دووەم ساموئێل 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم ساموئێل 1:1-27

گەیشتنی هەواڵی مردنی شاول

1ئەوە بوو پاش مردنی شاول و گەڕانەوەی داود لە لێدانی عەمالێقییەکان، داود دوو ڕۆژ لە چیقلەگ مایەوە. 2لە ڕۆژی سێیەمدا بینی گەنجێک لە ئۆردوگاکەی شاولەوە بە جلی دڕاو و سەری تۆزاوییەوە هات، کاتێک گەیشتە لای داود کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد.

3داود لێی پرسی: «لەکوێوە هاتوویت؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە ئۆردوگای ئیسرائیلەوە دەرباز بووم.»

4داودیش پێی گوت: «ڕووداوەکە چۆن بوو؟ تکایە پێم ڕابگەیەنە.»

ئەویش گوتی:1‏:4 ئەو گەنجە هەواڵەکەی شێواندووە، بۆ ڕاستی ڕووداوەکە بڕوانە یەکەم ساموئێل بەشی 31.‏ «جەنگاوەران لە جەنگەکەدا هەڵاتن، زۆربەی جەنگاوەران کەوتن و مردن، شاول و یۆناتانی کوڕیشی مردن.»

5داودیش بەو گەنجەی گوت کە هەواڵەکەی پێی ڕاگەیاندبوو: «چۆن زانیت شاول و یۆناتانی کوڕی مردوون؟»

6گەنجەکەش پێی گوت: «وا ڕێککەوت من لە کێوی گلبۆع بووم، بینیم شاول بەسەر ڕمەکەیدا دەچەمایەوە، گالیسکە و سوارەکانیش بە توندی بەدوایەوە بوون. 7ئاوڕی لەدوای خۆی دایەوە و منی بینی، بانگی کردم، منیش گوتم: ”ئەوەتام.“

8«لێی پرسیم: ”تۆ کێیت؟“

«منیش وەڵامم دایەوە: ”من عەمالێقیم.“

9«ئینجا پێی گوتم: ”تکایە، وەرە سەرم و بمکوژە! لە سەرەمەرگدام، بەڵام هێشتا ژیانم تێدا ماوە.“

10«منیش چوومە سەری و کوشتم، چونکە زانیم پاش کەوتنەکەی ناژیێت، ئیتر تاجەکەی سەر سەری و بازنەکەی کە بە قۆڵییەوە بوو بردم و ئەوانەم بۆ لای گەورەم هێناوە.»

11داود جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی، بە هەمان شێوە هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون. 12لاوانەوە و گریان، هەتا ئێوارە بەڕۆژوو بوون، بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی و هەموو سوپای یەزدان و بنەماڵەی ئیسرائیل، چونکە بە شمشێر کەوتن.

13ئیتر داود بە گەنجەکەی گوت: «تۆ خەڵکی کوێیت؟»

ئەویش گوتی: «من کوڕی پیاوێکی عەمالێقی نامۆم.»

14داودیش پێی گوت: «چۆن سڵت نەکردەوە لەوەی دەستت درێژ بکەیت هەتا دەستنیشانکراوی یەزدان لەناو ببەیت؟»

15ئینجا داود یەکێک لە خزمەتکارەکانی بانگکرد و گوتی: «وەرە پێشەوە و بیکوژە!» ئەویش لێیدا و مرد. 16لەبەر ئەوەی داود پێی گوتبوو: «خوێنی خۆت لە ملی خۆتە، چونکە دەمت شایەتی لەسەر دایت و گوتت: ”من دەستنیشانکراوی یەزدانم کوشت.“»

لاواندنەوەی داود بۆ شاول و یۆناتان

17داود بەم لاوانەوەیە بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی لاواندییەوە و 18فەرمانی دا کە نەوەی یەهودا ئەم لاواندنەوەیەی کەوان فێر بن. ئەوە لە پەڕتووکی یاشاردا1‏:18 پەڕتووکی یاشار: بڕوانە یەشوع 10‏:13‏.‏ نووسراوە:

19«ئەی ئیسرائیل! ئای چۆن قارەمانان کەوتن!

شکۆمەندییەکەت لەسەر بەرزاییەکانت کوژراوە.

20«لە گەت ڕایمەگەیەنن،

لە شەقامەکانی ئەسقەلان مژدە مەدەن،

نەوەک کچانی فەلەستییەکان دڵخۆش بن،

نەوەک کچانی خەتەنەنەکراوان پێمان خۆش بن.

21«ئەی چیاکانی گلبۆع،

با شەونم و بارانتان بەسەرەوە نەبێت،

نە کێڵگەکانت پێشکەشکراوی دانەوێڵە،

چونکە لەوێ قەڵغانی پاڵەوانان گڵاو بووە،

قەڵغانەکەی شاول، بێ چەورکردنی بە ڕۆن.

22«لە خوێنی کوژراوان و

لە جەستەی پاڵەوانان

کەوانەکەی یۆناتان نەهاتەوە دواوە و

شمشێرەکەی شاولیش بە بەتاڵی نەگەڕایەوە.

23شاول و یۆناتان،

لە ژیانیاندا خۆشەویست و شیرین بوون،

لە مەرگیشدا لە یەکتر جیا نەبوونەوە.

لە هەڵۆ تیژڕەوتر و

لە شێر بەهێزتر بوون.

24«ئەی کچانی ئیسرائیل،

بۆ شاول بگریێن،

ئەوەی بەرگی سوور و نەرمی لەبەرکردن،

ئەوەی خشڵی زێڕی بە کراسەکانتانەوە کرد.

25«ئای چۆن قارەمانان لەناو جەرگەی جەنگدا کەوتن!

یۆناتان لەسەر بەرزاییەکانتدا کوژرا.

26یۆناتانی برام، دڵم بۆت گوشرا،

زۆر شیرین بوویت لەلام،

خۆشەویستی تۆ بۆ من

لە خۆشەویستی خانمان سەیرتر بوو.

27«ئای چۆن قارەمانان کەوتن!

چەکەکانی جەنگ1‏:27 چەکەکانی جەنگ مەبەستی لە شاول و یۆناتانە.‏ لەناوچوون!»