دووەم ساموئێل 17 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم ساموئێل 17:1-29

1ئەحیتۆفەل بە ئەبشالۆمی گوت: «پێم باشە دوازدە هەزار پیاو هەڵبژێریت و هەستیت و هەر ئەمشەو بەدوای داود بکەویت. 2کە هێشتا ماندووە و دەستی شلە بەسەریدا بدە، ئینجا بیتۆقێنە، ئیتر هەموو ئەو گەلەی لەگەڵیدان هەڵدێن. بە تەنها لە پاشا بدە، 3هەموو گەلت بۆ دەگەڕێتەوە. مەرگی ئەو پیاوەی داوای دەکەیت، واتای گەڕانەوەی هەمووانە، جا هەموو گەل لە ئاشتیدا دەبن.» 4ئەم تەگبیرەی لەلایەن ئەبشالۆم و هەموو پیرانی ئیسرائیلەوە پەسەند کرا.

5بەڵام ئەبشالۆم گوتی: «حوشەی ئەرکیش بانگ بکەن، با بزانین ئەویش چی دەڵێت.» 6ئیتر حوشەی هاتە لای، ئەبشالۆم پێی گوت: «ئەحیتۆفەل ئەم قسەیەی کردووە، ئایا بە قسەی بکەین؟ ئەگەر نا، تۆ چی دەڵێت؟»

7حوشەیش بە ئەبشالۆمی گوت: «ڕاوێژەکەی ئەم جارەی ئەحیتۆفەل باش نییە. 8تۆ باوکت و پیاوەکانی دەناسیت، پاڵەوانن، وەک دەڵەورچێک کە لە دەشتودەرە بەچکەکانی ڕاوکرابێت تووڕەن. جگە لەوەش باوکت پیاوی جەنگە و لەگەڵ لەشکر شەو بەسەرنابات. 9ئێستا ئەو لە ئەشکەوتێک یان لە شوێنێکدا خۆی شاردووەتەوە. ئەگەر لە سەرەتادا هەندێکتان لێ بکوژرێت و خەڵکی بیبیستنەوە و بڵێن، ”ئەو لەشکرەی لەگەڵ ئەبشالۆم بوو، تێکشکاوە،“ 10ئەوا تەنانەت ئەو پاڵەوانەی دڵی وەک شێر وایە دڵی دەتوێتەوە، چونکە هەموو ئیسرائیل دەزانن کە باوکت پاڵەوانە و ئەوانەی لەگەڵیدان قارەمانن.

11«لەبەر ئەوە من ئامۆژگاریت دەکەم کە هەموو ئیسرائیل لە دانەوە هەتا بیری شابەع، وەک لمی سەر دەریا لێت کۆببنەوە لە زۆریدا، بەڕێزیشت سەرکردایەتی جەنگەکە بکە. 12ئینجا بۆی دەچینە یەکێک لەو شوێنانەی کە ئەوی لێیە، وەک شەونمی سەر زەوی بەسەریدا دادەبارین. هیچ کەسیان لێ ناهێڵینەوە، نە خۆی و نە هەموو ئەو پیاوانەی لەگەڵیدان. 13ئەگەر بۆ شارێک پاشەکشەی کرد، با هەموو ئیسرائیل گوریس بۆ ئەو شارە ببەن و دیوارەکانی شارەکە بۆ ناو دۆڵەکە ڕادەکێشین بۆ ئەوەی تەنانەت بەردێکیشی لەوێ نەبینرێتەوە.»

14ئینجا ئەبشالۆم و هەموو پیاوانی ئیسرائیل گوتیان: «ئامۆژگارییەکەی حوشەی ئەرکی لە ڕاوێژەکەی ئەحیتۆفەل باشترە.» ئیتر پووچەڵکردنەوەی ڕاوێژە باشەکەی ئەحیتۆفەل بە فەرمانی یەزدان بوو، بۆ ئەوەی یەزدان بەڵا بەسەر ئەبشالۆمدا بهێنێت.

