حزقیێل 42 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حزقیێل 42:1-20

ژووری کاهینان

1ئینجا بە ڕێگای لای باکوور منی هێنایە خانەکانی دەرەوە، بردمییە ئەو ژوورانەی کە بەرامبەر شوێنە جیاکراوەکەن، ژوورەکانی بەرامبەر بیناکە لەلای باکوور. 2درێژی ئەو تەلارە کە دەرگاکەی ڕووی لە باکوور بوو سەد باڵ، پانییەکەشی پەنجا باڵ بوو. 3لەو بەشەی کە دووری لە حەوشەکەی ناوەوە بیست باڵ بوو، هەروەها لەو بەشەی کە بەرامبەر شۆستەی خانەکانی دەرەوە بوو، هۆڵ بەرامبەر هۆڵ بوو لە هەر سێ نهۆمەکە. 4بەرامبەر بە ژوورەکانیش ڕێڕەوێک هەبوو، پانییەکەی دە باڵ و درێژییەکەی سەد باڵ بوو، بەرەو حەوشەکەی ناوەوە و دەرگای ژوورەکانیش ڕووەو باکوور بوون. 5شوێنی ژوورەکان بەر هۆڵەکان کەوتبوون، لەبەر ئەوە ژوورەکانی سەرەوە لە ژوورەکانی ناوەڕاست و خوارەوەی بیناکە تەسکتر بوون. 6بیناکە سێ نهۆم بوو، ژوورەکانی نهۆمی سێیەم کۆڵەکەیان نەبوو وەک کۆڵەکەی حەوشەکان، لەبەر ئەوە زەمینەکەیان لە نهۆمی خوارەوە و ناوەڕاست کەمتر بوو. 7ئەو دیوارەش لە دەرەوە بوو لەگەڵ ژوورەکان ڕووەو خانەکانی دەرەوە بۆ بەردەم ژوورەکان، درێژییەکەی پەنجا باڵ بوو. 8درێژی ژوورەکان لەلای خانەکانی دەرەوە پەنجا باڵ بوو، بەڵام درێژی لای پیرۆزگاکە سەد باڵ بوو. 9لەژێر ئەم ژوورانەشەوە داڵانێک هەبوو لەلای ڕۆژهەڵاتەوە، ئەوەی لە خانەکانی دەرەوە بۆی دەهاتنە ژوورەوە.

10ژوورەکان بە درێژایی دیواری حەوشەکە بوون بەرەو باشوور لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە و بەرامبەر بیناکە. 11لەبەردەمی ژوورەکان ڕێڕەوێک هەبوو، وەک داڵانەکانی ئەو ژوورانەی کە بەرەو باکوور بوون، هەمان درێژی و پانی و شوێنی چوونەدەرەوە و شێوە و دەرگایان هەبوو. 12وەک داڵانی ژوورەکانی ڕووەو باشووریش، داڵانێک لە سەرەتای ڕێڕەوەکەی بەرامبەر دیوارەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات هەبوو، کە لەوێوە بۆی دێتە ژوورەوە.

13پێی فەرمووم: «ژوورەکانی باکوور و ژوورەکانی باشوور کە بەرامبەر بە شوێنە جیاکراوەکەن ژوورە تەرخانکراوەکانن، کە کاهینەکان ئەوانەی لە یەزدان نزیک دەبنەوە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان دەخۆن. پێشکەشکراوی هەرەپیرۆز وەکو پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان لەوێ دادەنێن، چونکە شوێنەکە پیرۆزە. 14کاتێک کاهینەکان دەچنە ژوورەوە، نابێت لە شوێنی پیرۆزەوە بچنە دەرەوە بۆ خانەکانی دەرەوە، هەتا جلەکانیان کە خزمەتی پێ دەکەن لەوێی دادەنێن، چونکە جلەکانیان تەرخانکراون، ئینجا جلێکی دیکە لەبەر دەکەن و دەچنە پێشەوە بۆ ئەو شوێنەی گەل لێی کۆدەبنەوە.»

15کە پێوانەی دیوی ناوەوەی پەرستگای تەواو کرد منی هێنایە دەرەوە بەرەو ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە و چواردەورەکەی پێوا، 16لای ڕۆژهەڵاتی بە قامیشی پێوانەکە پێوا، پێنج سەد باڵ42‏:16 لێرە مەبەست لە باڵی ئاساییە، کە نزیکەی نیو مەتر بوو.‏ بوو. 17لای باکووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە. 18لای باشووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە. 19ئینجا بەلای ڕۆژئاوا سووڕایەوە و پێنج سەد باڵی بە قامیشی پێوانە پێوا. 20لە هەر چوار لاوە پێوای، شوورایەکی بە چواردەوری بوو کە پێنج سەد باڵ درێژییەکەی و پێنج سەد باڵ پانییەکەی بوو، بۆ جیاکردنەوە لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو.