دووەم ساموئێل 15 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم ساموئێل 15:1-37

پیلانگێڕانی ئەبشالۆم

1لەدوای ماوەیەک ئەبشالۆم گالیسکە و ئەسپی بۆ خۆی دانا، پەنجا پیاویش لەپێشیەوە ڕایاندەکرد. 2هەروەها ئەبشالۆم بەیانییان زوو هەڵدەستا و لە قەراغ ڕێگای دەروازەی شارەکە ڕادەوەستا. هەر خاوەن کێشەیەک دەهاتە لای پاشا بۆ بڕیاردان، ئەبشالۆم بانگی دەکرد و لێی دەپرسی: «خەڵکی چ شارێکیت؟» ئەویش وەڵامی دەدایەوە: «خزمەتکارەکەت خەڵکی یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیلە.» 3ئەبشالۆمیش پێی دەگوت: «تەماشا بکە، داواکەی تۆ دروستە و ڕاستە، بەڵام کەس نییە لەلایەن پاشاوە گوێت لێ بگرێت.» 4هەروەها ئەبشالۆم دەیگوت: «ئەگەر لەم ناوچەیە من بکەنە دادوەر، ئەوا هەرکەسێک سکاڵا یان داوای هەبێت، دادوەریی بۆ دابین دەکەم.»

5هەرکەسێک دەهاتە پێشەوە بۆ ئەوەی کڕنۆشی بۆ ببات، ئەبشالۆم دەستی بۆ درێژ دەکرد، دەیگرت و ماچی دەکرد. 6ئەو ئەم کارەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا دەکرد، ئەوانەی بۆ دادوەری دەهاتنە لای پاشا. بەم شێوەیە ئەبشالۆم دڵی گەلی ئیسرائیلی بۆ خۆی ڕاکێشا.

7پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ ئەبشالۆم بە پاشای گوت: «تکایە ڕێگام بدە بچمە حەبرۆن بۆ ئەوەی نەزرەکەم15‏:7 واتا پابەندکردنی مرۆڤ خۆیەتی بە مەرجێکەوە، لە کاتێکدا کە داخوازییەک بەرز دەکاتەوە بۆ خودا و بە ئەرێ وەڵام دەدرێتەوە لەلایەن خوداوە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏.‏ بەجێبهێنم کە بۆ یەزدان نەزرم کردبوو. 8خزمەتکارەکەت لە کاتی نیشتەجێبوونی لە گەشووری خاکی ئارام، نەزری کردووە، گوتم: ”ئەگەر یەزدان بە تەواوی بمگەڕێنێتەوە ئۆرشەلیم ئەوا لە حەبرۆن یەزدان دەپەرستم.“»

9پاشاش گوتی: «بە سەلامەتی بڕۆ.» ئەویش هەستا و چوو بۆ حەبرۆن.

10ئینجا ئەبشالۆم سیخوڕی بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بڵاو کردەوە و گوتی: «ئەگەر گوێتان لە دەنگی کەڕەنا بوو، بڵێن: ”ئەبشالۆم لە حەبرۆن بووە بە پاشا.“» 11دوو سەد پیاویش لە ئۆرشەلیمەوە لەگەڵ ئەبشالۆم بەڕێکەوتن کە بانگهێشت کرابوون، بێ ئەوەی هیچ شتێک بزانن بە ساویلکەییەوە ڕۆیشتن. 12کاتێک ئەبشالۆم قوربانییەکانی پێشکەش دەکرد، ناردی بەدوای ئەحیتۆفەلی گیلۆنیی ڕاوێژکاری داود بۆ ئەوەی لە گیلۆی شارۆچکەکەی خۆیەوە بێتە ئەوێ. جا پیلانەکە بەهێزتر بوو، هەتا دەهات خەڵکەکە زیاتر شوێنی ئەبشالۆم دەکەوتن.

هەڵاتنی داود

13هەواڵدەرێک هاتە لای داود و گوتی: «هەموو پیاوانی ئیسرائیل دڵیان لەگەڵ ئەبشالۆمە.»

14داودیش بە هەموو ئەو کاربەدەستانەی گوت کە لە ئۆرشەلیم لەگەڵی بوون: «هەستن! با هەڵبێین، ئەگینا لە دەست ئەبشالۆم دەربازمان نابێت. پەلە بکەن لە ڕۆیشتن، نەوەک دەستپێشخەری بکات، پێمان بگات و خراپەمان بەسەردا بهێنێت، بە زەبری شمشێریش لە شارەکە بدات.»

15کاربەدەستانی پاشاش بە پاشایان گوت: «ئێمە ئامادەین بۆ هەر بڕیارێکی پاشای گەورەمان.»

16پاشا و هەموو ماڵەکەی بەدوایەوە هاتنە دەرەوە، پاشا دە ژنە کەنیزەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێهێشت. 17ئیتر پاشا ڕۆیشت و هەموو گەلیش لەدوای ئەو چوون، لەلای دوایین ماڵی قەراغی شار خۆیان ڕێکخستەوە. 18جا هەموو پیاوەکانی لەگەڵ کریتی و پەلەتییەکان و هەموو گەتییەکانیش کە شەش سەد پیاو بوون و لە گەتەوە بەدوایەوە هاتبوون لەپێشیەوە پەڕینەوە، لەپێش پاشا دەپەڕینەوە.

