حزقیێل 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حزقیێل 10:1-22

شکۆمەندی خودا پەرستگاکە بەجێدەهێڵێت

1ئینجا سەیرم کرد لە سەرەوە بەسەر سەری کەڕوبەکانەوە شێوەی بۆشاییەک خۆی کێشا بووەوە، دیمەنی تەختێکی پاشایەتی هەبوو، وەک یاقووتی شین دەبینرا. 2یەزدان بە پیاوە کەتان پۆشەکەی فەرموو: «بڕۆ ناو چەرخەکانی ژێر کەڕوبەکان و مشتت پڕ بکە لە پشکۆی ئەو ئاگرەی لەنێوان کەڕوبەکانە و بەسەر شارەکەدا بڵاوی بکەرەوە.» ئەویش لەبەرچاوم چووە ناوەوە.

3کەڕوبەکانیش لەلای ڕاستی10‏:3 لە باشووری پەرستگاکە.‏ پەرستگاکە ڕاوەستابوون کە پیاوەکە چووە ژوورەوە، هەورێکیش حەوشەکەی ناوەوەی پڕکردەوە. 4شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر کەڕوبەکانەوە هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا پەرستگاکە پڕ بوو لە هەورەکە و حەوشەکەش پڕ بوو لە بریسکەی شکۆمەندی یەزدان. 5دەنگی باڵی کەڕوبەکان لە خانەکانی دەرەوە دەبیسترا، وەک دەنگی خودای هەرە بەتوانا کە قسە بکات.

6کاتێک کە فەرمانی بە پیاوە کەتان پۆشەکە کرد و فەرمووی: «ئاگر لەنێوان چەرخەکان، لەنێوان کەڕوبەکان ببە،» چووە ژوورەوە و لەتەنیشت چەرخێک ڕاوەستا. 7کەڕوبێک لەنێو کەڕوبەکانەوە دەستی بۆ ئاگرەکەی نێوان کەڕوبەکان درێژکرد، لێی هەڵگرت و خستییە ناو هەردوو مشتی پیاوە کەتان پۆشەکە، ئەویش وەریگرت و چووە دەرەوە. 8لە کەڕوبەکانەوە شتێکی وەک دەستی مرۆڤ لەژێر باڵەکانیەوە دەرکەوت.

9تەماشام کرد، بینیم چوار چەرخ لەتەنیشت کەڕوبەکانە، هەر چەرخێک لەتەنیشت کەڕوبێکەوە بوو، دیمەنی چەرخەکان وەک دیمەنی زەبەرجەد بوو. 10هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک چەرخ لەناو چەرخ بێت. 11کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، لە ڕۆیشتنیشدا لایان نەدەدا، بەڵکو بۆ هەر لایەک یەکێک لە کەڕوبەکان ڕووی تێدەکرد ئەوانیش بەدوایدا دەچوون، لە ڕۆیشتندا لایان نەدەدا. 12هەموویان لاشەکانیان، پشت و دەست و باڵ و چەرخەکان پڕبوون لە چاو10‏:12 بڕوانە 1‏:18.‏ بە هەر چواردەوریدا بۆ هەر چوار چەرخەکە. 13گوێم لێ بوو چەرخەکان پێیان دەگوترا «چەرخی خولاوە». 14هەر کەڕوبێکیش چوار ڕووی هەبوو، ڕووی یەکەم ڕووی کەڕوب، ڕووی دووەم ڕووی مرۆڤ، ڕووی سێیەم ڕووی شێر و ڕووی چوارەم ڕووی هەڵۆ بوو.

15ئینجا کەڕوبەکان بەرز بوونەوە، ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیبووم. 16لەگەڵ ڕۆیشتنی کەڕوبەکان، چەرخەکانیش لەتەنیشتیانەوە ڕۆیشتن، کە کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە بۆ بەرزبوونەوە لە زەوی، چەرخەکان هەر لەتەنیشتیان مانەوە. 17کە کەڕوبەکان ڕادەوەستان ئەوانیش ڕادەوەستان، کە کەڕوبەکان بەرز دەبوونەوە ئەوانیش بەرز دەبوونەوە، چونکە گیانی گیانلەبەرەکان لەناو چەرخەکاندا بوو.

18ئینجا شکۆمەندی یەزدان بەردەرگای پەرستگای بەجێهێشت و لەسەر کەڕوبەکان وەستا. 19لەبەرچاوم کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و لەسەر زەوی بەرزبوونەوە، لە کاتی ڕۆیشتنیان چەرخەکانیشیان لەگەڵ بوو، لەلای داڵانی دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان وەستان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو.

20ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار لەژێر خودای ئیسرائیل بینیبووم، زانیم کە ئەمانە کەڕوبن. 21هەریەکەیان چوار ڕوو و چوار باڵی هەبوو، لەبن باڵەکانیشەوە لە شێوەی دەستی مرۆڤیان هەبوو. 22شێوەی ڕووەکانیشیان، شێوەی ئەو ڕووانە بوو کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیم، دیمەنیان و خۆشیان. هەریەکە بەرەو پێش دەڕۆیشت.