دووەم ساموئێل 7 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم ساموئێل 7:1-29

بەڵێنی خودا بۆ داود

1پاش ئەوەی پاشا لە کۆشکەکەیدا نیشتەجێ بوو، هەروەها یەزدانیش لە هەموو دوژمنەکانی چواردەوری حەواندییەوە، 2پاشا بە ناتانی پێغەمبەری گوت: «من لێرە لە کۆشکێکی دروستکراو بە داری ئورز نیشتەجێم و سندوقی خوداش لەناو چادرێکدا نیشتەجێیە.»

3ناتانیش بە پاشای گوت: «بڕۆ هەموو ئەوەی لە دڵتدایە بیکە، چونکە یەزدانت لەگەڵە.»

4بەڵام هەر لەو شەوەدا فەرمایشتی یەزدان بۆ ناتان هات:

5«بڕۆ بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا تۆ ئەو کەسەی کە ماڵێک بۆ نیشتەجێبوونم بنیاد دەنێت؟ 6لەو ڕۆژەوەی کە نەوەی ئیسرائیلم لە میسر دەرهێناوە هەتا ئەمڕۆ لە ماڵدا نیشتەجێ نەبووم، بەڵکو هاتوچۆم لەناو چادر و نشینگەدا بووە. 7لە هەموو هاتوچۆکردنەکانم لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل، ئایا هیچ قسەیەکم کرد لەگەڵ یەکێک لە ڕابەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی فەرمانم پێکردن بۆ ئەوەی شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم بکەن، ’بۆچی ماڵێکتان لە داری ئورز بۆ دروستنەکردووم؟‘ “

8«ئێستاش ئاوا بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: من تۆم لە شوانایەتی مەڕەوە برد و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم. 9لەگەڵتدا بووم بۆ هەر شوێنێک چووبیت و هەموو دوژمنەکانی تۆم لەبەردەمت بڕیوەتەوە. ئێستا ناوێکی گەورەت بۆ دروستدەکەم وەک ناوی گەورەکان کە لەسەر زەوین. 10شوێنێکیش بۆ ئیسرائیلی گەلەکەم دیاری دەکەم و دەیچێنم و لە جێی خۆی نیشتەجێی دەکەم، ئیتر وەک پێشوو بێزار ناکرێن و خەڵکانی ناڕەوا نایانچەوسێننەوە، 11وەک ئەو سەردەمانەی ڕابەرم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەم دادەنا. منیش تۆ لە دەستی هەموو دوژمنەکانت دەحەوێنمەوە.

«”یەزدان پێت ڕادەگەیەنێت کە یەزدان خۆی ماڵەکەت جێگیر دەکات. 12کاتێک ژیانت تەواو دەبێت و دەچیتە پاڵ باوباپیرانت، من وەچەکەت دادەمەزرێنم، ئەوەی لەدوای خۆت لە پشتی تۆوە دێت، پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم. 13ئەو ماڵێک بۆ ناوی من بنیاد دەنێت و منیش بۆ هەتاهەتایە تەختی پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم. 14من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من. ئەگەر ستەم بکات، ئەوا بە گۆچانی خەڵک و لێدانی نەوەی ئادەم تەمبێی دەکەم.7‏:14 مەبەستی لەوەیە کە نەتەوەی دیکە بەسەریدا زاڵ دەکات و لەلایەن ئەوانەوە دەچەوسێنرێتەوە.‏ 15بەڵام خۆشەویستییە نەگۆڕەکەم بۆ ئەو داناماڵرێت وەک چۆن بۆ شاول داماڵرا، ئەوەی لەپێش تۆ ڕامماڵی. 16بۆ هەتاهەتایەش ماڵەکەت و پاشایەتییەکەت لەبەردەممدا ئاسوودە دەبن، هەتاهەتایە تەختەکەت جێگیر دەبێت.“»

17ئینجا ناتان بەپێی وشەکانی ئەم سروشە7‏:17 ‏فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏ قسەی لەگەڵ داود کرد.

نزای داود

18ئەوسا داودی پاشا چوو و لەبەردەم یەزدان دانیشت و گوتی:

«ئەی یەزدانی باڵادەست، من کێم و بنەماڵەکەی من کێیە کە تۆ بەم پایەیەت گەیاندووم؟ 19ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ هێشتا ئەمەت بە کەم زانی، هەر لەبەر ئەوە هاتیت بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئاییندەی ماڵی ئەم بەندەیەت بەڵێنی گەورەتر بدەیت؟ ئەی یەزدانی باڵادەست، ئایا بە گشتی لەگەڵ مرۆڤ بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەیت؟

20«ئیتر داود چی زیاتر بە تۆ بڵێت؟ ئەی یەزدانی باڵادەست، چونکە تۆ بەندەکەی خۆت دەناسیت. 21تۆ لە پێناوی بەڵێنەکەت و بە خواستی دڵی خۆت ئەم کارە گەورەیەت کردووە بۆ ئەوەی لەلای بەندەکەت بزانرێت.

22«ئەی یەزدانی باڵادەست، لەبەر ئەمە، چەند مەزنیت! کوا هاوتای تۆ؟ بێجگە لە تۆ خودایەک نییە لە هەموو ئەوەی بە گوێی خۆمان گوێمان لێبووە. 23هەروەها کێ وەک ئیسرائیلی گەلەکەی تۆیە؟ ئەم گەلە تاکە نەتەوەیەکە لە زەویدا کە خودا هات بۆ ئەوەی گەلێک بۆ خۆی بکڕێتەوە، بۆ ئەوەی ناوێک بۆ خۆی دابنێت و کاری مەزن و سامناک بکات، بە دەرکردنی نەتەوەکان و خوداوەندەکانیان لەبەردەم گەلەکەت، ئەوەی لە میسر بۆ خۆت کڕیتەوە. 24ئەی یەزدان، تۆ گەلی ئیسرائیلت جێگیر کردووە کە بۆ هەتاهەتایە ببنە گەلی خۆت و تۆش بوویتە خودایان.

25«ئەی یەزدانی پەروەردگار، ئێستاش ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە بەندەکەت و بە ماڵەکەی فەرمووت، بۆ هەتاهەتایە بیهێنە دی. هەروەک فەرمووت ئاوا بکە. 26با ناوت هەتاهەتایە مەزن بێت و بگوترێت: ”یەزدانی سوپاسالار خودای ئیسرائیلە!“ با ماڵی داودی بەندەشت لەبەردەمتدا جێگیر بێت.

27«ئەی یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، بۆ بەندەکەی خۆتت ئاشکرا کرد و فەرمووت: ”ماڵێکت بۆ بنیاد دەنێم.“ لەبەر ئەمە بەندەکەت ئازایەتی لە خۆیدا بینی ئەم نزایەت بۆ بکات. 28ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ خودایت و بەڵێنەکانت متمانەپێکراون، بەڵێنی ئەم چاکەیەت بە بەندەکەت داوە. 29ئێستاش ڕەزامەندی بفەرموو بۆ ئەوەی ماڵی بەندەکەت بەرەکەتدار بکەیت، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە لەبەردەمت بێت، ئەی یەزدانی باڵادەست چونکە تۆ فەرمووت، ئینجا با لە بەرەکەتی تۆوە بۆ هەتاهەتایە بنەماڵەی بەندەکەت بەرەکەتدار بێت.»