حزقیێل 30 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حزقیێل 30:1-26

شیوەنێک بۆ میسر

1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”واوەیلا بکەن،

’ئای بۆ ئەو ڕۆژە!‘

3چونکە ڕۆژەکە نزیکە،

ڕۆژەکەی یەزدان نزیکە،

ڕۆژێکی بە هەورە،

کاتی وێرانبوونی نەتەوەکان دەبێت.

4شمشێرێک دێتە سەر میسر،

ترس دێتە سەر کوش.

کاتێک کوژراوان لە میسر دەکەون،

سامانەکەی دەبردرێت و

بناغەکانی دەڕووخێنرێت.

5کوش و لیبیا، لوود و هەموو عەرەبستان، کووب و نەوەکانی خاکی پەیمان، لەگەڵ میسر بە شمشێرەکە دەکەون.

6«”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”هاوپەیمانانی میسر دەشکێن و

هێزەکەی لەدەست دەدات کە مایەی شانازییەتی،

خەڵکەکەشی لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان

بە شمشێرەکە دەکوژرێن.“»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

7«”وەک خاکەکانی دەوروبەریان چۆڵ دەبن،

شارەکانیان لە ڕیزی شارە کاولەکان دەبن.

8بەوە دەزانن کە من یەزدانم،

کاتێک ئاگر لە میسر بەردەدەم و

هەموو یارمەتیدەرانی تێکدەشکێنرێن.

9«”لەو ڕۆژەدا، نێردراوان بە سواری کەشتی لەلای منەوە دێن بۆ تۆقاندنی کوشی لەخۆڕازی، ئینجا لە ڕۆژی سزادانی میسر ترس دێتە سەریان، چونکە ئەوەتا دێت.

10«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”من ئاپۆرەی سوپای میسر لەناودەبەم،

بە دەستی نەبوخودنەسری پاشای بابل.

11ئەو بە خۆی و بە لەشکرەکەیەوە دڕندەترینی نەتەوەکانن،

بۆ کاولکردنی خاکەکە دەهێنرێن،

جا شمشێرەکانیان بۆ سەر میسر هەڵدەکێشن،

خاکەکە پڕ دەکەن لە کوژراو.

12چەمەکانی نیل وشک دەکەم و

خاکەکە دەفرۆشم بە خراپەکاران،

بە دەستی بێگانان

خاکەکە و هەرچی تێیدایە کاولی دەکەم.

من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.

13«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”بتەکان لەناودەبەم و

کۆتایی بە پەیکەرەکانی نێو مەمفیس دەهێنم،

لەمەودوا هیچ میرێک لە خاکی میسر هەڵناکەوێت،

ترس دەخەمە سەر خاکی میسر.

14پاشایەتی باشووری میسر تێکدەدەم و

ئاگر لە چۆعەن بەردەدەم و

لە شاری تیب سزا دەسەپێنم.

15تووڕەیی خۆم بەسەر شاری پەلوزیوم دەبارێنم،

قەڵاکەی میسر،

ئاپۆرەی سوپای تیب ڕیشەکێش دەکەم.

16ئاگر لە میسر بەردەدەم،

پەلوزیوم ئێشی پێ دەگات.

تیب تەفروتونا دەبێت،

مەمفیسیش هەموو ڕۆژێک لە تەنگانەدا دەبێت.

17گەنجەکانی ئۆن و پیڤەسەت

بە شمشێر دەکوژرێن،

ئەو دوو شارەش ڕاپێچ دەکرێن.

18لە تەحپەنحێس ڕۆژ تاریک دادێت

کاتێک نیرەکانی30‏:18 مەبەستی لە بارگرانییە.‏ میسر دەشکێنم،

شانازی هێزی نامێنێت.

هەورێک میسر دادەپۆشێت،

شارۆچکەکانی ڕاپێچ دەکرێن.

19لە میسر سزا دەسەپێنم،

ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»

شکاندنی هێزەکانی فیرعەون

20لە حەوتی مانگی یەکی ساڵی یازدەیەمین،30‏:20 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە بیست و نۆی مانگی چواری ساڵی 587ی پێش زایین.‏ فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 21«ئەی کوڕی مرۆڤ، من بازووی فیرعەونی پاشای میسرم شکاند. یەکناگرێتەوە، نە بە پەلیکە دار و نە بە پێچانەوەی، بۆ ئەوەی بەهێز بێت و شمشێر بەدەستەوە بگرێتەوە. 22لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی فیرعەونی پاشای میسرم. هەردوو بازووی دەشکێنم، ساغەکە و شکاوەکە، شمشێر لە دەستی بەردەدەمەوە. 23میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. 24هەردوو بازووی پاشای بابل توند دەکەم و شمشێری خۆم دەدەمە دەستییەوە. هەردوو بازووی فیرعەونیش دەشکێنم و لەبەردەمی وەک نوزانەوەی بریندار دەنوزێتەوە. 25بازووەکانی پاشای بابل توند دەکەم، بەڵام بازووەکانی فیرعەون دەکەون. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شمشێری خۆم دەدەمە دەست پاشای بابل و بەسەر خاکی میسردا هەڵیدەکێشێت. 26میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»