حزقیێل 46 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حزقیێل 46:1-24

1«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەروازەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات لە حەوشەکەی ناوەوە شەش ڕۆژی کارکردن داخراو دەبێت، تەنها لە ڕۆژی شەممە و لە سەرەمانگ دەکرێتەوە. 2میر لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکە لە دەرەوە دێتە ژوورەوە و لەلای نیرگەی دەروازەکە دەوەستێت و کاهینەکان قوربانی سووتاندنەکە و قوربانییەکانی هاوبەشی دەکەن، ئەویش لەلای بەردەرگاکە کڕنۆش دەبات و پاشان دەچێتە دەرەوە، بەڵام دەروازەکە هەتا ئێوارە داناخرێت. 3گەلی خاکەکەش لە ڕۆژانی شەممە و لە سەرەمانگەکان لەبەر دەرکی ئەم دەروازەیە لەبەردەم یەزدان کڕنۆش دەبەن. 4ئەو قوربانی سووتاندنەی میر بۆ یەزدانی پێشکەش دەکات لە ڕۆژی شەممەدا شەش بەرخی نێری ساغ و بەرانێکی ساغە، 5پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەشی یەک ئێفەیە بۆ بەرانەکە و بۆ بەرخەکانیش پێشکەشکراوی دانەوێڵە ئەوەندەی بەخشینی دەستی و یەک هەین زەیتیش بۆ ئێفەیەک. 6لە سەرەمانگانیشدا، جوانەگایەکی ساغ و شەش بەرخ و بەرانێکی ساغ پێشکەش دەکات. 7میر پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەش ئێفەیەک بۆ جوانەگاکە دابین دەکات، لەگەڵ ئێفەیەک بۆ بەرانەکە، بۆ بەرخەکانیش بەگوێرەی ئەوەی لە دەستی دێت، بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت دابین دەکات. 8کاتێک میر دێتە ژوورەوە، لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکەوە دێتە ناوەوە، هەروەها لە هەمان ڕێگاشەوە دەچێتە دەرەوە.

9«”کاتێک لە جەژنەکان گەلی خاکەکە دێنە ژوورەوە بۆ بەردەم یەزدان، ئەوەی لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە بۆ کڕنۆش بردن دێتە ژوورەوە، لە ڕێگای دەروازەی باشوورەوە دەچێتە دەرەوە؛ ئەوەی لە ڕێگای دەروازەی باشوورەوە دێتە ژوورەوە لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە دەچێتە دەرەوە. کەس بەو ڕێگایەدا ناگەڕێتەوە کە پێدا هاتە ژوورەوە، بەڵکو لە ڕێگاکەی بەرامبەرییەوە دەچێتە دەرەوە. 10گەل بە یاوەری میر دێنە ژوورەوە و هەروەها دەچنە دەرەوە. 11لە جەژن و جەژنە دیاریکراوەکان پێشکەشکراوی دانەوێڵە ئێفەیەک بۆ جوانەگا و ئێفەیەک بۆ بەران دەبێت، بۆ بەرخەکانیش هەرکەسێک بەگوێرەی توانای خۆی و بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت.

12«”ئەگەر میر بە خواستی خۆی لە پێناوی خودا بەخشینێکی ئازادی دا، قوربانی سووتاندن یان قوربانی هاوبەشی بێت، ئەوا ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە بۆی دەکرێتەوە. وەک ئەوەی لە ڕۆژانی شەممەدا دەیکات، میر قوربانی سووتاندنەکەی یان قوربانییە هاوبەشییەکانی دەکات، پاشان دەچێتە دەرەوە و لەدوای چوونەدەرەوەکەی دەروازەکە دادەخرێت.

13«”هەموو ڕۆژێک سەر لە بەیانی بەرخێکی یەک ساڵەی ساغ دەکەیتە قوربانی سووتاندن. 14هەموو بەیانییەک لەگەڵ بەرخەکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بۆ دەکەیت، شەش یەکی ئێفەیەک و زەیتەکەشی سێ یەکی هەینێک بۆ تەڕکردنی ئاردە سفرەکە، قوربانی خۆراکە بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوامە. 15هەموو بەیانییەک بە بەردەوامی بەرخەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکە دەکەنە قوربانی سووتاندن.

16«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەگەر میر دیارییەکی دایە یەکێک لە کوڕەکانی، ئەوا وەک میرات بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە، موڵکی خۆیانە بە میرات. 17بەڵام ئەگەر دیارییەکی دایە یەکێک لە کۆیلەکانی خۆی، ئەوا هەتا ساڵی ئازادکردنی بۆ کۆیلەکەی دەبێت، پاشان بۆ میرەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام میراتەکەی خۆی تەنها بۆ کوڕەکانی دەبێت. 18میر لە میراتی گەل نابات، بەوەی لە موڵکی خۆیان دەریانبکات. لە موڵکی خۆی میرات بە کوڕەکانی دەدات، بۆ ئەوەی گەلەکەم کەس لە موڵکی خۆی بێبەش نەبێت.“»

19ئینجا لەو دەرگایەی لەتەنیشت دەروازەکە بوو منی هێنایە ئەو ژوورە تەرخانکراوانەی ڕووەو باکوور کە هی کاهینەکان بوون. شوێنێکی نیشاندام لە کۆتایی ڕۆژئاوای ژوورەکان. 20پێی فەرمووم: «ئەمە ئەو شوێنەیە کە کاهینەکان تێیدا قوربانی تاوان و قوربانی گوناه دەکوڵێنن و لێرە پێشکەشکراوی دانەوێڵە دەکەن بە نان، نەوەک بیبەنە خانەکانی دەرەوە و گەل پیرۆز بکەن.»

21ئینجا بردمییە خانەکانی دەرەوە و بەسەر هەر چوار گۆشەکەی حەوشەکەدا و بینیم لە هەر گۆشەیەک چێشتخانەیەک هەبوو. 22لە هەر چوار گۆشەکەی خانەکانی دەرەوە چێشتخانە هەبوون، هەر یەکێکیان درێژییەکەی چل باڵ و پانییەکەی سی باڵ بوو. هەر چوار چێشتخانەکە لە ئەندازەدا یەکسان بوون. 23بە چواردەوری هەر چێشتخانەیەکدا لێوارێکی بەردینی هەبوو، لە دامێنی لێوارەکەش ئاگردان بوو. 24پێی فەرمووم: «ئەمانە چێشتخانەن کە خزمەتکارەکانی پەرستگا قوربانییەکانی گەلی تێدا لێدەنێن.»