دووەم ساموئێل 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم ساموئێل 9:1-13

داود و مەفیبۆشەت

1داود پرسی: «ئایا کەسێک هەیە لە بنەماڵەی شاول هێشتا لە ژیاندا مابێت، بۆ ئەوەی لە پێناوی یۆناتاندا چاکەیەکی9‏:1 لە زۆر شوێنی کتێبی پیرۆزدا ئەم وشەیە بە «خۆشەویستی نەگۆڕ» وەرگێڕانی بۆ کراوە. بڕوانە دواوتار 5‏:10‏ لەگەڵدا بکەم؟»

2بەندەیەکی ماڵی شاول هەبوو ناوی چیڤا بوو، بانگیان کرد بۆ لای داود، ئیتر پاشا پێی گوت: «تۆ چیڤایت؟»

ئەویش گوتی: «بەڵێ، منی خزمەتکارتم.»

3پاشاش گوتی: «ئایا کەسێک نییە لە بنەماڵەی شاول هێشتا مابێت، بۆ ئەوەی چاکەی خودای لەگەڵدا بکەم؟»

چیڤاش بە پاشای گوت: «کوڕێکی یۆناتان هەیە کە هەردوو قاچی شەلە.»

4پاشاش پێی گوت: «لەکوێیە؟»

چیڤاش بە پاشای گوت: «لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلە لە لۆدەڤار.»

5ئینجا داودی پاشا ناردی و لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلەوە لە لۆدەڤار هێنایەوە.

6کاتێک مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول هات بۆ لای داود، بە ڕوودا کەوت و کڕنۆشی برد.

داودیش گوتی: «مەفیبۆشەت؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، لە خزمەتدام.»

7داودیش پێی گوت: «مەترسە، چونکە بە دڵنیاییەوە لە پێناوی یۆناتانی باوکت چاکەت لەگەڵدا دەکەم و هەموو زەوییەکانی شاولی باپیرت بۆ دەگەڕێنمەوە، تۆش هەمیشە لەسەر خوانەکەی من نان دەخۆیت.»

8مەفیبۆشەتیش کڕنۆشی برد و گوتی: «بەندەکەی تۆ چییە هەتا ئاوڕ لە سەگێکی تۆپیوی وەک من بدەیتەوە؟»

9ئیتر پاشا چیڤای بەندەی شاولی بانگکرد و پێی گوت: «هەموو ئەوەی هی شاول و بنەماڵەکەی بوو، بە کوڕەزای گەورەکەتم داوە. 10خۆت و کوڕ و خزمەتکارەکانت لە زەوییەکەی کار دەکەن و بەروبوومەکەی دەهێنن هەتا نان بۆ کوڕەزای گەورەکەت دابین بکرێت بۆ خواردن. مەفیبۆشەتی کوڕەزای گەورەکەشت هەمیشە لەسەر خوانەکەم نان دەخوات.» چیڤا پازدە کوڕ و بیست خزمەتکاری هەبوو.

11چیڤاش بە پاشای گوت: «بەپێی هەموو ئەوەی پاشای گەورەم فەرمان بە خزمەتکارەکەی دەکات، خزمەتکارەکەت بەو جۆرە دەکات.» ئیتر مەفیبۆشەت وەک شازادەیەک لەسەر خوانەکەی داود نانی دەخوارد.

12مەفیبۆشەت کوڕێکی بچووکی هەبوو ناوی میکا بوو. هەروەها هەموو ئەوانەی لە ماڵی چیڤادا دەژیان خزمەتکاری مەفیبۆشەت بوون. 13مەفیبۆشەت لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو، چونکە هەمیشە لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد و هەردوو قاچیشی شەل بوون.