دواوتار 32 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دواوتار 32:1-52

1گوێ شل بکە ئەی ئاسمان، وا قسە دەکەم،

با زەویش گوێ بگرێت لە وشەی دەمم.

2فێرکردنم وەک باران دەبارێت،

وشەم وەک شەونم دەتکێت،

وەک نمە باران بەسەر سەوزایی

وەک ڕەهێڵ بەسەر گیا.

3ناوی یەزدان ڕادەگەیەنم،

مەزنایەتی بە خودامان ببەخشن.

4خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە،

چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە،

خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاریی تێدا نییە،

ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە.

5لە ڕەفتاردا گەندەڵ بوون لە بەرامبەر ئەو

چونکە لەکەدارن، کچ و کوڕی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە،

نەوەیەکی چەوت و خوارن.

6ئایا بەم شێوەیە پاداشتی یەزدان دەدەنەوە،

ئەی گەلی گێل و نادانا؟

ئایا ئەو باوک و دروستکەرتان نییە،

ئەوەی دروستی کردن و پێکی هێنان؟

7یادی ڕۆژانی دێرین بکەنەوە،

لە ساڵانی نەوەکانی پێشوو وردبنەوە،

لە باوکتان بپرسن پێتان ڕادەگەیەنێت،

لە پیرانتان بپرسن پێتان دەڵێن.

8کاتێک خودای هەرەبەرز نەتەوەکانی بەش بەش کرد،

کاتێک نەوەی ئادەمی دابەش کرد،

سنووری بۆ گەلان دانا،

بەگوێرەی ژمارەی نەوەی ئیسرائیل.

9بەشی یەزدان گەلەکەیەتی،

یاقوب بەشی میراتەکەیەتی.

10لە خاکێکی چۆڵ دۆزییەوە،

لە چۆڵەوانییەکی ترسناک و وێراندا،

دەوری دا و بایەخی پێیدا،

وەک گلێنەی چاوی پاراستی.

11وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت،

لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات،

باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات،

لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت.

12ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد،

هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو.

13سواری بەرزاییەکانی زەوی کرد،

لە بەروبوومی دەشتودەری خوارد،

لە تاشەبەردەوە هەنگوینی دەرخوارد دا،

زەیتیش لە بەردەئەستێوە.

14دەڵەمە32‏:14 یان دەرەمە، قۆناغی پێش دروستبوونی پەنیر.‏ و شیری مەڕوماڵات،

لەگەڵ دوگی32‏:14 دوگ یان دونگ.‏ بەرخ و

بەرانی باشان و تەگە32‏:14 نێری، سابرێن.‏،

لەگەڵ چەوری ناوکی گەنم.

تۆ لە خوێنی ترێ شەرابت خواردەوە.

15یەشوروون32‏:15 یەشوروون بە واتای سەرڕاست یان دادپەروەر دێت، وەکو نازناوێک بۆ گەلی ئیسرائیل بەکارهاتووە.‏ قەڵەو بوون و جووتەیان وەشاند،

قەڵەو بوون و پڕ بوون و بە پیو32‏:15 پیو: واتا بەز، لێرە و لە ئایەتی 38.‏ داپۆشران.

ئیتر پشتیان کردە ئەو خودایەی کە دروستی کردبوون،

تاشەبەردی ڕزگارییەکەیان ڕەتکردەوە.

16ئیرەییان32‏:16 ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.‏ وروژاند بە پەرستنی خودا بێگانەکانیان و

بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد.

17بۆ بتەکان32‏:17 بتەکان: بە واتای ڕۆحە پیسەکان.‏ کە خودا نین قوربانییان سەربڕی،

چەند خودایەک نەیانناسیون،

تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون،

کە باوکانتان لێیان نەترساون.

18ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا،

ئەو خودایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد.

19جا یەزدان بینی و ڕەتی کردنەوە،

لەبەر ئەوە تووڕە بوو بەهۆی کچەکانی و کوڕەکانی.

20فەرمووی، «ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە،

سەیر دەکەم کۆتاییان چی دەبێت،

ئەوانە نەوەیەکی هەڵگەڕاوەن،

ئەو کوڕانە دەستپاکیان تێدا نییە.

21ئەوان بەوانەی خودا نین ئیرەییان وروژاندم،

بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم،

منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،

بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم.

22بە تووڕەییم ئاگرێک داگیرساوە،

گڕ دەگرێت هەتا جیهانی مردووانی ژێرەوە،

زەوی و خەرمانەکەی دەخوات،

بناغەکانی چیاکان دەسووتێنێت.

23«کارەساتیان بەسەردا کۆدەکەمەوە،

تیرەکانم لەواندا دەچەقێنم.

24کاتێک لە برسان کەوتوون،

پەکیان کەوتووە لەبەر تا و پەتای فەوتێنەر،

ددانی دڕندە دەنێرمە سەریان،

لەگەڵ ژەهری مارە خشۆکەکان.

25لە دەرەوە شمشێر جەرگیان دەسووتێنێت و

لەناو ماڵەوەشیان تۆقین،

کوڕی گەنج و پاکیزە لەناودەچن،

منداڵی شیرەخۆر لەگەڵ پیاوی پیر.

26فەرمووم: ”پەرتەوازەیان دەکەم،

یادیان لەنێو خەڵکی دەسڕمەوە.“

27بەڵام لەوە ترسام کە دوژمن پەستم بکات،

کە لەوانەیە دوژمنانیان تێنەگەن،

نەوەک بڵێن: ”خۆمان باڵادەست بووین،

یەزدان هەموو ئەمانەی نەکردووە.“»

28ئەوان نەتەوەیەکن ڕاوێژ لێ بڕاون،

کوا تێگەیشتنیش لەناویان؟

29خۆزگە دانا دەبوون و لەمە تێدەگەیشتن و

کۆتاییەکەیان لەبەرچاو دەگرت.

