دووەم تیمۆساوس 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم تیمۆساوس 2:1-26

بەشداری ئازار بکە

1بۆیە کوڕی خۆم، تۆ بەهێز بە بەو نیعمەتەی کە لە عیسای مەسیحدایە. 2ئەوەی لەبەردەم چەندین شایەتدا لە منت بیستووە، بە خەڵکی دڵسۆزی بسپێرە کە لێهاتوو بن بۆ ئەوەی خەڵکی دیکەش فێربکەن. 3وەک سەربازێکی چاک بۆ عیسای مەسیح، لەگەڵمان بەشداری لە ئازار بکە. 4هیچ سەربازێک خۆی بە کاروباری ڕۆژگارەوە خەریک ناکات تاکو فەرماندەکەی ڕازی بکات. 5ئەگەر یەکێک پێشبڕکێ بکات، خەڵات ناکرێت ئەگەر شوێن یاسای پێشبڕکێکە نەکەوێت. 6جوتیاری ڕەنجدەر دەبێ یەکەم کەس بێت بەشی خۆی لە بەرهەمەکە ببات. 7بیربکەوە لەوەی دەیڵێم، مەسیحی خاوەن شکۆ یارمەتیت دەدات لە هەموو شتێک تێبگەیت.

8یادی عیسای مەسیح بکە، کە لەنێو مردووان هەستایەوە و لە نەوەی داود بوو. ئەمە پەیامی ئینجیلەکەمە، 9کە لە پێناویدا ئازار دەچێژم و وەک تاوانبارێک کۆت و زنجیر کراوم، بەڵام وشەی خودا کۆت ناکرێت. 10بۆیە بەرگەی هەموو شتێک دەگرم لەبەر ئەوانەی خودا هەڵیبژاردن، تاکو ئەوانیش ئەو ڕزگارییە بەدەستبهێنن کە بەهۆی عیسای مەسیحەوەیە، لەگەڵ شکۆی هەتاهەتایی.

11ئەم قسەیە ڕاستە:

«ئەگەر لەگەڵیدا مردبین،

لەگەڵیشی دەژین،

12ئەگەر دانبەخۆدا بگرین،

لەگەڵیدا پاشایەتی دەکەین.

ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین،

ئەویش نکۆڵیمان لێدەکات.

13ئەگەر دڵسۆز نەبین،

ئەو هەر بە دڵسۆزی دەمێنێتەوە،

چونکە ناتوانێت نکۆڵی لە خۆی بکات.»

کارگەری وشەی ڕاست

14ئەمانەیان بیربخەوە و لە شەڕەقسە ئاگاداریان بکەوە لەبەردەم خودا، چونکە سوودی نییە، بەڵکو بیسەران دەڕووخێنێت. 15کۆشش بکە وەک کارگەرێکی بێ شەرمەزاری خۆت بسەلمێنی بۆ خودا، بە ڕێگای ڕاست وشەی ڕاستی لێک بدەیتەوە. 16خۆت لە قسەی هیچوپووچ بپارێزە، چونکە زیاتر و زیاتر مرۆڤ بەرەو خوانەناسی دەبات. 17وشەکانیان وەک لاڕەشەیە2‏:17 یۆنانی: گانگرین‏، نەخۆشییەکی کوشندەیە.‏ تەشەنە دەکات. لەوانە هیمینایۆس و فیلێتۆس، 18کە لە ڕاستی دەرچوون و دەڵێن هەستانەوە ڕوویداوە، ئیتر باوەڕی هەندێک هەڵدەگێڕنەوە. 19بەڵام بناغە توندەکەی خودا چەسپاوە، ئەم مۆرەی لەسەرە: ﴿یەزدان ئەوانەی هی خۆیەتی دەیانناسێت،﴾2‏:19 سەرژمێری 16‏:5 هەروەها «ئەوەی ناوی یەزدانی لەسەرە، با لە بەدکاری دووربکەوێتەوە.»

20بەڵام لە ماڵێکی گەورەدا تەنها قاپوقاچاغی زێڕ و زیو نییە، بەڵکو دارینە و گڵینیش هەیە کە هەندێکیان بۆ ڕێزلێنانن و هەندێکی دیکەشیان بۆ کاروباری ئاسایین. 21بۆیە ئەگەر یەکێک خۆی لەمانە پاک بکاتەوە، ئەوا دەبێتە جامێک بۆ ڕێزلێنان، پیرۆز2‏:21 تەرخانکراو‏ و سوودبەخش بۆ گەورەکەی، ئامادە بۆ هەموو کارێکی چاک.

22لە هەوەسەکانی گەنجییەتی ڕابکە، کۆشش بکە بۆ ڕاستودروستی و باوەڕ و خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵ ئەوانەی بە دڵێکی پاک لە مەسیحی باڵادەست دەپاڕێنەوە. 23لە گفتوگۆی پووچ و نەزان دووربکەوە، بزانە شەڕی لێ دەکەوێتەوە. 24بەندەی مەسیحی خاوەن شکۆ نابێت شەڕفرۆش بێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ هەمووان میهرەبان بێت، توانای فێرکردنی هەبێت، هەروەها پێویستە لە کاتی تەنگانەدا دان بەخۆیدا بگرێت. 25ئەوانەی بەربەرەکانێی دەکەن بە دڵنەرمی ڕاستیان بکاتەوە، بە هیوای ئەوەی خودا تۆبەکردنی ڕاستی ناسینیان بداتێ 26و لە داوی شەیتان هۆشیان بەخۆیاندا بێتەوە، ئەوەی بۆ ئەنجامدانی خواستی خۆی بەندی کردن.