حەبەقوق 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حەبەقوق 3:1-19

نوێژێکی حەبەقوق

1نوێژێکی حەبەقوقی پێغەمبەر. لەسەر ئاوازی «شگیانۆت»:

2ئەی یەزدان، هەواڵی تۆم بیست،

ئەی یەزدان، لە کارەکانت ترسام،

لە سەردەمی ئێمە دووبارەیان بکەوە،

با لە سەردەمی ئێمە بزانرێن،

لە تووڕەییدا بەزەیی بهێنەرەوە یادت!

3خودا لە تێمانەوە هات،

پیرۆزەکە لە کێوی پارانەوە هات.3‏:3 لە دەقی عیبری لێرە و لە ناوەڕاستی ئایەتی 9 و لە کۆتایی ئایەتی 13، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

شکۆی ئەو ئاسمانی داپۆشیوە و

ستایشی ئەو زەوی پڕکردووە.

4پڕشنگی ئەو وەک تیشکی بەرەبەیانە،

لە دەستیەوە ڕووناکی دەبارێت،

لەوێدا توانای شاردرابووەوە.

5پەتا لەپێشیەوە ڕۆیشت،

گرانەتاش لەدوای هەنگاوەکانی ئەو بوو.

6ڕاوەستا و زەوی هەژاند،

تەماشای کرد و هەموو گەلەکانی لەرزاند.

چیا دێرینەکان کوتران،

گردە لەمێژینەکان هاتنە خوارەوە،

بەڵام یەزدان جاویدانییە.

7چادرەکانی کوشانم لە تەنگوچەڵەمەدا بینی،

ڕەشماڵەکانی میدیان دەلەرزین.

8ئەی یەزدان، ئایا جۆشی تووڕەیی تۆ لە ڕووبارەکان بوو؟

ئایا لە ڕووبارەکان تووڕە بوویت؟

ئایا هەڵچوونی تۆ لە دەریا بوو،

تاکو سواری ئەسپ بیت و

گالیسکەکانت بەرەو سەرکەوتن بچن؟

9کەوانەکەی خۆتت ئامادە کرد و

داوای تیرێکی زۆرت کرد.

بە ڕووبارەکان زەویت شەقکردووە،

10چیاکان تۆیان بینی و لەرزین،

لافاوی ئاوەکان تێپەڕین،

قووڵاییەکان دەنگیان هات،

شەپۆلەکانی بەرزبوونەوە.

11خۆر و مانگ لە ئاسمان وەستان3‏:11 بڕوانە یەشوع 10‏:12‏-14.‏،

بە بریسکانەوەی تیرە هاوێژراوەکانت،

بە درەوشانەوەی ڕمە پڕشنگدارەکەت.

12بە تووڕەییەوە لەسەر زەوی گەڕایت،

بە تووڕەییەوە نەتەوەکانت وردوخاش کرد.

13بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەت هاتییە دەرەوە،

بۆ ڕزگارکردنی دەستنیشانکراوەکەت.

سەرۆکی وڵاتی بەدکارت وردوخاش کرد،

لە سەرەوە هەتا پێی ڕووتت کردەوە.

14بە تیرەکانی خۆی سەری سەرکردەکانی ئەوت کونت کرد،

کاتێک هێرشیان هێنا بۆ پەرتەوازەکردنمان،

خۆشیان ئامادە کرد

بۆ ڕاوکردنی ئەو کڵۆڵەی خۆی ماتداوە.

15بە ئەسپەکانت بەناو دەریادا ڕێگات گرتەبەر،

ئاوە زۆرەکانت هەژاند.

16بیستم و هەناوم کەوتە خوارەوە،

لەبەر دەنگەکە لێوەکانم لەرزین،

ئێسکەکانم کلۆر بوون،

چۆکم لەرزی.

لەگەڵ ئەوەشدا بە ئارامییەوە چاوەڕێی ڕۆژی تەنگانەم

بۆ ئەو نەتەوانەی هێرشیان هێنایە سەرم.

17لەگەڵ ئەوەی دار هەنجیر گوڵ ناکات و

دار مێوەکان هێشووە ترێیان نییە،

لەگەڵ ئەوەی دار زەیتوون بەر ناگرێت و

کێڵگەکان خواردن بەرهەم ناهێنن،

لەگەڵ ئەوەی مەڕ لە پشتیر3‏:17 پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ.‏ دەبڕدرێتەوە و

مانگا لەسەر ئاخوڕ نییە،

18بەڵام من بە یەزدان دڵشاد دەبم،

بە خودای ڕزگارکەرم دڵخۆش دەبم.

19یەزدانی پەروەردگار هێزی منە،

پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێدەکات،

توانام پێ دەبەخشێت بچمە سەر بەرزاییەکان.