حزقیێل 19 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حزقیێل 19:1-14

لاوانەوەیەک بۆ میرانی ئیسرائیل

1«تۆش بۆ میرانی ئیسرائیل بلاوێنەوە و 2بڵێ:

«”دایکت چ شێرێک بوو

لەناو شێران!

لەنێو جوانە شێران پاڵی دایەوە و

بەچکەکانی خۆی بەخێو کرد.

3یەکێک لە بەچکەکانی خۆی پێگەیاند،

بوو بە شێرێکی بە توانا.

فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو،

مرۆڤیشی خوارد.

4کە نەتەوەکان هەواڵیان بیست،

چاڵیان بۆ هەڵکەند و گرتیان،

بۆ خاکی میسر

بە تەوق هێنایان.

5«”کاتێک دایکەکە بینی کە ئاواتەکەی نەهاتە دی،

ئیتر ئومێد بڕ بوو،

هات و یەکێکی دیکەی لە بەچکەکانی گرت و

کردی بە شێرێکی بە توانا.

6لەنێو شێران کەوتە هاتوچۆ،

چونکە بووە شێرێکی بە توانا.

فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو،

مرۆڤیشی خوارد.

7قەڵاکانی ئەوانی تێکشکاندن و

شارۆچکەکانی کاول کردن،

خاکەکە و هەرچی تێیدایە

لەبەر دەنگی نەڕەی تۆقین.

8نەتەوەکان لە هەرێمەکانی دەوروبەری

لە دژی کۆبوونەوە.

تۆڕیان هەڵدایە سەری،

ئەویش کەوتە چاڵەکەیانەوە.

9بە تەوقەوە خستیانە ناو قەفەزەوە،

هێنایانە لای پاشای بابل.

بردیانە ناو زیندان،

تاکو ئیتر لەسەر چیاکانی ئیسرائیل

نەڕەی نەبیسترێت.

10«”دایکت وەک دار مێوێک بوو لە ڕەزەکەی تۆدا،

کە لەدەم ئاو چێنرا.

لەبەر زۆری ئاو،

چڕ و بەردار بوو.

11لقی بەهێزی هەبوو،

کە گونجاوە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان.

باڵای کرد و هەڵکشا

بەناو لقە پڕگەڵاکاندا،

لە بەرزی و زۆری چڵەکانی

دەرکەوت و بینرا.

12بەڵام بە ڕق و قینەوە هەڵکێشرا و

فڕێدرایە سەر زەوی.

بای ڕۆژهەڵات لێیدا و وشکی کرد،

بەرەکەی هەڵوەراند،

لقە بەهێزەکانی وشک بوون و

ئاگر هەڵیانیلووشی.

13ئێستا وا لە چۆڵەوانیدا چێنراوە،

لە خاکێکی وشک و تینوودا.

14لە یەکێک لە لقە گەورەکانییەوە

ئاگری گرت و بەرەکەی هەڵلووشی.

ئێستا هیچ لقێکی بەهێزی نەماوە

کە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان گونجاو بێت.“

ئەمە لاوانەوەیە و لە کاتی شینگێڕان دەگوترێتەوە.»