دواوتار 33 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دواوتار 33:1-29

موسا داوای بەرەکەت دەکات بۆ هۆزەکان

1ئەوەش ئەو بەرەکەتەیە کە موسای پیاوی خودا بۆ نەوەی ئیسرائیل33‏:1 نەوەی ئیسرائیلی: لێرەدا موسا بە ناوی وەچەکانی یاقوبەوە داوای بەرەکەت بۆ نەوەکانی ئەم هۆزانە دەکات، کە ئەم وەچانە نزیکەی 400 ساڵ لەمەوپێش لە خاکی میسردا مردبوون. بڕوانە پەیدابوون 15‏:13 و دەرچوون 1‏:1‏-7 و کردار 7‏:6.‏ داوای کرد، بەر لە مردنی، 2گوتی:

«یەزدان لە سیناوە هات و

لە سێعیرەوە بەسەریاندا هەڵهات،

لە کێوی پارانەوە درەوشایەوە و

هەزاران هەزار فریشتەی پیرۆزی لەگەڵ بوو،

لە بنارەکانی باشوورەوە.

3بێگومان ئەوە تۆی کە هەموو گەلانت خۆشدەوێت،

هەموو پیرۆزەکان لەنێو دەستی تۆدان،

ئەوان لەلای پێت کڕنۆش دەبەن،

ڕێنمایی لە تۆ وەردەگرن.

4موسا فەرمانی فێرکردنی پێداین،

میراتە بۆ کۆمەڵی یاقوب.

5لەنێو یەشوروون33‏:5 ناوی (یەشوروون) واتا (ئەو کەسەی کە سەرڕاستە)، لێرە مەبەست لە نەوەی ئیسرائیلە.‏ بوو بە پاشا،

بە کۆبوونەوەی ڕابەرەکانی گەل،

هۆزەکانی ئیسرائیل پێکەوە.

6«با نەوەی ڕەئوبێن بژیێت و نەمرێت،

با پیاوەکانی کەم نەبن.»

7سەبارەت بە نەوەی یەهودا ئەمەی گوت:

«ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی یەهودا بگرە و

بۆ لای گەلەکەی بیهێنە،

دەستەکانی بەسە بۆی،

ببە بە یارمەتیدەر لە دژی دوژمنانی!»

8سەبارەت بە نەوەی لێڤی گوتی:

«تومیم و ئوریمی33‏:8 تومیم و ئوریم: دوو بەردی گرانبەها بوون، لە کاتی بڕیاردان بۆ زانینی خواستی خودا بەکارهێنراون، بڕوانە دەرچوون 28‏:30 و یەکەم ساموئێل 23‏:9‏-12.‏ تۆ

بۆ پیاوە خۆشەویستەکەتە،

ئەوەی لە مەسا تاقیت کردەوە و

لە مێرگی مەریبا خەباتت لەگەڵدا کرد.

9ئەوەی33‏:9 مەبەست لە هۆزی لێڤییە.‏ سەبارەت بە دایک و باوکی گوتی،

”ڕەچاوم نەکردوون،“

دانی بە براکانیشیدا نەنا و

منداڵەکانیشی نەناسی،

بەڵام چاودێری فەرمایشتەکانی تۆی کرد و

پەیمانەکەی تۆی پاراست.

10نەوەی یاقوب، فێری ڕاسپاردەکانت و

نەوەی ئیسرائیلیش فێری تەوراتی تۆ دەکات،

بۆنی بخوور دەخاتە بەردەمت و

قوربانی سووتاندنی تەواو دەخاتە سەر قوربانگاکەت.

11ئەی یەزدان، توانای شارەزایی بەرەکەتدار بکە و

بە کرداری دەستی ڕازی بە،

لە کەمەری بەرهەڵستکاران و ناحەزانی بدە،

هەتا هەڵنەستنەوە.»

12سەبارەت بە نەوەی بنیامین گوتی:

«ئەو خۆشەویستی یەزدانە، بە ئاسوودەیی لەلای نیشتەجێ دەبێت،

بە درێژایی ڕۆژ داڵدەی دەدات و

یەزدان لەنێو هەردوو شانیدا نیشتەجێی دەکات.»

