دووەم تیمۆساوس 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم تیمۆساوس 4:1-22

وشەی خودا ڕابگەیەنە

1لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح، ئەوەی لە داهاتوودا زیندووان و مردووان حوکم دەدات، لەبەر دەرکەوتنی خۆی و شانشینەکەی ڕاتدەسپێرم: 2وشەی خودا ڕابگەیەنە، ئامادە بە لە کاتی گونجاو و نەگونجاو، خەڵکی ڕاستەڕێ بکە، سەرزەنشت بکە و ورەیان بەرز بکەرەوە، بەوپەڕی پشوودرێژی و هەوڵی فێرکردن، 3چونکە کاتێک دێت خەڵک بەرگەی فێرکردنی دروست ناگرن، بەڵکو بەگوێرەی ئارەزووی تایبەتی خۆیان مامۆستا کۆدەکەنەوە تاکو ختووکەی گوێیان بدات. 4بۆ ڕاستی گوێیان دادەخەن، بۆ ئەفسانە لادەدەن. 5بەڵام تۆ، لە هەموو شتێکدا وریابە، لە ئازاردا دان بە خۆتدا بگرە، بە کاری مزگێنیدەری هەستە، خزمەتی خۆت تەواو بکە.

6سەبارەت بە من، وا وەک شەرابی پێشکەشکراو دەڕژێم4‏:6 مەبەستی نووسەر لێرەدا واتا من وا دەمرم، نەریت و باو بووە کە خواردنەوەی گرنگ وەک قوربانی ڕژێنراوە، لێڤییەکان 23‏:18‏.‏ و کاتی کۆچکردنم هاتووە. 7تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، پێشبڕکێکەم تەواو کرد و باوەڕەکەم پاراست. 8ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوە، ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ کە دادوەری ڕاستودروستە لەو ڕۆژەدا دەمداتێ، تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەشە کە پەرۆشی دەرکەوتنین.

دوا ڕاسپاردە

9کۆشش بکە زوو بێیتە لام، 10چونکە دیماس بەجێی هێشتم، ئەم جیهانەی خۆشویست و چوو بۆ سالۆنیکی، کریسکینیش بۆ گەلاتیا و تیتۆس بۆ دەلماتیا. 11بە تەنها لۆقام لەلایە. مەرقۆس لەگەڵ خۆت بهێنە، چونکە لە خزمەتکردندا سوودی بۆم هەیە. 12تیخیکۆسم ناردووە بۆ ئەفەسۆس. 13کاتێک هاتیت، ئەو کەوایە لەگەڵ خۆت بهێنە کە لە ترۆئاس لەلای کارپۆس بەجێم هێشت، تۆمارەکانیش4‏:13 پەڕتووکی نووسراو لەسەر پێست یان کاغەز و پێچراوەتەوە.‏ بهێنە، بە تایبەت دەستنووسەکان.

14ئەسکەندەری مسگەر زۆر خراپەی لەگەڵ کردم، مەسیحی خاوەن شکۆ تۆڵەی لێدەکاتەوە لەسەر کردارەکانی. 15خۆتی لێ بپارێزە، چونکە زۆر بەرهەڵستی پەیامەکەمانی کرد.

16لە بەرگری یەکەمم کەس لەگەڵم نەهات، بەڵکو هەموو بەجێیان هێشتم. خودایە، لەسەریان هەژمارد مەکە. 17بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵم وەستا و بەهێزی کردم، تاکو بە منەوە جاڕدانەکە بە تەواوی بدرێت و هەموو گەلان بیبیستن. ئیتر لە دەمی شێر دەرباز بووم. 18مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو خراپەیەک دەربازم دەکات و ڕزگارم دەکات بۆ شانشینە ئاسمانییەکەی. با هەتاهەتایە مەسیح شکۆدار بێت! ئامین.

سڵاوی کۆتایی

19سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا و خێزانی ئۆنیسیفۆرۆس بکە.

20ئەراستۆس لە کۆرنسۆس مایەوە، بەڵام تروفیمۆسم بە نەخۆشی لە میلیتۆس بەجێهێشت. 21کۆشش بکە پێش زستان بێی.

یۆبۆلۆس و پودیس و لینۆس و کڵاودیا و هەموو خوشکان و برایان سڵاوت لێدەکەن.

22مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحت بێت. با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.