19پاشا بە ئیتتای گەتی گوت: «بۆچی تۆش لەگەڵمان دەڕۆیت؟ بگەڕێوە و لەگەڵ ئەبشالۆمی پاشادا بمێنەرەوە، چونکە تۆ بیانیت و لە نیشتیمانەکەت دوور کەوتوویتەوە. 20تۆ دوێنێ هاتوویت، ئایا من ئەمڕۆ بە ڕۆیشتنت لەگەڵماندا ئاوارەت بکەم، چونکە من خۆم نازانم بەرەو کۆی دەچم؟ بگەڕێوە و هاونیشتیمانییەکانیشت بگەڕێنەوە. با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیت پیشان بدات.»

21بەڵام ئیتتای وەڵامی پاشای دایەوە و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، بە گیانی پاشای گەورەم، پاشای گەورەم لە هەرکوێ بێت، بۆ مردن بێت یان بۆ ژیان، خزمەتکارەکەشت لەوێ دەبێت.»

22داود بە ئیتتایی گوت: «بڕۆ و بپەڕەوە.» ئینجا ئیتتای گەتی و هەموو پیاوەکانی و هەموو ئەو منداڵانەی کە لەگەڵی بوون پەڕینەوە.

23هەموو دانیشتووانی خاکەکە بە دەنگێکی بەرز دەگریان، هەموو گەل دەپەڕینەوە، پاشاش لە دۆڵی قدرۆن پەڕییەوە و هەموو گەلیش بەرەو ڕێگای چۆڵەوانی چوون.

24سادۆق و هەموو لێڤییەکانیش لەگەڵی بوون و سندوقی پەیمانی خودایان هەڵگرتبوو، ئیتر سندوقەکەی خودایان دانا و ئەبیاتار قوربانی پێشکەش دەکرد، هەتا هەموو گەل لە شارەکە هاتنە دەرەوە.

25ئینجا پاشا بە سادۆقی گوت: «سندوقی خودا بگەڕێنەوە شارەکە. ئەگەر لەبەرچاوی یەزدان پەسەند بم، ئەوا دەمگەڕێنێتەوە و ڕێگام دەدات سندوقەکە و نشینگەکەشی ببینم. 26ئەگەر یەزدانیش فەرمووی: ”من پێت دڵشاد نەبووم،“ من ئەوەتام، با خۆی چی بەلاوە باشە ئەوە بکات.»

27هەروەها پاشا بە سادۆقی کاهینی گوت: «ئایا تۆ پێشبینیکەر نیت؟ بە سەلامەتی بگەڕێوە شارەکە، خۆت و ئەحیمەعەچی کوڕت و یۆناتانی کوڕی ئەبیاتاریش، هەردوو کوڕەکانتان لەگەڵتاندا. 28تەماشا بکەن، من لە تەنکاوەکە بەرەو چۆڵەوانی ناپەڕمەوە و ئۆقرە دەگرم، هەتا پەیامێک لەلای ئێوەوە دێت و پێم ڕادەگەیەنن.» 29ئیتر سادۆق و ئەبیاتار سندوقی خودایان گەڕاندەوە ئۆرشەلیم و لەوێ مانەوە.

30بەڵام داود بە هەورازەکەی کێوی زەیتووندا سەرکەوت، سەردەکەوت و دەگریا، سەری داپۆشی بوو و بەپێی پەتی دەڕۆیشت، هەموو گەلیش کە لەگەڵی بوون هەرکەسە و سەری خۆی داپۆشی بوو، بە گریانەوە سەردەکەوتن. 31پێشتر بە داود ڕاگەیەنرابوو: «ئەحیتۆفەل لەگەڵ ئەبشالۆم لەنێو پیلانگێڕەکاندایە.» ئیتر داودیش لە یەزدان پاڕایەوە: «ئەی یەزدان، تکایە ڕاوێژی ئەحیتۆفەل بکە بە گێلایەتی.»

32کاتێک داود گەیشتە سەر لووتکەکە، شوێنی خواپەرستی، بینی وا حوشەی ئەرکی چاوەڕێی دەکات. جلەکەی دڕاوە و سەری تۆزاوییە. 33داودیش پێی گوت: «ئەگەر لەگەڵم بپەڕیتەوە بەسەرمەوە دەبیتە بار. 34بەڵام ئەگەر بگەڕێیتەوە شار و بە ئەبشالۆم بڵێیت: ”ئەی پاشا، من دەبمە خزمەتکاری تۆ، لەمێژە خزمەتکاری باوکت بوومە، ئێستاش دەبمە خزمەتکاری تۆ،“ بەوە یارمەتیم دەدەی لە پووچەڵکردنەوەی ڕاوێژی ئەحیتۆفەل. 35ئایا هەردوو کاهینەکە، سادۆق و ئەبیاتار لەوێ لەگەڵتدا نابن؟ ئەوەی لە کۆشکی پاشا دەیبیستیتەوە بە هەردوو کاهینەکە ڕابگەیەنە، سادۆق و ئەبیاتار. 36هەردوو کوڕەکەیان لەوێ لەگەڵیاندان، ئەحیمەعەچی سادۆق و یۆناتانی ئەبیاتار، هەموو ئەو شتانەی گوێتان لێی دەبێت بەواندا بۆ منی بنێرن.»

37ئینجا حوشەی هاوڕێی داود هاتە شارەکە، لەو کاتەی ئەبشالۆم دەهاتە ناو ئۆرشەلیم.