13سەبارەت بە نەوەی یوسف گوتی:

«با خاکەکەی لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بێت

بە شەونمی گرانبەهای ئاسمان،

بە ئاوە قەتیسکراوەکانی خوارەوە،

14بە بەهادارترین دیارییەکانی خۆر و

بەهادارترین دیارییەکانی بەروبوومی مانگ،

15بە بەهادارترین دیارییەکانی چیا دێرینەکان،

بە بەسوودترین گردە هەتاهەتاییەکان،

16بە بەهادارترین دیارییەکانی زەوی و پڕییەکەی،

لەگەڵ ڕەزامەندی نیشتەجێی ناو دەوەنەکە33‏:16 مەبەستی لە دەرکەوتنی خودایە بۆ موسا لەناو دەوەنەکە، بڕوانە دەرچوون 3‏:1‏-6.‏،

با بەسەر سەری یوسفەوە بن،

بەسەر تەپڵی سەری لە براکانی جیا کرایەوە.33‏:16 بڕوانە پەیدابوون 37‏:11‏-15؛ 44‏:14.‏

17نۆبەرەی گایەکەی شکۆمەندییە بۆی،

قۆچەکانی قۆچی گای کێوین،

بەوان قۆچ لە گەلان دەدات،

پێکەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی،

ئەوان هەزاران هەزاری ئەفرایم و

هەزارانی مەنەشەن.»

18سەبارەت بە نەوەی زەبولون گوتی:

«ئەی زەبولون بە کۆچکردنت دڵخۆش بە و

تۆش ئەی یەساخار بە چادرەکانت،

19گەلان بۆ چیا بانگ دەکەن،

لەوێ قوربانی ڕاستودروستی سەردەبڕن،

هەتا لە پڕی دەریا بمژن و

لەو گەنجینەیەی لەژێر لم شاردراوەتەوە.»

20سەبارەت بە نەوەی گاد گوتی:

«بەرەکەتدارە ئەوەی سنووری خاکی گادی فراوان کرد!

وەک شێرە مێ نیشتەجێ بوو،

قۆڵی پارچەپارچە کرد لەگەڵ تەپڵی سەر،

21باشترین خاکی بۆ خۆی دانا،

بەشی فەرماندەی بۆ خۆی هەڵگرت،

کاتێک سەرکردەکانی گەل کۆبوونەوە،

دادوەری یەزدانی جێبەجێ کرد و

حوکمەکانیشی سەبارەت بە ئیسرائیل.»

22سەبارەت بە نەوەی دان گوتی:

«دان بەچکە شێرە،

لە باشان قەڵەمباز بەرەو پێش دەدات.»

23سەبارەت بە نەوەی نەفتالی گوتی:

«ئەی نەفتالی، تێر بە لە ڕەزامەندی و

پڕ بە لە بەرەکەتی یەزدان،

دەست بەسەر ڕۆژئاوا و باشووری خاکەکەتدا بگرە.»

24سەبارەت بە نەوەی ئاشێر گوتی:

«با ئاشێر لەنێو کوڕان بەرەکەتدار بێت،

با لەلای براکانی پەسەند بێت،

با پێی بکاتە ناو زەیت،

25دەروازەکانت لە ئاسن و بڕۆنزن،

بەگوێرەی درێژی تەمەنت هێزت پێ دەبەخشێت.»

26«خودای یەشوروون هاوتای نییە،

سواری ئاسمان دەبێت بۆ یارمەتیدانت،

هەروەها هەورەکان لە شکۆی خۆیدا.

27خودای هەتاهەتایی پەناگاتە و

باڵە هەمیشەییەکانیشی لە ژێرەوە.

دوژمنی لەبەردەمت دەرکرد و

فەرمووی: ”لەناو ببە!“

28جا ئیسرائیل بە تەنها و بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت،

جێنشینی یاقوب گیروگرفتی نابێت،

لە خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ دەبێت،

ئاسمانەکەشی شەونم دەتکێنێت.

29ئەی ئیسرائیل، خۆزگەت پێ دەخوازرێت،

کێ وەک تۆیە،

گەلێکی ڕزگار بوو لەلایەن یەزدانەوە؟

قەڵغانی یارمەتی و

شمشێری شکۆمەندیتە،

جا دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن،

تۆش نزرگەکانی سەر بەرزاییان33‏:29 مەبەست لەو شوێنە بەرزانەیە کە بۆ قوربانیکردن و ڕێوڕەسمی پەرستنی بتەکان بووە، بڕوانە سەرژمێری 33‏:52‏.‏ پێشێل دەکەیت.»