دووەم ساموئێل 20 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم ساموئێل 20:1-26

یاخیبوونی شەڤەع لە دژی داود

1وا ڕێککەوت پیاوێکی گێرەشێوێن لەوێدا بوو، ناوی شەڤەعی کوڕی بیکری بوو، پیاوێکی بنیامینی بوو، فووی بە کەڕەنادا کرد و هاواری کرد:

«ئەی ئیسرائیل، هیچ نزیکایەتییەکمان لەگەڵ داود نییە،

هیچ میراتێکمان لە کوڕی یەسادا نییە!

هەرکەسە و بۆ چادرەکەی خۆی!»

2لەبەر ئەوە هەموو پیاوانی ئیسرائیل وازیان لە داود هێنا و بەدوای شەڤەعی کوڕی بیکریدا ڕۆیشتن. بەڵام پیاوانی یەهودا لە ڕووباری ئوردونەوە هەتا ئۆرشەلیم لەگەڵ پاشایاندا مانەوە.

3کاتێک داود هاتەوە بۆ کۆشکەکەی خۆی لە ئۆرشەلیم، ئەو دە کەنیزەیەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێی هێشتبوون، بردنی و لە ماڵی دەستبەسەریدا داینان و بەخێوی دەکردن، بەڵام لەگەڵیاندا پاڵ نەکەوت، بەڵکو هەتا ڕۆژی مردنیان بە تەنهایی دەستبەسەر کرابوون.

4ئینجا پاشا بە عەماسای گوت: «لە سێ ڕۆژدا پیاوانی یەهودام بۆ کۆبکەرەوە و تۆش وەرە ئێرە.» 5عەماساش بۆ کۆکردنەوەی پیاوانی یەهودا چوو، بەڵام لەو کاتە دواکەوت کە بۆی دیاری کردبوو.

6داود بە ئەبیشەی گوت: «ئێستا شەڤەعی کوڕی بیکری لە ئەبشالۆم خراپتر دەبێت بۆمان. لەبەر ئەوە تۆ خزمەتکارەکانی گەورەت ببە و دوای بکەوە، نەوەک چەند شارێکی قەڵابەند بۆ خۆی پەیدا بکات و لەبەرچاومان ون بێت.» 7ئیتر پیاوەکانی یۆئاب و کریتی و پەلەتی و هەموو پاڵەوانەکان بە فەرماندەیی ئەبیشەی بۆ ڕاونانی شەڤەعی کوڕی بیکری لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە دەرەوە.

8کاتێک لەلای بەردە گەورەکەی گبعۆن بوون، عەماسا بەرەو ڕوویان هات، یۆئابیش زرێیەکەی20‏:8 زرێ: بەڕگێکی کانزاییە کە لە کاتی شەڕ دەپۆشرێت.‏ پۆشیبوو و پشتێنێکیشی لەسەری بەستبوو، خەنجەرەکەشی لەناو کێلانەکەی20‏:8 کالانەکەی.‏ بوو، لە ناوقەدیەوە بەستبووی. ئینجا کە هاتە پێش، خەنجەرەکەی کەوتە خوارەوە.

9یۆئاب بە عەماسای گوت: «برام، چۆنی؟» جا یۆئاب بە دەستی ڕاستی ڕیشی عەماسای گرت بۆ ئەوەی ماچی بکات. 10عەماساش ئاگای لەو خەنجەرە نەبوو کە لە دەستەکەی دیکەی یۆئابدا بوو، یۆئاب خەنجەرەکەی کرد بە سکیدا و هەناوی ڕژایە سەر زەوی. پێویستی نەکرد کە جارێکی دیکە خەنجەر بکاتەوە بە سکیدا، چونکە دەستبەجێ مرد. ئینجا یۆئاب و ئەبیشەی براشی لەدوای شەڤەعی کوڕی بیکری ڕۆیشتن.

