دواوتار 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دواوتار 5:1-33

دە ڕاسپاردەکە

1موسا هەموو ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن:

ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێ لەو فەرز و یاسایانە بگرن کە ئەمڕۆ دەیخوێنمەوە و گوێتان لێیە و فێری بن و ئاگاداربن هەتا کاری پێ بکەن. 2یەزدانی پەروەردگارمان پەیمانێکی لە حۆرێڤ لەگەڵ بەستین، 3ئەو پەیمانەی لەگەڵ باوباپیرانمان نەبەست، بەڵکو لەگەڵ ئێمە کە ئەمڕۆ لێرەین و هەموومان زیندووین. 4یەزدان ڕووبەڕوو لە کێوەکە لەنێو ئاگرەوە لەگەڵتاندا دوا، 5لەو کاتەدا من لەنێوان یەزدان و ئێوەدا ڕاوەستا بووم هەتا فەرمایشتی یەزدانتان پێ ڕابگەیەنم، چونکە لەبەر ئاگرەکە ترسان و سەرنەکەوتن بۆ کێوەکە.

فەرمووی:

6«من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.

7«هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.

8پەیکەر5‏:8 تاشینی پەیکەر، بە مەبەستی پەرستن وەک بت، بڕوانە بەشی 7‏:5، 25.‏ بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. 9کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم، سزای گوناهی باوکان لەسەر نەوەکانیشان جێبەجێ دەکەم هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم، 10بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.

11ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆپاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.

12ڕۆژی شەممە5‏:12 بڕوانە دەرچوون 16‏:23‏.‏ بپارێزن، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن. 13شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن، 14بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن، خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژ و هەر ئاژەڵێکتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، بۆ ئەوەی خزمەتکار و کارەکەرەکەشتان وەک ئێوە بحەسێنەوە. 15لە یادتان بێت کە ئێوەش کۆیلە بوون لە خاکی میسر و یەزدانی پەروەردگارتان بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان، لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن ڕۆژی شەممە بپارێزن.

16ڕێزی دایک و باوکتان بگرن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن و چاکە بێتە ڕێتان لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.

17مەکوژن5‏:17 مەکوژن: مەبەست بە ئەنقەست یان بە تووڕەیی.‏.

18داوێنپیسی مەکەن.

19دزی مەکەن.

20بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.

21چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و کێڵگە و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»

22یەزدان بەم ڕاسپاردانە لەگەڵ هەموو کۆمەڵەکەتاندا دوا، لە کێوەکە لەناو ئاگر و هەور و تاریکی چڕ و دەنگێکی بەزر، هیچی زیاد نەکرد و لەسەر دوو تەختەی بەرد نووسی و پێیدام.

23کاتێک گوێتان لە دەنگەکە بوو لەناو تاریکییەوە و کێوەکە بە ئاگر گڕی گرتبوو، هەموو سەرۆک هۆزەکانتان و پیرەکانتان هاتن بۆ لام. لێم هاتنە پێش و 24گوتتان، «ئەوەتا یەزدانی پەروەردگارمان شکۆمەندی و مەزنی خۆی پیشان داین و گوێمان لە دەنگی بوو لەناو ئاگرەوە، ئەمڕۆ بینیمان خودا لەگەڵ مرۆڤ دەدوێت و مرۆڤەکەش دەژیێت، 25بەڵام ئێستا بۆچی بمرین؟ ئەو ئاگرە مەزنە دەمانخوات. ئەگەر لەوە زیاتر گوێمان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارمان بوو ئەوا دەمرین، 26چونکە کێ وەک ئێمە لە هەموو ئادەمیزاد گوێی لە دەنگی خودای زیندوو بووە لەناو ئاگرەوە بدوێت و ژیابێت؟ 27تۆ بڕۆ پێشەوە و گوێ لە هەموو ئەوە بگرە کە یەزدانی پەروەردگارمان دەیڵێت و هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارمان پێت دەڵێت، پێمانی بڵێ، جا گوێ دەگرین و کاری پێدەکەین.»

28یەزدانیش گوێی لە قسەکانتان بوو کاتێک قسەتان لەگەڵ کردم و یەزدان پێی فەرمووم، «گوێم لە دەنگی قسەی ئەم گەلە بوو کە لەگەڵتدا دوان. لە هەموو ئەوەی گوتیان باش بوو، 29خۆزگە هەمیشە دڵیان ئاوا دەبوو هەتا لێم بترسن و هەموو فەرمانەکانم بپارێزن، تاکو بۆ هەتاهەتایە چاکە بێتە سەر ڕێگای خۆیان و کوڕەکانیان.

30«بڕۆ پێیان بڵێ: ”بگەڕێنەوە چادرەکانی خۆتان،“ 31بەڵام تۆ لێرە لەگەڵم بوەستە، باسی هەموو فەرمان و فەرز و یاساکانت بۆ دەکەم کە فێریان دەکەیت و ئەوان لەو خاکەدا پەیڕەوی دەکەن کە من پێیان دەدەم هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»

32ئیتر ئاگاداربن بۆ ئەوەی هەموو ئەوە بکەن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، بەلای ڕاست و چەپدا لامەدەن، 33هەموو ئەو ڕێگایەی یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن دەیگرنەبەر، هەتا بژین و چاکە بێتە ڕێگاتان و درێژە بە ڕۆژانتان بدەن لەو خاکەی دەستی بەسەردا دەگرن.