حزقیێل 17 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حزقیێل 17:1-24

دوو هەڵۆ و دار مێوێک

1ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، مەتەڵێک و پەندێک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل بهێنەوە و 3بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەڵۆیەکی مەزنی باڵ بەهێزی شاپەڕ درێژی پەڕپەڕی ڕەنگاوڕەنگ هاتە لوبنان. لەسەر لووتکەی دار ئورزێک نیشتەوە، 4بەرزترین چڵەکەشی قرتاند و هێنای بۆ خاکی بازرگانی و لە شاری بازرگانەکان چاندی.

5«”هەروەها هەندێک تۆوی خاکەکەی ئێوەی برد و لە زەوییەکی بەپیتدا چاندی. بردی و لەدەم ئاوێکی زۆر وەک داری بی چاندی. 6ڕوا و بوو بە دار مێوێکی پەل بڵاو و قەد کورت، لقەکانی بەرەو لای هەڵۆکە سووڕانەوە، ڕەگەکەشی لەژێر خۆیدا بوو، جا بوو بە دار مێو و لقی دا و چڵ و چرۆی کرد.

7«”هەڵۆیەکی دیکە هەبوو، زل و باڵەکانی بەهێز و پەڕی زۆر بوو. ئیتر دار مێوەکە لەو شوێنەی کە تێیدا چێنرابوو ڕەگی درێژ کردەوە بۆ لای هەڵۆکە، لقیشی بەرەو لای ئەو هاویشت بۆ ئەوەی ئاوی لێ وەربگرێت. 8ئەگەرچی لە کێڵگەیەکی باش و لە دەم ئاوی زۆردا چێنرابوو، هەتا لقەکانی نەشونما بکات و بەر بگرێت، ببێتە دار مێوێکی بڵاو.“

9«بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا لە ڕەگەوە هەڵناکێشرێت و بەرەکەی ناڕنرێت هەتا وشک بێت؟ هەموو گەڵای لقەکانی وشک دەبێت پێویست بە بازووێکی بەهێز و خەڵکێکی زۆر ناکات هەتا لە ڕەگەوە هەڵیبکێشن. 10ئەگەر بشچێنرێتەوە، ئایا گەشە دەکات؟ ئایا وەک ئەوەی بای ڕۆژهەڵات لێی دابێت بە تەواوی وشک نابێت؟ لەو شوێنەی لێی ڕواوە وشک نابێت؟“»

11ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 12«بە بنەماڵەی یاخی بڵێ: ”ئایا لەم پەندە تێگەیشتن؟ بڵێ: پاشای بابل هاتە ئۆرشەلیم و پاشای یەهودا و میرەکانی برد و لەگەڵ خۆی ڕاپێچی کردن بۆ بابل. 13ئینجا لە توخمی شاهانە کەسێکی هەڵبژارد و پەیمانێکی لەگەڵدا بەست و سوێندی دا. سەرەڕای ئەوەش، ڕابەرانی خاکەکەشی ڕاپێچ کرد 14بۆ ئەوەی پاشایەتییەکە سووک بێت و بەرز نەبێتەوە و پەیمانەکەی نەشکێت و جێگیر بێت. 15بەڵام پاشا لێی یاخی بوو بەوەی نێردراوانی خۆی بۆ میسر نارد بۆ ئەوەی ئەسپ و سوپایەکی گەورەی بداتێ. ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا ئەوەی ئەمە بکات دەرباز دەبێت؟ یان ئەوەی پەیمان بشکێنێت دەرباز دەبێت؟

16«”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لە شوێنی ئەو پاشایەی کە کردی بە پاشا، ئەوەی سووکایەتی بە سوێندەکەی کرد و پەیمانەکەی شکاند، لەلای ئەو لە ناوەڕاستی بابل دەمرێت. 17فیرعەونیش بە سوپای گەورە و خەڵکێکی بێشومارەوە ناتوانێ لە جەنگدا یارمەتی بدات، ئەو کاتەی سەنگەر لێ دەدرێت و قوللە بنیاد دەنرێت بۆ لەناوبردنی خەڵکێکی زۆر. 18ئەوەی سووکایەتی بە سوێند کرد و پەیمانی شکاند، دەستی دایە دەست و سەرەڕای ئەوەش هەموو ئەمانەی کرد، دەرباز نابێت.

19«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، سزای دەدەم لەبەر ئەوەی سووکایەتی بە سوێندەکەم کرد و پەیمانەکەی منی شکاند. 20تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، بە داوی منەوە دەبێت و دەیهێنمە بابل و لەسەر ئەو ناپاکییەی لە منی کرد لەوێ حوکمی بەسەردا دەسەپێنم. 21هەموو لەشکرە ڕاکردووەکەی بە شمشێر دەکوژرێن و ئەوانەش کە دەمێننەوە بەرەو ڕووی هەموو بایەک پەرتەوازە دەبن، جا ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.

22«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: منیش لە لووتکەی دار ئورزێک لقێک دەبەم و دەیڕوێنم، چڵێک لە چڵەکانی لێ دەکەمەوە و لەسەر کێوێکی بەرزی سەرکەش دەیڕوێنم. 23لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەیڕوێنم، جا لقی لێ دەڕوێت و بەر دەگرێت و دەبێت بە دار ئورزێکی گەورە، هەموو جۆرە باڵندەیەک لەناوی نیشتەجێ دەبێت، هەموو باڵدارێک لەژێر سێبەری لقەکانی نیشتەجێ دەبێت. 24ئەو کاتە هەموو درەختەکانی دەشتودەر دەزانن کە من یەزدانم ئەوەی داری بەرز نزم دەکاتەوە و داری نزم بەرز دەکاتەوە، ئەوەی سەوزەکەش وشک دەکات و چرۆ بە دارە وشکەکە دەکات.

«”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.“»