30چۆن یەکێک هەزار ڕاو دەنێت و

دووان دە هەزار تێکدەشکێنن،

ئەگەر تاشەبەردەکەیان32‏:30 تاشەبەردەکەیان: ڕەوانبێژی لێکچواندنە، مەبەستی یەزدانە. بڕوانە ئایەتی 4.‏ ئەوانی نەفرۆشتبێت32‏:30 نەفرۆشتبێت: مەبەستی سزادانیانە لەبەر شکاندنی پەیمانەکەیان. بڕوانە ئایەتەکانی 18 و 19.‏،

یەزدان بەدەستەوەی نەدابن.

31لەبەر ئەوەی تاشەبەردیان وەک تاشەبەردی ئێمە32‏:31 تاشەبەردی ئێمە: مەبەستی لە یەزدانە.‏ نییە،

تەنانەت دوژمنانیشمان دانی پێدا دەنێن.

32مێویان لە مێوی سەدۆمە و

ترێیان هی باخەکانی عەمۆرایە،

ترێیەکەیان ژەهرە و هێشووەکانیان تاڵن.

33شەرابەکەیان ژەهری مارەکان و

تاڵاوی ماری کۆبرا کوشندەکانە.

34«ئایا ئەمە لەلای من هەڵنەگیراوە،

لەناو گەنجینەکانم مۆری لێ نەدراوە؟

35تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم،

لە کاتێکدا پێیان دەخلیسکێت،

چونکە ڕۆژی بەڵایان نزیک بووەتەوە و

چارەنووسیان بۆیان خێرایە.»

36یەزدان ئەستۆپاکی گەلەکەی دەسەلمێنێت و

لەگەڵ خزمەتکارەکانی میهرەبان دەبێت،

کە دەبینێت هێزیان بەسەرچووە و

نە کۆیلە و نە ئازاد کەس نەماوە.

37خودا دەفەرموێت: «کوا خوداوەندەکانیان،

ئەو تاشەبەردەی پەنایان بۆ برد،

38ئەو خوداوەندانەی کە پیوی قوربانییەکانیان دەخواردن،

شەرابی خواردنەوە پێشکەشکراوەکانیان دەخواردنەوە؟

با بێن و یارمەتیتان بدەن،

با پارێزگاریتان لێ بکەن!

39«ئێستا ببینن، من، من ئەوم،

هیچ خودایەکی دیکە نییە لە پاڵم.

من دەمرێنم و دەژیێنم،

بریندار دەکەم و من چاک دەکەمەوە،

کەس نییە کەسێک لە دەستی من دەرباز بکات.

40من دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە و سوێند دەخۆم:

بە دڵنیاییەوە هەتاهەتایە من زیندووم،

41کاتێک شمشێرە درەوشاوەکەم تیژ بکەمەوە و

بۆ دادوەریکردن بە دەستەوەی بگرم،

تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە و

ناحەزانم سزا دەدەم.

42تیرەکانم بە خوێن مەست دەکەم و

شمشێرەکەم گۆشت دەخوات،

لە خوێنی کوژراوان و بەدیلگیراوان،

لە کەللەسەری ڕابەرانی دوژمن.»

43ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن،

چونکە تۆڵەی خوێنی خزمەتکارانی دەکاتەوە،

لە دوژمنانی تۆڵە دەکاتەوە،

کەفارەتی خاک و گەلەکەی خۆی دەکات.

44جا موسا خۆی و یەشوعی کوڕی نون هاتن و هەموو وشەکانی ئەم سروودەیان بۆ گەل خوێندەوە. 45کاتێک موسا لە وتارەکە تەواو بوو، بە هەموو ئەم وشانە بۆ هەموو ئیسرائیل، 46پێی گوتن: «لە دڵەوە لە هەموو ئەو وشانە وردببنەوە کە من ئەمڕۆ شایەتی پێدەدەم لەسەرتان، هەتا فەرمان بە منداڵەکانتان بکەن کە ئاگاداربن کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن. 47تەنها وشەی بێ نرخ نییە بۆتان، بەڵکو ژیانتانە، بەهۆی ئەمانەوە تەمەن درێژ دەبن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»

موسا لەسەر چیای نیبۆ دەمرێت

48یەزدانیش لە هەمان ڕۆژدا بە موسای فەرموو: 49«سەربکەوە بۆ سەر زنجیرە چیای عەڤاریم، بۆ چیای نیبۆ کە لە خاکی مۆئابە و بەرامبەر بە ئەریحایە و لەوێوە تەماشای خاکی کەنعان بکە کە من وەک موڵک بە نەوەی ئیسرائیلی دەدەم. 50لەو کێوەدا کە بۆی سەردەکەویت دەمریت و دەچیتە پاڵ گەلەکەتەوە، وەک چۆن هارونی برات لە کێوی هۆردا مرد و چووە پاڵ گەلەکەی، 51لەبەر ئەوەی ئێوە ناپاک بوون لەگەڵم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا لەلای مێرگی مەریبای قادێش لە چۆڵەوانی چن، چونکە پیرۆزی منتان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ڕانەگرت. 52لەبەر ئەوە تۆ ناچیتە ناو ئەو خاکەی کە بە گەلی ئیسرائیلی دەدەم، بەڵکو تەنها لە دوورەوە دەیبینیت.»