دواوتار 25 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دواوتار 25:1-19

1ئەگەر ناکۆکییەک هەبوو لەنێوان خەڵکی، دەبێت بیبەنە دادگا بۆ ئەوەی دادوەری لەنێوانیان بکرێت و بێتاوانەکە بێتاوان بکرێت و حوکم بەسەر تاوانبارەکەدا بدرێت. 2جا ئەگەر ڕەوا بوو لە تاوانبارەکە بدرێت، ئەوا دادوەر چۆکی پێ دادەدات و لەبەردەمی بە ژمارە بەگوێرەی تاوانەکەی قامچی لێدەدرێت. 3نابێت لە چل قامچی زیاتر بێت، نەوەک براکەت لەبەرچاوت سووک بێت، ئەگەر لێدانەکە زیاد بێت.

4لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە.

5ئەگەر چەند برایەک پێکەوە ژیان و یەکێکیان مرد و کوڕی نەبوو، ئەوا ژنەکەی نابێت بۆ پیاوێکی لە خێڵێکی دیکەی دەرەوە بێت، برای مێردەکەی دەیخوازێت و دەیکاتە ژنی خۆی و بە ئەرکی شووبرایەتی هەڵدەستێت بۆی، 6ئەو کوڕە نۆبەرەیەشی کە بۆی لەدایک دەبێت، بە ناوی برا مردووەکەی ناودەبردرێت، نەوەک ناوی لە ئیسرائیلدا بسڕێتەوە.

7ئەگەر پیاوەکە ڕازی نەبوو براژنەکەی بخوازێت، ئەوا براژنەکەی دەچێتە لای دەروازەی شارۆچکەکە بۆ لای پیران و دەڵێت: «شووبرایەکەم ڕازی نەبوو ناوێک بۆ براکەی لە ئیسرائیلدا درێژە پێبدات، نەیویست بە ئەرکی شووبرایەتی هەستێت بۆم.» 8جا پیرانی شارۆچکەکەی بانگی دەکەن و لەگەڵی دەدوێن، ئەگەر سوور بوو و گوتی، «ڕازی نیم بیخوازم،» 9ئەوا براژنەکەی لەبەرچاوی پیران لێی دەچێتە پێش و یەکێک لە پێڵاوەکانی کابرا لە پێی دادەکەنێت و تف لە دەموچاوی دەکات و ڕایدەگەیەنێت و دەڵێت: «ئاوا لە پیاوێک دەکرێت کە ماڵی براکەی بنیاد نەنێتەوە.» 10جا لە ئیسرائیل ناوی لێ دەنرێت، خێڵی پێڵاو داکەنراو.

11ئەگەر دوو پیاو لەگەڵ یەکتری کردیان بە شەڕ، ژنی یەکێکیان هات بۆ ئەوەی فریای پیاوەکەی بکەوێت لە دەست ئەوەی لێی دەدات، جا دەستی درێژکرد و گونی گرت، 12دەستی ببڕنەوە و بەزەییتان پێی نەیەتەوە.

13با لە توورەکەکەت کێشی جیاواز نەبێت، قورس و سووک. 14با لە ماڵەکەت پێوانەی جیاواز نەبێت، گەورە و بچووک. 15کێشی تەواو و ڕاستت دەبێت، پێوانەی تەواو و ڕاستت دەبێت، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بیت لەسەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەدات، 16چونکە هەر یەکێک ئەوە بکات، هەر یەکێک ساختەکاری بکات، یەزدانی پەروەردگارت قێزی لێ دەبێتەوە.

17لە یادتان بێت ئەوەی عەمالێقییەکان لە ڕێگا لە کاتی هاتنە دەرەوەتان لە میسر پێیان کردن، 18کە چۆن لە ڕێگا بەرەو ڕووتان هاتن و لە پشتتانەوە هەموو لاوازەکانی دواوەی ئێوەیان بڕییەوە، ئێوەش پەککەوتە و ماندوو بوون و ئەوانیش لە خودا نەترسان. 19جا کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی حەساندەوە لە هەموو دوژمنەکانتان کە لە چواردەورتانن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن وەک میرات، ئەوا ناوی عەمالێق لەژێر ئاسمان دەسڕنەوە، لەبیری نەکەن!