دانیال 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دانیال 10:1-21

پیاوێک لە بینینی دانیال

1لە ساڵی سێیەمی کۆرشی پاشای فارس، پەیامێک بۆ دانیال ئاشکرا کرا، کە ناونرابوو بێلتەشەسر. پەیامێکی ڕاست بوو سەبارەت بە جەنگی گەورە. تێگەیشتنی پەیامەکە لە ڕێگەی بینینێکەوە بۆی هات.

2لەو ڕۆژانەدا، من کە دانیالم سێ هەفتەی تەواو شیوەنم گێڕا. 3هیچ خواردنێکی خۆشم نەخوارد، گۆشت و شەراب نەچووە دەممەوە، بۆنم لە خۆم نەدا هەتا سێ هەفتەکە تەواو بوو.

4لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی یەکدا کاتێک لەسەر کەناری ڕووبارە گەورەکە بووم کە دجلەیە، 5سەرم هەڵبڕی و تەماشام کرد، پیاوێک کەتانی لەبەردا بوو، پشتێنێکی زێڕی ئوفازیشی لە کەمەری بەستبوو. 6لەشی وەک زەبەرجەد، ڕووی وەک شێوەی بروسکە، چاوەکانی وەک چرای ئاگر، قۆڵ و قاچەکانی وەک بریسکەی بڕۆنزی سافکراو بوون و هەروەها دەنگیشی وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر بوو.

7من کە دانیالم، بە تەنها من بینینەکەم بۆ ئاشکرا کرا، ئەو پیاوانەی لەگەڵمدا بوون نەیانبینی، بەڵام ترسێکی گەورە لەسەریان نیشت، ڕایانکرد و خۆیان شاردەوە. 8جا من بە تەنها مامەوە و تەماشای ئەم بینینە گەورەیەم دەکرد. هێزم تێدا نەما و ڕووم ڕەنگی مردووی لێ نیشت، لە پەلوپۆ کەوتم. 9گوێم لە قسەکانی بوو، لەو کاتەش کە گوێم لێی دەگرت، چوومە ناو خەوێکی قووڵەوە، ڕووشم ڕووەو زەوی بوو.

10دەستێکم بەرکەوت و بە لەرزەوە لەسەر دەست و ئەژنۆم داینام. 11پێی گوتم: «ئەی دانیال، ئەی پیاوە خۆشەویستەکە! ئەو قسەیەی کە پێت دەڵێم لێی تێبگە و هەستە سەر پێت، چونکە من ئێستا نێردراوم بۆ لای تۆ.» کە بەم شێوەیە قسەی لەگەڵ کردم، بە لەرزەوە هەستامە سەر پێ.

12پێی گوتم: «ئەی دانیال، مەترسە. لەبەر ئەوەی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە کە مکوڕ بوویت تێبگەیت و لەبەردەم خوداکەت خۆتت زەلیل کرد، پاڕانەوەکەت بیسترا، منیش لەبەر ئەمانە هاتووم. 13سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی شانشینی فارس ماوەی بیست و یەک ڕۆژ بەرەنگارم بووەوە، ئینجا میکائیل کە یەکێک لە سەرۆک فریشتەکانە بۆ هاریکاریم هات، چونکە من لەوێ لەلای پاشای فارس دواخرابووم. 14جا هاتووم بۆ ئەوەی ئەوەت تێبگەیەنم کە لە ڕۆژی کۆتایی بەسەر گەلەکەتدا دێت، چونکە بابەتی بینینەکە ڕۆژانی داهاتووە.»

15کاتێک ئەو قسانەی لەگەڵمدا دەکرد، سەرم دانەواند و بێدەنگ بووم. 16ئینجا فریشتەکە، کە لە شێوەی مرۆڤ بوو، دەستی لە لێوەکانم دا، منیش دەمم کردەوە و قسەم کرد. بەوەم گوت کە لەبەردەممدا وەستابوو: «گەورەم، بە بینینەکە ئازارێکی زۆرم چێژت و لە پەلوپۆ کەوتم. 17ئەی گەورەم، من خزمەتکاری تۆم، چۆن قسەت لەگەڵ بکەم؟ من ئێستا هێزم لێ بڕاوە و هەناسەم تێدا نەماوە.»

18دووبارە ئەوەی لە مرۆڤ دەچوو دەستی لێم دا و هێزی هێنایەوە بەرم. 19گوتی: «مەترسە، ئەی پیاوە خۆشەویستەکە. ئاشتیت لەسەر بێت! ئازابە و بەهێزبە!»

کاتێک قسەی لەگەڵدا کردم، بەهێز بووم و گوتم: «با گەورەم قسە بکات، چونکە بەهێزت کردم.»

20ئەویش گوتی: «ئایا دەزانیت بۆچی هاتمە لات؟ ئێستاش دەگەڕێمەوە و لەگەڵ سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی فارس دەجەنگم، دوای ئەوەی من دەڕۆم سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی یۆنان دێت. 21بەڵام ئێستا ئەوەت پێ دەڵێم کە لە پەڕتووکی ڕاستیدا نووسراوە. کەس لە دژی ئەم سەرۆکانە پشتگیریم ناکات، جگە لە میکائیلی سەرۆکتان.