حزقیێل 47 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حزقیێل 47:1-23

ڕووبارێک لە پەرستگاوە دەچێتە دەرەوە

1پاشان پیاوەکە منی هێنایەوە شوێنی هاتنە ژوورەوە بۆ پەرستگاکە و بینیم ئاو لەژێر سەکۆی دەروازەی پەرستگاکەوە هەڵدەقوڵێت و بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوات، چونکە پەرستگاکە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو. ئاوەکان لەژێر لای ڕاستی پەرستگاکە لە باشووری قوربانگاکە بەرەو خوار دەڕۆیشتن. 2ئینجا لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە منی بردە دەرەوە، لە دەرەوە منی بە ڕێگاکەدا سووڕاندەوە هەتا دەروازەکەی دەرەوە لەو ڕێگایەی ڕووی بەرەو ڕۆژهەڵاتە و ئەوەتا ئاو بەلای باشووردا دەڕوات.

3کاتێک پیاوەکە بەرەو ڕۆژهەڵات چووە دەرەوە گوریسێکی پێوانەشی بە دەستەوە بوو و هەزار باڵی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکەش هەتا هەردوو قولەپێ بوو. 4دووبارە هەزار باڵی دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە تاکو هەردوو ئەژنۆ بوو. پاشان هەزاری دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە هەتا ناوقەد بوو. 5بە هەمان شێوە هەزاری دیکەی پێوا و بینیم ڕووبارێکە کە نەمتوانی بپەڕمەوە، چونکە ئاوەکە هەستابوو. ئاوی مەلەکردن بوو، ڕووبارێک بوو کە بواری پەڕینەوەی لێ نەبوو. 6لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟»

ئینجا بردمی و منی هێنایەوە کەناری ڕووبارەکە. 7کە گەڕامەوە ئەوەتا لە کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ داری زۆری لێ بوون. 8پێی فەرمووم: «ئەم ئاوە دەردەچێت بەرەو هەرێمی ڕۆژهەڵات و دادەبەزێت بۆ عەراڤا47‏:8 شیوێک بوو لە دەریاچەی جەلیلەوە هەتا دەریای مردوو.‏ و ئینجا دەچێت بۆ دەریای مردوو. کە دێتە ناو دەریاکە، ئاوی دەریای مردوو سازگار دەکات. 9بۆ هەرکوێ ڕووبارەکە بچێت، کۆمەڵی زیندەوەران لەوێ دەژین و ماسیش زۆر زۆر دەبێت، چونکە ئەم ئاوە دەڕژێتە ناو ئاوە سوێرەکان و سازگاریان دەکات و هەموو ئەوەی ڕووبارەکەی بۆ بێت دەژیێت. 10لە کانی گەدی هەتا کانی عەگلەیم ماسیگرەکان لەسەر کەنارەکانی ڕادەوەستن و چەند شوێنێک دەبێت بۆ تۆڕ هەڵدان، ماسییەکانی جۆراوجۆر دەبن وەک ماسییەکانی دەریای سپی ناوەڕاست47‏:10 دەریای سپی ناوەڕاست: عیبری دەریای مەزن، لێرە و لە ئایەتی 15و 19و 20.‏ جۆرەکانی زۆر زۆر دەبێت. 11بەڵام گۆم و زۆنگاوەکانی سازگار نابن، بە سوێری دەمێننەوە بۆ خوێگرتن. 12لەسەر کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ هەموو دارێکی میوە دەڕوێت کە بەرەکانیان دەخورێت و گەڵاکانی وشک نابن و بەری لێ نابڕێت، بەڵکو هەموو مانگێک بەری تازە دەگرێت، چونکە ئاوەکەی لە پیرۆزگاوە دەردەچێت و بەرەکەی بۆ خواردن و گەڵاکانی بۆ دەرمان دەبن.»

سنوورەکانی خاکەکە

13یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «بەپێی ئەم سنوورە خاکەکە وەک میرات دابەش دەکەن بەسەر دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل، یوسفیش دوو بەشی بەردەکەوێت، 14بۆتان دەبێت بە میرات، هەریەکە بەقەد براکەی، سوێندم خوارد بیدەمە باوباپیرانی ئێوە و ئەم خاکە دەبێتە میراتتان.

15«ئەمە سنووری خاکەکەیە:

«لەلای باکوور لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە، لە ڕێگای حەتلۆن دەروازەی حەمات تێ دەپەڕێت هەتا دەگاتە چەداد 16و بێرۆتا و سیڤرەیم کە لەنێوان سنووری دیمەشق و سنووری حەماتە و حەچەر هەتیخۆن کە لەسەر سنووری حەورانە. 17سنووریش لە دەریاوە هەتا حەچەر عێینان درێژ دەبێتەوە، بە باکووری شاری دیمەشقدا دەڕوات هەتا باشووری هەرێمی حەمات. ئەمە شێوەی سنووری باکوور دەبێت.

18لای ڕۆژهەڵاتیش لە دیمەشقەوە هەتا حەوران دەپێون، پاشان کەناری ڕووباری ئوردون کە لەنێوان گلعاد و خاکی ئیسرائیلە، هەروەها دەریای مردوو هەتا تامار. ئەمە لای ڕۆژهەڵاتە.

19لای باشووریش، سنوورەکە لە تامارەوە هەتا مێرگی مەریبای قادێش دەڕوات، پاشان بە درێژایی دۆڵی میسر هەتا دەریای سپی ناوەڕاست، ئەمەش لای باشوورە.

20لای ڕۆژئاواش، دەریای سپی ناوەڕاست لە سنوورەکەوە هەتا بەرامبەر دەروازەی حەمات، ئەمەش لای ڕۆژئاوایە.

21«ئەم زەویانە بەپێی هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ خۆتان بەش دەکەن. 22بە تیروپشک میراتەکە دابەش دەکەن بۆ خۆتان و بۆ ئەو نامۆیانەشی لەنێوتان نیشتەجێ بوون کە لەنێوتان منداڵیان دەبێت، لەناو نەوەی ئیسرائیل وەک هاوڵاتی هەژمارد دەکرێن، لەناو هۆزەکانی ئیسرائیل میراتتان لەگەڵ بەش دەکەن. 23نامۆکە لە سنووری هەر هۆزێک نیشتەجێ دەبێت، لەوێش میراتی دەدەنێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.