دواوتار 19 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دواوتار 19:1-21

شارەکانی پەناگا

1کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەو نەتەوانەی قڕکرد کە یەزدانی پەروەردگارتان خاکەکەیانتان دەداتێ و کاتێک دەرتانکردن و لە شار و ماڵەکانیان نیشتەجێ بوون، 2سێ شار لە ناوەڕاستی خاکەکەتان بۆ خۆتان جیا دەکەنەوە کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ هەتا دەستی بەسەردا بگرن. 3ڕێگا دروستدەکەن و ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، دەیکەن بە سێ بەشی سنووردار، تاکو ئەو کەسەی کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت.

4ئەم یاسایە بۆ ئەوەیە، ئەگەر کەسێک بەبێ ئەنقەست لە هاوڕێکەی دا کە پێشتر ناحەزی ئەو نەبووە، بۆ ئەوێ هەڵدێت، ئیتر دەژیێت. 5بۆ نموونە، یەکێک لەگەڵ هاوڕێکەی بچێتە ناو دارستان بۆ داربڕین و لە کاتی تەور وەشاندن ئاسنەکە لە داردەستەکە دەرپەڕێت و لە هاوڕێکەی بدات و بمرێت. ئەو کەسە بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵدێت و دەژیێت. 6ئەگینا خوێنگرەکە لە تووڕەییدا بەدوای تۆمەتبارکراوەکە دەکەوێت و بەهۆی دووری ڕێگاکە بۆ شاری پەناگا، لە ڕێگا پێی دەگات و دەیکوژێت، لە کاتێکدا ئەو شایانی مردن نییە، چونکە پێشتر ئەو ناحەزی هاوڕێکەی نەبووە. 7بۆیە من فەرمانتان پێدەدەم کە سێ شار بۆ خۆتان جیا بکەنەوە.

8ئەگەر یەزدانی پەروەردگارتان سنووری فراوان کردن وەک سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد و هەموو ئەو خاکەی پێدان کە بەڵێنی بە باوباپیرانتان دا بیانداتێ، 9چونکە هەموو ئەم فەرمانانەتان پاراست هەتا جێبەجێی بکەن وەک ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم، هەتا یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕۆژان ڕێگاکانی بگرنەبەر، ئەوا سێ شاری دیکەش بۆ خۆتان زیاد بکەن لەسەر ئەم سێیە. 10ئەوە بکەن بۆ ئەوەی خوێنی بێتاوانێک لەناو خاکەکەتان نەڕژێت کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، جا تاوانی خوێنڕشتنتان لەسەر دەبێت.

11بەڵام ئەگەر کەسێک ڕقی لە دراوسێکەی بێت و بۆسەی بۆ نایەوە و لێی هەستا و لێدانێکی کوشندەی لێدا و مرد و ئینجا بکوژەکە بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵات، 12ئەوا پیرانی شارۆچکەکەی خۆی دەنێرن و لەوێ دەیهێننەوە و دەیدەنە دەست خوێنگری تۆڵەسێنەر و دەکوژرێت. 13بەزەییتان پێیدا نەیەتەوە، جا تاوانی ڕشتنی خوێنە بێتاوانەکە لە ئیسرائیلدا دادەماڵی و چاکەتان بۆ دەبێت.

14سنووری بەردڕێژکراوی زەوی دراوسێکەت مەگوێزەوە کە ئەوانەی یەکەم جار دایانناوە، لەو میراتەی بەرت دەکەوێت لەو زەوییەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەدات هەتا ببیتە خاوەنی.

شایەتی

15یەک شایەت بەس نییە بۆ تاوانبارکردنی کەسێک بە ئەنجامدانی تاوانێک یان هەڵەیەک، لە هەر تاوانێک کە دەیکات. هەر تاوانێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێت.

16ئەگەر شایەتێکی درۆ دەرکەوت بۆ ئەوەی بە چەوتی شایەتی لەسەر کەسێک بدات، 17ئەوا هەردوو پیاوەکەی ناکۆکییان لەنێوانە، لەبەردەم یەزدان، لەبەردەم کاهینەکان و ئەو دادوەرانەی لەو ڕۆژانەدان ڕادەوەستن، 18جا ئەگەر دادوەران باش لێیان کۆڵییەوە و زانییان شایەتەکە شایەتێکی درۆزنە و بە درۆ شایەتی لەسەر براکەی داوە، 19ئەوا ئەوەی پێ بکەن کە دەیویست بە براکەی بکات، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن و 20ئەوانی دیکە دەبیستن و دەترسن و ئەو کارە خراپە لەنێوتاندا دووبارە ناکرێتەوە. 21بەزەییتان نەبێت، گیان بە گیان، چاو بە چاو، ددان بە ددان، دەست بە دەست، پێ بە پێ.