حەبەقوق 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حەبەقوق 1:1-17

1ئەو سروشەی1‏:1 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏ کە بۆ حەبەقوقی پێغەمبەر هات.

سکاڵای حەبەقوق

2ئەی یەزدان، هەتا کەی هانات بۆ بهێنم و

تۆش گوێ ناگریت؟

هەتا کەی لە دەست ستەم هاوارت بۆ دەهێنم و

تۆش ڕزگار ناکەیت؟

3بۆ چی ناڕەواییم پیشان دەدەیت؟

بۆ چی بەرگەی خراپە دەگریت؟

وێرانکردن و ستەم لەبەردەممە،

ناکۆکی و ڕکابەری سەرهەڵدەدات.

4لەبەر ئەوە تەورات لەکارخراوە و

دادپەروەری قەد سەرکەوتوو نابێت.

خراپەکار گەمارۆی کەسی ڕاستودروستی دا،

لەبەر ئەوە دادپەروەری دەشێوێنرێت.

وەڵامی یەزدان

5«تەماشای نەتەوەکان بکەن و سەرنج بدەن،

بە تەواوی سەرسام بن،

چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێکی وا دەکەم،

ئەگەر باس بکرێت باوەڕ ناکەن.

6من بابلییەکان1‏:6 عیبری: کلدانییەکان؛ لەژێر سەرکردایەتی نەبوخودنەسری دووەم بوون.‏ هەڵدەستێنمەوە،

گەلێکی دڵڕەق و بە پەلە،

بە فراوانی زەوی ڕێگای گرتووەتەبەر،

بۆ داگیرکردنی ئەو نشینگانەی کە هی خۆی نییە.

7تۆقێنەر و ترسێنەرە،

خۆیان حوکم دادەنێن و

شکۆی خۆیان دەسەپێنن.

8ئەسپەکانیان لە پڵنگ بەتاوترن و

لە گورگی ئێواران توندوتیژترن،

سوارەکانی بە پڕتاوی

لە دوورەوە دێن،

وەک هەڵۆیەکی بە پەلە بۆ خواردن دەفڕن.

9هەموو بۆ ستەمکاری دێن،

ئاپۆرەکەیان وەک بای ڕۆژهەڵات بەرەو پێش دەچێت،

وەک لم دیل کۆدەکەنەوە.

10گاڵتە بە پاشایان دەکەن و

میران دەکەنە گاڵتەجاڕ،

بە هەموو شارێکی قەڵابەند پێدەکەنن،

خۆڵ دەکەنە گرد و دەیگرن.

11ئینجا وەک با هەڵدەکەن و دەڕۆن،

تاوانبارن، هێزی خۆیان دەپەرستن.»

دووەم سکاڵای حەبەقوق

12ئەی یەزدان، ئایا تۆ لە ئەزەلەوە نیت؟

خودای من، پیرۆزەکەم، تۆ هەرگیز نامریت.

ئەی یەزدان، بابلییەکانت بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانت دانا،

ئەی تاشەبەرد، ئەرکی سزادانت بەوان سپاردووە.

13چاوەکانت لەوە پاکترن تەماشای خراپە بکەن،

ناتوانیت بەرگەی خراپەکاری بگریت.

کەواتە بۆچی بەرگەی ناپاکەکان دەگریت؟

بۆچی بێدەنگ دەبیت کاتێک بەدکار کەسێکی لە خۆی ڕاستودروستتر قووت دەدات؟

14مرۆڤ وەک ماسی دەریا لێدەکەیت،

وەک بوونەوەری ئاوی کە فەرمانڕەوای نییە.

15دوژمنی خراپەکار بە قولاپەکەی هەمووان سەردەخات،

بە تۆڕەکەی ڕاویان دەکات،

لەناو تۆڕەکەی کۆیان دەکاتەوە،

لەبەر ئەوە شاد و دڵخۆشە.

16هەر لەبەر ئەوەش قوربانی بۆ تۆڕەکەی سەردەبڕێت و

بخووری بۆ دەسووتێنێت،

چونکە بەهۆی تۆڕەکەیەوە خۆش ڕادەبوێرێت و

خواردنەکەی چەورە.

17هەتا کەی بەردەوام دەبێ لەوەی بە تۆڕەکەی ڕاو بکات،

بە بێ بەزەیی نەتەوەکان لەناوببات؟