حەگەی 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حەگەی 2:1-23

بەڵێنی شکۆمەندی پەرستگای نوێ

1لە بیست و یەکی مانگی حەوت، فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات: 2«ئێستا قسە بکە لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین و پاشماوەی گەل، بڵێ: 3”لەوانەی کە ماونەتەوە کامەتان ئەو ماڵەی لە شکۆمەندی یەکەمیدا بینیوە؟ ئەی ئێستا ئێوە چۆن دەیبینن؟ ئایا وەک هیچ نایەتە بەرچاوتان؟“ 4یەزدان دەفەرموێت: ”بەڵام ئێستا ئەی زروبابل، بەهێزبە. ئەی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین، بەهێزبە. ئەی هەموو گەلی خاکەکە، بەهێزبن و ئیش بکەن، چونکە من لەگەڵتانم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 5”بەپێی ئەو پەیمانەی لەگەڵتاندا بەستم کاتێک لە میسرەوە هاتنە دەرەوە، ڕۆحم لەنێوتاندا ماوە. مەترسن.“

6«یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”پاش کەمێک من جارێکی دیکە ئاسمان و زەوی، دەریا و وشکانی دەهەژێنم. 7هەموو گەلان دەهەژێنم و هەموو شتە گرانبەهاکانی گەلان دێن و ئەم ماڵە پڕ لە شکۆ دەکەم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 8”زیو بۆ منە، زێڕ بۆ منە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 9”شکۆمەندی ئێستای ئەم ماڵە لە شکۆمەندی پێشتری مەزنتر دەبێت. لەم شوێنەدا ئاشتی دەبەخشم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»

بەرەکەت بۆ گەلی گڵاو

10لە بیست و چواری مانگی نۆی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ حەگەی پێغەمبەر هات و فەرمووی: 11«یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”ئێستا لە کاهینەکان بپرسە تەورات چی دەڵێت: 12ئەگەر کەسێک گۆشتی تەرخانکراوی پیرۆزی بە دامێنی کراسەکەی هەڵگرت و دامێنی بە نان یان چێشت یان شەراب یان زەیت یان هەر خواردنێک کەوت، ئایا ئەم خواردنە پیرۆز دەبێت؟“»

کاهینەکانیش وەڵامیان دایەوە گوتیان: «نەخێر.»

13ئینجا حەگەی گوتی: «ئەگەر کەسێک بە مردووێک گڵاو بووبێت، دەست لە یەکێک لەم خواردنانە بدات، ئایا ئەم خواردنە گڵاو دەبێت؟»

کاهینەکان وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «بەڵێ، گڵاو دەبێت.»

14ئینجا حەگەی وەڵامی دایەوە و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت: ”ئەم گەلە و ئەم نەتەوەیە لەبەردەمم ئاوان. هەموو کردەوەکانی دەستیان و ئەوەی لەوێ پێشکەشی دەکەن گڵاوە.

15«”ئێستاش لەمڕۆوە لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕابمێنن: پێش ئەوەی لە پەرستگای یەزدان بەردێک بخرێتە سەر بەردێک چۆن بوو. 16لەو ڕۆژانە یەکێکتان دەهاتە سەر خەرمانی گەنم بیست ڕبە ببات، تەنها دە هەبوو. دەهاتە سەر قەڕابەکە تاکو پەنجا قاپی لێ پڕ بکات، تەنها بیست هەبوو. 17بە بای گەرمەسێر و کەڕوو و تەرزە لە هەموو کردەوەکانی دەستتانم دا، بەڵام ئێوە نەگەڕانەوە لام.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 18”لەم ڕۆژە بەدواوە ڕابمێنن، لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ، لەو ڕۆژەوە کە پەرستگای یەزدان دامەزرا. لێی ڕابمێنن: 19ئایا هێشتا تۆو لە ئەمبارەکانە؟ ئەی مێو و هەنجیر و هەنار و داری زەیتوونیش هێشتا بەریان نەگرتووە؟

«”لەم ڕۆژەوە بەرەکەتدارت دەکەم.“»

زروبابل ئەنگوستیلەی یەزدانە

20دووبارە فەرمایشتی یەزدان بۆ حەگەی هاتەوە، لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ، فەرمووی: 21«قسە لەگەڵ زروبابلی فەرمانڕەوای یەهودا بکە و بڵێ: ”من ئاسمان و زەوی دەهەژێنم. 22تەختی پاشایەتییەکان وەردەگێڕم و هێزی پاشایەتی نەتەوەکان لەناودەبەم. گالیسکە و سوارەکەی وەردەگێڕم، ئەسپ و سوارەکانیان دەکوژرێن، هەریەکە بە شمشێری براکەی.“

23«یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”ئەی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی بەندەی من، لەو ڕۆژەدا دەتبەم و وەک ئەنگوستیلەت لێ دەکەم بۆ خۆم، چونکە تۆم هەڵبژارد.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»