دواوتار 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دواوتار 10:1-22

دوو تەختە وەک ئەوانەی یەکەم جار

1لەو کاتەدا یەزدان پێی فەرمووم: «دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم بۆ خۆت بتاشە و سەربکەوە سەر کێوەکە بۆ لای من، سندوقێکیش لە دار بۆ خۆت دروستبکە، 2جا لەسەر دوو تەختەکە ئەو وشانە دەنووسمەوە کە لەسەر دوو تەختەکەی یەکەم جار بوون و تۆ شکاندت و بیانخە ناو سندوقەکە.»

3منیش سندوقێکم لە داری ئەکاسیا10‏:3 داری شەتیم.‏ دروستکرد، دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم جارم تاشی و بۆ شاخەکە سەرکەوتم و دوو تەختەکەشم لە دەست بوو. 4ئەویش لەسەر دوو تەختەکە وەک نووسراوی یەکەم جاری نووسییەوە، دە ڕاسپاردەکە کە یەزدان لەگەڵتاندا پێی دوا لە کێوەکە لەناو ئاگرەوە لە ڕۆژی کۆبوونەوەکە و ئینجا پێیدام. 5ئیتر گەڕامەوە و لە کێوەکە هاتمە خوارەوە و دوو تەختە بەردەکەم لەناو سندوقەکە دانا کە دروستم کردبوو، جا هێشتا لەوێن وەک یەزدان فەرمانی پێ کردم.

6(نەوەی ئیسرائیلیش لە بیرەکانی نەوەی یەعقانەوە کۆچیان کرد بۆ مۆسێرە. لەوێ هارون مرد و هەر لەوێش نێژرا. ئیتر ئەلعازاری کوڕی لە جێی ئەو بوو بە کاهین. 7لەوێشەوە کۆچیان کرد بۆ گودگۆدە، لە گودگۆدەشەوە بۆ یۆتباتە کە خاکی جۆگە ئاوەکانە. 8لەو کاتەدا یەزدان هۆزی نەوەی لێڤی جیا کردەوە10‏:8 جیا کردەوە: بڕوانە سەرژمێری 3‏:5‏-13.‏ بۆ ئەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان هەڵبگرن و لەبەردەم یەزدان بوەستن بۆ ئەوەی خزمەتی بکەن و بە ناوی ئەوەوە داوای بەرەکەت بکەن هەتا ئەمڕۆ، 9لەبەر ئەوە لێڤییەکان لەگەڵ براکانیان بەش و میراتیان نەبوو، یەزدان میراتی ئەوانە، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵیاندا دوا.)

10منیش وەک ڕۆژانی یەکەم جار چل شەو و چل ڕۆژ لە کێوەکە مامەوە و یەزدان ئەو جارەش گوێی لێ گرتم و یەزدان نەیویست لەناوتان ببات. 11دواتر یەزدان پێی فەرمووم، «هەستە بڕۆ پێشڕەوی گەل بکە، جا دەچنە ناو ئەو خاکەی دەست بەسەریدا دەگرن کە سوێندم بۆ باوباپیرانیان خوارد بیاندەمێ.»

لە یەزدان بترسە

12ئێستاش ئەی ئیسرائیل یەزدانی پەروەردگارتان چی لێتان دەوێت، تەنها ئەوەندە کە لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن تاکو هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و خۆشتان بوێ، پڕ بە دڵ و لە ناخەوە یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، 13فەرمانەکانی یەزدان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە من ئەمڕۆ بۆ باشی خۆتان فەرمانتان پێ دەکەم.

14ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان و زەوی و هەرچی تێیدایە بۆ یەزدانی پەروەردگارتانە، 15لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان دڵی بە باوباپیرانتانەوە بەند بوو و خۆشیویستن، جا لەپاش خۆیان نەوەکەی ئەوانی هەڵبژارد کە ئێوەن، لە سەرووی هەموو گەلانەوە وەک ئەمڕۆ. 16کەواتە دڵتان خەتەنە بکەن و ئیتر کەللەڕەق مەبن، 17چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خۆی خودای خودایانە و گەورەی گەورەیانە، ئەو خودا مەزنە بە توانا بە سامەی لایەنگری ناکات و بەرتیل وەرناگرێت، 18دادپەروەری هەتیو و بێوەژن دەکات و دۆستی نامۆیە هەتا خۆراک و بەرگی بداتێ. 19جا نامۆتان خۆشبوێت، چونکە لە خاکی میسردا نامۆ بوون. 20لە یەزدانی پەروەردگارتان دەترسن، ئەو دەپەرستن و دەست بەوەوە دەگرن و بە ناوی ئەوەوە سوێند دەخۆن، 21ئەو ستایشتانە و ئەو خوداتانە کە ئەو هەموو کارە مەزن و ترسناکەی بۆ کردن کە چاوەکانتان بینییان. 22باوباپیرانتان حەفتا کەس بوون کە چوونە میسر و ئێستاش یەزدانی پەروەردگارتان لە زۆریدا وەک ئەستێرەی ئاسمانی لێکردوون.