دواوتار 17 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دواوتار 17:1-20

1بۆ یەزدانی پەروەردگارتان گایەک یان بەرخێک سەرمەبڕن کە کەموکوڕییەک یان شتێکی خراپی تێدابێت، چونکە ئەوە قێزەونە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان.

2ئەگەر لەنێوتان، لە یەکێک لە شارۆچکەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات، پیاوێک یان ئافرەتێک بینرا کارێک دەکات کە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان خراپە و پەیمانەکەی دەشکێنێت و 3بە پێچەوانەی فەرمانی منەوە، خوداوەندی دیکە، خۆر، مانگ یان هەر یەکێک لە ئەستێرەکانی ئاسمان دەپەرستێت و کڕنۆشی بۆ دەبات، 4جا پێتان ڕاگەیەنرا و بیستتان، دەبێت ئێوە باش لێی بکۆڵنەوە. ئەگەر تاوانبارکردنەکە ڕاست بوو و بێگومان ئەو کارە قێزەونە لە ئیسرائیل کرابوو، 5ئەوا ئەو پیاوە یان ئەو ئافرەتەی ئەو بەدکارییەی کردووە، دەریبکەن بۆ لای دەروازەی شارەکەتان و بەردبارانی بکەن هەتا دەمرێت. 6ئەوەی بکوژرێت لەسەر زاری دوو شایەت یان سێ شایەت دەکوژرێت، نابێت لەسەر زاری یەک شایەت بکوژرێت. 7یەکەم جار دەستی شایەتەکانی بەسەرەوە دەبێت بۆ کوشتنی پاشان دەستی هەموو گەل، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.

دادگا

8ئەگەر داوایەکتان بەلاوە سەخت بوو لە بڕیاردان، چ لە تاوانی ڕووداوی کوشتن یان داواکاری ماف یان پەلاماردان، لە کاروباری ناکۆکی لە دادگاکانتان، ئەوا هەستن و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت. 9بڕۆنە لای کاهینە لێڤییەکان و لای ئەو دادوەرەی لەو ڕۆژانەدایە و بپرسن، جا حوکمی بڕیارەکەتان پێ ڕادەگەیەنن. 10دەبێت ئەو بڕیارەی کە پێتانی ڕادەگەیەنن جێبەجێی بکەن، لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت. ئاگاداربن لەوەی ڕێک ئەوە بکەن کە فێرتان دەکەن. 11بەپێی ئەو ڕێنماییە فێرتان دەکەن و ئەو حوکمەی پێتانی دەڵێن، وا دەکەن، لەو شتانە لامەدەن کە پێتانی ڕادەگەیەنن، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپ. 12هەرکەسێکیش کە بە لووتبەرزییەوە دەجوڵێتەوە و گوێ لەو کاهینە ناگرێت کە لەوێ ڕاوەستاوە بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستێت، یان گوێ لە دادوەرەکە ناگرێت، ئەوا دەبێت بکوژرێت و ئەو خراپەیە لە ئیسرائیلدا دابماڵرێت. 13جا هەموو گەل دەبیستن و دەترسن و لەپاش ئەوە لووتبەرزانە ناجوڵێنەوە.

پاشاکە

14کاتێک هاتنە ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ و دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون، جا ئەگەر بڵێن، «پاشایەک بۆ خۆمان دادەنێین وەک هەموو ئەو نەتەوانەی دەوروبەرمان،» 15ئەوا ئەو پاشایە بۆ خۆتان دادەنێن کە یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت، یەکێک لە براکانتان بۆ خۆتان دەکەنە پاشا، بۆتان نییە یەکێکی بێگانە دابنێن کە ئیسرائیلییەکی براتان نییە. 16بەڵام با ئەو پاشایە ئەسپ بۆ خۆی زۆر نەکات و گەل نەنێرێتەوە بۆ میسر، بۆ ئەوەی ئەسپی زۆرتر بەدەستبهێنێت، چونکە یەزدان پێی فەرموون: «نەکەن جارێکی دیکە بەو ڕێگایەدا بگەڕێنەوە.» 17هەروەها با ژن بۆ خۆی زۆر نەکات، نەوەک دڵی لابدات. با زێڕ و زیویش بۆ خۆی گەلێک زۆر نەکات.

18کاتێک لەسەر تەختی پاشایەتییەکەشی دادەنیشێت، با وێنەیەک لەم فێرکردنە لە پەڕتووکێک لەلای کاهینە لێڤییەکان بۆ خۆی بنووسێتەوە. 19جا بە درێژایی ژیانی لەلای دەبێت و لێی دەخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی فێر بێت لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بترسێت و هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە و ئەم فەرزانە بەجێبهێنێت هەتا پەیڕەویان بکات. 20نەوەک بەسەر براکانیدا لووتبەرز بێت، نەوەک لە فەرمانەکان بەلای ڕاست یان بەلای چەپدا لابدات، بۆ ئەوەی درێژە بە ماوەی پاشایەتییەکەی بدات، خۆی و نەوەکانی لەنێو ئیسرائیل.