دووەم تیمۆساوس 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم تیمۆساوس 1:1-18

1لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، بەگوێرەی بەڵێنی ژیان کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت،

2بۆ کوڕی خۆشەویستم تیمۆساوس:

با نیعمەت1‏:2 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت. و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت.

هاندان بۆ ئازارچێژتن

3سوپاسی خودا دەکەم، ئەوەی هەروەک باوباپیرانم بە ویژدانێکی پاک دەیپەرستم، کاتێک بە شەو و ڕۆژ بێ بڕانەوە لە پاڕانەوەکانمدا یادت دەکەم. 4کاتێک یادی فرمێسکەکانت دەکەمەوە، پەرۆشی بینینت دەبم تاکو پڕبم لە خۆشی. 5باوەڕی بێ دووڕوویی تۆم وەبیر دێتەوە کە یەکەم جار لە ناخی لوئیسی داپیرەت و یونیکی دایکتدا نیشتەجێ بوو، دڵنیام لە تۆشدایە.

6لەبەر ئەمە وەبیرت دەهێنمەوە ئەو بەهرەیە دابگیرسێنیت کە لەدوای ئەوەی من دەستم لەسەرت دانا خودا پێی بەخشیت، 7چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە، بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین. 8بۆیە نە لە بەرامبەر پەیامەکە سەبارەت بە مەسیحی خاوەن شکۆمان و نە بەرامبەر بە من کە لە پێناوی ئەودا بەند کراوم هەست بە شەرمەزاری مەکە، بەڵکو لەگەڵ من و بە پشتبەستن بە هێزی خودا بەشداری لەو ئازارەدا بکە کە بەهۆی مزگێنییەوە دەیچێژیت. 9خودا ڕزگاری کردین و بە بانگەوازێکی پیرۆز بانگی کردین، نەک بەگوێرەی کردارمان، بەڵکو بەگوێرەی خواست و نیعمەتی خۆی کە پێش دەستپێکی زەمانە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیحدا پێمان دراوە، 10ئێستاش ئاشکرا بوو بە دەرکەوتنی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان، ئەوەی مردنی لەناو برد و لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ژیان و نەمریی ڕووناک کردەوە. 11بۆ ئەم مزگێنییە بە مزگێنیدەر و نێردراو و مامۆستا دەستنیشان کرام. 12لەبەر ئەم هۆیەش ئەم ئازارانە دەچێژم، بەڵام شەرمی پێوە ناکەم، چونکە دەزانم باوەڕم بە کێ هێناوە، دڵنیام مەسیح دەتوانێ پارێزگاری سپاردەکەم1‏:12 مەبەستی لە ئینجیلە.‏ بکات هەتا ئەو ڕۆژە.

سپاردە چاکەکە بپارێزە

13بەدوای ئەو فێرکردنە دروستە بکەوە کە لە منت بیستووە، بیکە سەرمەشقی ژیانت، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە لە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەیە. 14سپاردە1‏:14 مەبەستی لە ئینجیلە.‏ چاکەکە بە ڕۆحی پیرۆز بپارێزە کە تیاماندا نیشتەجێیە.

15ئەمە دەزانی، هەموو ئەوانەی لە ئاسیادان وازیان لێ هێنام، لەوانە فیگەلۆس و هەرمۆگینیس.

16با مەسیحی باڵادەست بەزەیی بە خێزانی ئۆنیسیفۆرۆسدا بێتەوە، چونکە زۆر جار ورەی بەرز کردومەتەوە و شەرمی بە کۆت و زنجیرم نەبووە، 17بەڵکو کاتێک لە ڕۆما بوو، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا گەڕا و منی دۆزییەوە. 18با لە‏ ڕۆژی لێپرسینەوەدا بەهۆی مەسیحی باڵادەستەوە بەزەیی خودای باوک بەدەستبهێنێت. تۆ باش دەزانیت کە لە ئەفەسۆس بە چەندین شێوە خزمەتی کردم.