15حوشەی بە سادۆق و بە ئەبیاتاری گوت، هەردوو کاهینەکە: «ئەحیتۆفەل بەو شێوەیە ئامۆژگاری بۆ ئەبشالۆم و پیرانی ئیسرائیل کردووە، منیش بەم شێوەیە ڕاوێژم کردووە. 16ئێستاش بە پەلە بنێرن و بە داود ڕابگەیەنن و بڵێن: ”ئەمشەو لەسەر تەنکاوەکەی بەرەو چۆڵەوانی بەسەرمەبە، لە ڕووبارەکە بپەڕەوە، نەوەک پاشا و ئەو گەلەی لەگەڵیدان هەڵبلووشرێن.“»

17یۆناتان و ئەحیمەعەچ نەیاندەویست بچنە ناو شارەکە و ببینرێن، لەلای کانی ڕۆگێل چاوەڕێی کارەکەرێک بوون پەیامێکیان پێ ڕابگەیەنێت، ئەوانیش بچن و بە داودی پاشای ڕابگەیەنن. 18بەڵام گەنجێک هەردووکیانی بینی و بە ئەبشالۆمی ڕاگەیاند، لەبەر ئەوە هەردووکیان بە پەلە ڕۆیشتن و چوونە ناو ماڵی پیاوێک لە بەحوریم، بیرێک لەناو حەوشەکەیدا هەبوو، هەردووکیان شۆڕ بوونەوە ناوی. 19ژنەکەی دەمی بیرەکەی بە ڕووپۆشێک داپۆشی و دانەوێڵەی بەسەردا بڵاوکردەوە، کەس پێی نەزانی.

20ئیتر خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم هاتن بۆ لای ژنەکە بۆ ماڵەکە و گوتیان: «ئەحیمەعەچ و یۆناتان لەکوێن؟»

ژنەکەش وەڵامی دانەوە: «لە جۆگەی ئاوەکە پەڕینەوە.» جا پاش ئەوەی بەدوایاندا گەڕان و نەیاندۆزینەوە، گەڕانەوە ئۆرشەلیم.

21پاش ئەوەی خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ڕۆیشتن، ئەحیمەعەچ و یۆناتان لە بیرەکە هاتنە دەرەوە و ڕۆیشتن و بە داود پاشایان ڕاگەیاند و بە داودیان گوت: «هەستن و بە پەلە لە تەنکاوەکە بپەڕنەوە، چونکە ئەحیتۆفەل ئاوا ئامۆژگاری کردوون.» 22لەبەر ئەوە داود و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵیدا بوون هەستان و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و لە بەرەبەیاندا کەس نەمابوو لە ڕووباری ئوردون نەپەڕیبێتەوە.

23بەڵام کاتێک ئەحیتۆفەل بینی کار بە ڕاوێژەکەی نەکراوە، گوێدرێژەکەی کورتان کرد و هەستا، بەرەو ماڵەکەی لە شارەکەی خۆیدا بەڕێکەوت و وەسیەتی بۆ ماڵەکەی کرد و خۆی خنکاند و مرد، جا لە گۆڕەکەی باوکی ناشتیان.

24ئینجا داود هات بۆ مەحەنەیم و ئەبشالۆمیش خۆی و هەموو ئەو پیاوانەی ئیسرائیل کە لەگەڵیدا بوون لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕینەوە. 25ئەبشالۆم لە جیاتی یۆئاب عەماسای کردبوو بە سوپاسالار و عەماساش کوڕی پیاوێک بوو ناوی یەتەری ئیسرائیلی بوو، کە ئەبیگایلی کچی ناحاش، خوشکی چەرویا، دایکی یۆئاب خێزانی بوو. 26ئیسرائیل و ئەبشالۆم لە خاکی گلعاددا چادریان هەڵدا.

27کاتێک داود گەیشتە مەحەنەیم، شۆڤیی کوڕی ناحاش لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان و ماکیری کوڕی عەمیێل لە لۆدەڤار و بەرزیلەیی گلعادی لە ڕۆگەلیمەوە 28ڕاخەر و تەشت و قاپوقاچاغی گڵین، گەنم و جۆ و ئارد، دانەوێڵەی برژاو و پاقلە و نیسک و نۆکی برژاو، 29هەنگوین و دەڵەمە17‏:29 یان دەرەمە، قۆناغی پێش دروستبوونی پەنیر.‏ و مەڕ و پەنیری مانگایان پێشکەشی داود و ئەو گەلەی لەگەڵیدا بوون کرد هەتا بیخۆن، چونکە گوتیان: «گەل لە چۆڵەوانیدا برسی و ماندوو و تینوون.»