندەکانی گۆزان و حەڕان و ڕەچەف و نەوەی عەدەن ئەوەی لە تێل‌ئەسار بوو؟ 13کوان پاشای حەمات و پاشای ئەرپاد و پاشای شارەکانی سفەرڤەیم، هێنەع و عیڤا؟»

نوێژی حەزقیا

14حەزقیا نامەکەی لە دەستی نێردراوەکان وەرگرت و خوێندییەوە. ئینجا سەرکەوت بۆ پەرستگای یەزدان، لەبەردەم یەزدان ڕایخست. 15حەزقیا نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ لەسەر تەخت لەنێوان کەڕوبەکان دانیشتوویت،19‏:15 لەنێوان کەڕوبەکان: جووتێک پەیکەری بوونەوەری ئاسمانی باڵدارە، لە شێوەی ئاژەڵ و مرۆڤدایە، بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی پەیمان دانرابوو، بڕوانە دەرچوون 25‏:22 و عیبرانییەکان 9‏:5.‏ تۆ بە تەنها خودای هەموو شانشینەکانی زەویت، تۆ ئاسمان و زەویت دروستکرد. 16ئەی یەزدان، گوێ شل بکە و ببیستە، ئەی یەزدان، چاوەکانت بکەرەوە و ببینە، گوێ لە پەیامەکەی سەنحێریب بگرە کە ناردوونی، هەتا سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات.

17«ئەی یەزدان، ئەوە ڕاستە کە پاشاکانی ئاشور ئەم نەتەوانە و خاکەکانیان وێران کردووە. 18خوداوەندەکانیشیان لێ فڕێدانە ناو ئاگرەوە و لەناویانبردن، چونکە ئەوانە خودا نەبوون، بەڵکو تەنها دار و بەرد و دەستکردی مرۆڤ بوون. 19ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، لە دەستی ئەو ڕزگارمان بکە، تاکو هەموو شانشینەکانی زەوی بزانن کە بە تەنها تۆ، ئەی یەزدان، خودایت.»

پێشبینی ڕووخانی پاشایەتی سەنحێریب

20ئینجا ئیشایای کوڕی ئامۆچ ناردی بۆ لای حەزقیا و گوتی: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: گوێم لە نوێژەکەت بوو سەبارەت بە سەنحێریبی پاشای ئاشور. 21ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان لەسەر ئەو فەرموویەتی:

«”سییۆنی کچە19‏:21 دەربڕینێکی خوازەیە بۆ پایتەخت، مەبەست لە هەموو دانیشتووانی شارەکەیە.‏ پاکیزە19‏:21 پاکیزە: مەبەست لە وڵاتێکە کە داگیر نەکراوە.‏

بێزت لێ دەکاتەوە و گاڵتەت پێ دەکات.

ئۆرشەلیمی کچ،

کە تۆ هەڵدێیت پێت پێدەکەنێت.

22سووکایەتی و کفرت بە کێ کرد؟

دەنگت بەسەر کێدا بەرز کردەوە و

چاوەکانت بە فیزەوە هەڵدەبڕیت؟

لەسەر خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل!

23لەسەر دەستی نێردراوەکانت

سووکایەتیت بە پەروەردگار کرد.

هەروەها دەڵێیت:

’بە زۆری گالیسکەکانمەوە

من سەرکەوتمە سەر بەرزایی چیاکان،

هەتا ئەوپەڕی لوبنان.

بەرزترین دار ئورز و

باشترین دار سنەوبەرم بڕییەوە.

چوومە ئەوپەڕی سنوورەکانی،

ناو چڕی دارستانەکانی.

24من لە خاکی بێگانەکان چەندین بیرم لێدا و

ئاوم لێیان خواردەوە.

بە بنی پێیەکانم

هەموو لقەکانی نیلم کوێر کردەوە.‘

25«”ئەی گوێت لێ نەبووە؟

من لەمێژە دیاریم کردووە،

لە ڕۆژگاری کۆنەوە نەخشەم کێشاوە،

ئێستاش دەیهێنمە دی،

کە تۆ بێیت شارە قەڵابەندەکان بڕووخێنیت،

هەتا ببنە وێرانەیەک لە کەڵەکە بەرد.

26دانیشتووانەکانیان بێ دەسەڵاتن،

ڕەنگ زەرد و شەرمەزار بوون،

بوونە گیای کێڵگە،

ڕووەکی سەوز،

گژوگیای سەربان،

هەڵبزڕکاو بەر لەوەی گەشە بکات.

27«”بەڵام من هەستان و دانیشتنت و

کاتی هاتوچۆکەت دەزانم،

هەروەها هەڵچوونت لە دژی من.

28لەبەر ئەوەی هەڵچوونت لێم و

خۆبەزلزانیت گەیشتنە گوێم،

قولاپەکەم دەخەمە لووتت و

لغاوەکەم لە لێوەکانت و

بەو ڕێگایەدا دەتنێرمەوە

کە لێوەی هاتوویت.“

29«ئەی حەزقیا، ئەمەش نیشانەیە بۆ تۆ:

«ئەم ساڵ دەغڵی خۆڕسک دەخۆن،

ساڵی دووەم ئەوەی لەوەوە بەردەگرێت،

بەڵام لە ساڵی سێیەم دەکێڵن و

دەدورنەوە و مێو دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.

30ئەوانەی لە بنەماڵەی یەهودا دەرباز بوون و ماونەتەوە،

جارێکی دیکە لە ژێرەوە ڕەگ دادەکوتن و لە سەرەوەش بەر دەگرن.

31لە ئۆرشەلیمەوە پاشماوەیەک بڵاو دەبنەوە و

دەربازبووانیش لە کێوی سییۆنەوە،

دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.

32«لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی پاشای ئاشورەوە ئەمە دەفەرموێت:

«نایەتە ناو ئەم شارەوە و

تیرێکیش بۆ ئەوێ ناهاوێژێت.

بە قەڵغانیشەوە لێی نایەتە پێشەوە و

سەنگەریشی لێ ناگرێت.

33نایەتە ناو ئەم شارەوە،

بەو ڕێگایەدا دەگەڕێتەوە کە پێیدا هاتووە.

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

34بەرگری لەم شارە دەکەم و دەیپارێزم،

لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم.»

35ئیتر لەو شەوەدا فریشتەی یەزدان هات و سەد و هەشتا و پێنج هەزار کەسی لەناو ئۆردوگای ئاشور کوشت، بەیانی زوو کە هەستان بینییان هەموویان لاشەی مردوون. 36ئینجا سەنحێریبی پاشای ئاشور دەستی کێشایەوە و ڕۆیشت، گەڕایەوە و لە نەینەوا مایەوە.

37لەدوای ئەوە، کاتێک سەنحێریب لە پەرستگای نیسرۆخی خوداوەندی کڕنۆشی بردبوو، هەردوو کوڕەکەی، ئەدرەمەلەک و سەرئەچەر، بە شمشێر لێیاندا و ڕایانکرد بۆ خاکی ئارارات. ئیتر ئێسەرحەدۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.