دواوتار 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دواوتار 9:1-29

نەک لەبەر ڕاستودروستی ئیسرائیل

1ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، ئەمڕۆ ئێوە خەریکن لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوەوە و گەلەکانی ناوی دەربکەن، ئەوان لە ئێوە مەزنتر و بەهێزترن، شارەکانیان گەورە و شوورادارن هەتا ئاسمان. 2نەتەوەیەکی مەزن و باڵا بەرز، نەوەی عەناق، کە بەوانتان زانیوە و بیستووتانە کە گوتراوە: «کێ لە ڕووی نەوەی عەناق دەوەستێت؟» 3جا ئەمڕۆ بزانن کە یەزدانی پەروەردگارتان لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە وەک ئاگرێکی سووتێنەر، ئەو لەبەردەمتاندا لەناویان دەبات و زەلیلیان دەکات و ئێوەش دەریاندەکەن و بە خێرایی لەناویان دەبەن، هەروەک یەزدان بەڵێنی پێدان.

4کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتاندا لایان دەبات، لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «لەبەر ڕاستودروستیمان یەزدان ئێمەی هێنایە ئێرە هەتا دەست بەسەر ئەم خاکەدا بگرین،» بەڵکو لەبەر بەدکاری ئەو گەلانەیە، یەزدان لەبەردەمتاندا دەریاندەکات. 5لەبەر ڕاستودروستی و دڵپاکیتان نییە کە دەچنە ناوەوە تاکو دەست بەسەر زەوییەکەیاندا بگرن، بەڵکو لەبەر بەدکاری ئەو گەلانەیە کە یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتان دەریاندەکات و هەتا ئەو بەڵێنەش جێبەجێ بکات کە یەزدان سوێندی لەسەر خوارد بۆ باوباپیرانتان، ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب. 6جا بزانن لەبەر ڕاستودروستیتان نییە یەزدانی پەروەردگارتان ئەو خاکە باشەتان پێدەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن، چونکە ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن.

گوێرەکە زێڕینە لەقاڵبدراوەکە

7لە یادتان بێت و لەبیری مەکەن چۆن لە دەشتودەر یەزدانی پەروەردگارتان تووڕە کرد. لەو ڕۆژەوەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە و هەتا هاتنە ئەم شوێنە ئێوە لە یەزدان یاخین. 8تەنانەت لە حۆرێڤیش یەزدانتان تووڕە کرد و جا یەزدان لێتان تووڕە بوو هەتا ڕادەیەک ئامادە بوو لەناوتان ببات. 9کاتێک بۆ کێوەکە سەرکەوتم بۆ ئەوەی دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمان کە یەزدان لەگەڵتانی بەست وەربگرم، چل شەو و چل ڕۆژ لە کێوەکە مامەوە و نانم نەخوارد و ئاوم نەخواردەوە. 10یەزدانیش دوو تەختە بەردەکەی پێدام کە بە پەنجەی خودا نووسرا بوون و هەموو ئەو ڕاسپاردانەی لەسەر بوو کە یەزدان لە کێوەکە لەناو ئاگرەوە لە ڕۆژی کۆبوونەوەکە لەگەڵتاندا پێی دوا.

11لە کۆتایی چل شەو و چل ڕۆژەکە، یەزدان دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمانی دامێ. 12پاشان یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە بە خێرایی لێرە بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت ئەوەی تۆ لە میسرەوە دەرتهێنان گەندەڵ بوون، بە زوویی لەو ڕێگایە لایاندا کە فەرمانم پێکردن، بتێکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکرد.»

13هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «ئەم گەلەم بینی، بە ڕاستی گەلێکی کەللەڕەقن، 14لێمگەڕێ لەناویان دەبەم و ناویان لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە و دەتکەمە گەلێکی بەهێزتر و زۆرتر لەوان.»

15منیش ڕووم وەرگێڕا و لە کێوەکە هاتمە خوارەوە، کێوەکە بە ئاگر گڕی گرتبوو، دوو تەختەکەی پەیمانیشم بەدەستەوە بوو. 16جا ڕوانیم ئێوە سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان گوناهتان کردبوو، بتێکی داڕێژراوتان9‏:16 بڕوانە دەرچوون 32‏.‏ لە شێوەی گوێرەکەیەک بۆ خۆتان دروستکردبوو، بە زوویی لەو ڕێگایە لاتان دابوو کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون. 17منیش دوو تەختەکەم گرت و لە دەستم فڕێمدان و لەبەرچاوتان شکاندم.

18پاشان وەک یەکەم جار چل شەو و چل ڕۆژ لەبەردەم یەزدان کەوتم و نانم نەخوارد و ئاوم نەخواردەوە لەبەر هەموو ئەو گوناهانەی ئەنجامتان داوە، بەوەی لەبەردەم یەزدان خراپەتان کرد و پەستتان کرد. 19لەو تووڕەیی و جۆشانە ترسام کە یەزدان لێتان پەست ببوو بە ڕادەیەک کە ئامادە بوو لەناوتان ببات، بەڵام یەزدان ئەو جارەش گوێی لێ گرتم. 20یەزدان لە هارونیش زۆر تووڕە بوو هەتا لەناوی ببات، جا لەو کاتەدا لە پێناوی هارونیش نزام کرد. 21هەروەها گوناهەکەتان، واتا ئەو گوێرەکەیەی کە دروستتان کردبوو، من بردم و سووتاندم و کوتام و باش هاڕیم هەتا وەک تۆز نەرم بوو، ئینجا تۆزەکەیم هەڵدایە ناو ئەو جۆگەیەی لە کێوەکەوە دێتە خوارەوە.

22هەروەها لە تەبعیرە و مەسا و قیبرۆت هەتەڤا یەزدانتان تووڕە کرد.

23کاتێکیش یەزدان لە قادێش بەرنێعەوە ئێوەی نارد، فەرمووی: «سەربکەون و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە پێم داون.» بەڵام ئێوە لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارتان یاخی بوون و بڕواتان پێی نەکرد و گوێڕایەڵی ئەو نەبوون، 24لەو ڕۆژەوەی ئێوەم ناسیوە، ئێوە لە دژی یەزدان یاخین.

25ئەو چل شەو و چل ڕۆژە لەبەردەم یەزدان کەوتم، چونکە یەزدان فەرمووبووی لەناوتان دەبات. 26نوێژم بۆ یەزدان کرد و گوتم، «ئەی یەزدانی باڵادەست، گەلەکەت و میراتەکەت لەناو مەبە کە بە توانای خۆت کڕیتەوە، ئەوەی بە دەستێکی بەهێز لە میسر دەرتهێنا. 27خزمەتکارەکانت بەبیر بێتەوە، ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، ئاوڕ لە کەللەڕەقی ئەم گەلە مەدەوە یان لە بەدکارییەکەیان یان لە گوناهەکەیان، 28نەوەک خەڵکی ئەو وڵاتەی لێت دەرهێناین بڵێت: ”لەبەر ئەوەی یەزدان نەیتوانی بیانباتە ناو ئەو خاکەی کە بەڵێنی پێدابوون و لەبەر ئەوەی ڕقی لێیان بوو، دەریهێنان هەتا لە چۆڵەوانیدا بیانمرێنێت.“ 29بەڵام ئەوان گەلی تۆن و میراتی تۆن کە بە توانا مەزنەکەت و دەستە بەهێزەکەت دەرتهێنان.»