دووەم ساموئێل 22 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم ساموئێل 22:1-51

سروودی داود بۆ ستایشی خودا

1داود ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد. 2گوتی:

«یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە،

3خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم،

قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە،

پەناگا و حەشارگەمە، ڕزگارکەری منە،

لە ستەم ڕزگارم دەکات.

4«لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە،

لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم،

5چونکە شەپۆلی مەرگ منی پێچایەوە،

لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم،

6پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە،

داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.

7«لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،

هاوارم بردە بەر خودام،

لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو،

گوێی لە هاوارم بوو.

8ئینجا زەوی لەرزی و هەژا،

بناغەکانی ئاسمان ڕاژەنین،

لە تووڕەیی ئەو لەرزین.

9دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە،

ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە،

وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.

10ئاسمانی شەقکرد و دابەزییە خوارەوە،

هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.

11سواری کەڕوب22‏:11 کەڕوب: بوونەوەرێکی ئاسمانی باڵدارە. بڕوانە حزقیێل 10‏:5‏.‏ بوو و فڕی،

بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.

12تاریکی کردە ڕەشماڵ لە دەوری خۆی،

هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمان.

13لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو

پشکۆ ئاگرەکان داگیرسان.

14یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی،

ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.

15تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد،

بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.

16بنی دەریا دەرکەوت،

بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون،

لە سەرزەنشتی یەزدان،

لە گەرمی هەناسەی لووتی.

17«لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت،

لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.

18لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم،

لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.

19لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم،

بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.

20منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین،

ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.

21«یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،

بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم،

22چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر،

لە خودای خۆم یاخی نەبووم.

23هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان،

لە فەرزەکانی لام نەداوە.

24لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و

خۆم لە گوناه پاراستووە.

25یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،

بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.

26«لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت،

لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،

27لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت،

بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.

28تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت،

بەڵام چاوەکانت لەسەر لووتبەرزانە، دەیانشکێنیت.

29ئەی یەزدان، تۆ چرای منیت،

یەزدان تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.

30بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم،

لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.

31«ڕێبازی خودا تەواوە،

بەڵێنی یەزدان بێگەردە،

ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.

32لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟

لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟

33خودایە ئەوەی بە هێز پاڵپشتیم دەکات،

بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.

34پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات،

لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.

35مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ،

تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.

36تۆ قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم،

هاوکاریت گەورەم دەکات.

37جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت،

تاکو پێم نەخلیسکێت.

38«دوژمنەکانم ڕاونا و وردوخاشم کردن،

هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.

39لەناوم بردن و وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە،

لەژێر پێم کەوتن.

40کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ،

وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.

41دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد،

من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.

42هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو،

هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.

43وەک تۆزی زەوی ئەوانم هاڕی،

وەک قوڕی سەر ڕێگا پێم خستە سەریان و پێشێلم کردن.

44«لە هێرشی گەلان ڕزگارت کردم،

تۆ منت بە سەرۆکی نەتەوەکان هێشتەوە.

گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن،

45بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن،

هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن.

46بێگانەکان ورە بەر دەدەن و

بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.

47«یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم!

خودای ڕزگارکەرم تاشەبەردەکەیە، پایەبەرزە!

48خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە،

گەلان ملکەچی من دەکات،

49لە چنگی دوژمنەکانم دەرمدەهێنێت.

پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم،

لە دەست پیاوێکی توندوتیژ ڕزگارت کردم.

50لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،

گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.

51«سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت،

خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت،

بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.»