11یەکێک لە خزمەتکارەکانی یۆئاب لەلای عەماسا ڕاوەستا و گوتی: «ئەوەی یۆئابی دەوێت و ئەوەی سەر بە داودە با لەدوای یۆئابدا بێت!» 12عەماساش لە ناوەڕاستی ڕێگاکەدا لەناو خوێندا گەوزابوو، جا کاتێک خزمەتکارەکە بینی هەموو گەل ڕادەوەستن، عەماسای لەسەر ڕێگاکە گواستەوە بۆ ناو کێڵگەکە و پارچە جلێکی بەسەریدا دا، چونکە بینی هەرکەسێک بگاتە سەری ڕادەوەستێت. 13کاتێک عەماسا لە ڕێگاکە گواسترایەوە، هەموو پیاوێک دوای یۆئاب کەوت بۆ ڕاونانی شەڤەعی کوڕی بیکری.

14شەڤەعیش بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا تێپەڕی، هەتا ئابێلی بێت‌مەعکا و هەموو ناوچەی بیرییەکان، ئەوانیش هەمووان کۆبوونەوە و شوێنی کەوتن. 15ئینجا ئەو لەشکرەی کە لەگەڵ یۆئاب بوو هاتن و لە ئابێلی بێت‌مەعکادا شەڤەعییان گەمارۆ دا، سەنگەریان لە دەوری شارەکە لێدا. شارەکە گەمارۆ درا، هەموو ئەو گەلەش کە لەگەڵ یۆئاب بوون سەرگەرمی ڕووخان بوون بۆ ڕووخاندنی شووراکە، 16لەو کاتەدا ژنێکی دانا لە شارەکەوە هاواری کرد: «گوێ بگرن! گوێ بگرن! بە یۆئاب بڵێن، وەرە پێشەوە بۆ ئێرە، هەتا قسەی لەگەڵدا بکەم.» 17ئەویش چووە پێشەوە بۆ لای، ژنەکەش پرسی: «تۆ یۆئابی؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «من ئەوم.»

ژنەکە پێی گوت: «گوێ لە قسەی کارەکەرەکەت بگرە.»

ئەویش گوتی: «گوێم گرتووە.»

18ژنەکە گوتی: «پێشینان ئاوایان دەگوت: ”لە ئابێل دەپرسن،“ بەو شێوەیە کۆتاییان بە کێشەکە دەهێنا. 19ئێمە لەنێو شارەکانی ئیسرائیلدا ئاشتیخواز و دڵسۆزین، تۆش هەوڵی لەناوبردنی شارێک دەدەیت کە لە ئیسرائیلدا دایکانەیە؟ بۆچی میراتی یەزدان هەڵدەلووشیت؟»

20یۆئابیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «لە من بەدوور بێت! لە من بەدوور بێت هەڵیبلوشم و تێکی بدەم! 21شتەکە بەو شێوەیە نییە، چونکە پیاوێک لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمەوە کە ناوی شەڤەعی کوڕی بیکرییە دەستی لە داودی پاشا بەرز کردووەتەوە، بە تەنها ئەو بدەن بەدەستەوە و لە شارەکە دوور دەکەومەوە.»

ژنەکەش بە یۆئابی گوت: «سەری ئەو لە شووراکەوە بۆت هەڵدەدرێت.»

22ئینجا ئافرەتەکە بە داناییەکەی خۆی چوو بۆ لای هەموو گەل و ئەوانیش سەری شەڤەعی کوڕی بیکرییان لێکردەوە و بۆ یۆئابیان فڕێدا. ئەویش فووی بە کەڕەنادا کرد و لە شارەکە دوور کەوتنەوە، هەرکەسە و بۆ چادرەکەی. یۆئابیش گەڕایەوە بۆ ئۆرشەلیم بۆ لای پاشا.

23یۆئابیش سەرکردەی هەموو سوپای ئیسرائیل بوو؛

بەنایای کوڕی یەهۆیاداعیش فەرماندەی کریتییەکان20‏:23 بڕوانە یەکەم ساموئێل 30‏:14‏.‏ و پەلەتییەکان بوو؛

24ئەدۆنیرام سەرپەرشتیاری بێگاری بوو؛

یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛

25شێڤا خامەی نهێنی بوو؛

سادۆق و ئەبیاتاریش کاهین بوون،

26هەروەها عیرای یائیریش کاهینی داود بوو.