حزقیێل 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

حزقیێل 1:1-28

گیانلەبەرەکان و شکۆمەندی یەزدان

1لە پێنجی مانگی چواری ساڵی سییەم،1‏:1 دەشێت ساڵی سییەمی ژیانی حزقیێل بێت.‏ کاتێک من لەسەر نۆکەندی کەڤار لەنێو ڕاپێچکراوەکان بووم، ئاسمان کرایەوە و خودا چەند بینینێکی بۆ ئاشکرا کردم. 2ئەمەش ساڵی پێنجەمی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا بوو.1‏:2 ساڵی پێنجەمی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە ساڵی 593 پێش زایین.‏

لە پێنجی مانگدا، 3فەرمایشتی یەزدان بۆ حزقیێلی کاهین کوڕی بوزی هات، لە خاکی بابلییەکان لەسەر نۆکەندی کەڤار، لەوێش ڕۆحی یەزدان هاتە سەری.

4جا تەماشام کرد بینیم ڕەشەبایەک لە باکوورەوە هات، هەورێکی گەورە کە ئاگرێکی تێدابوو دەبریسکایەوە و لە دەوروبەری ڕووناکی دەدرەوشایەوە. لە چەقی ناوەڕاستی ئاگرەکەش وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگراوی بوو. 5لە هەورەکەشدا شێوەی چوار گیانلەبەر هەبوو، ئەمەش دیمەنیان بوو، لە شێوەدا لە دیمەنی مرۆڤێک دەچوو، 6بەڵام هەریەکە چوار ڕوخسار و چوار باڵی هەبوو. 7قاچەکانیان ڕێکوڕاست بوون و پێیەکانیان وەک پێی گوێرەکە وابوون، وەک بڕۆنزی لووسکراو دەبریقانەوە. 8لە خوار باڵەکانیانەوە لە هەر چوار لاوە دەستی مرۆڤیان هەبوو. هەر چوار گیانلەبەرەکە ڕوخسار و باڵیان هەبوو، 9باڵەکانیشیان هەریەکە و بەوەی تەنیشتیەوە لکابوو. لە کاتی ڕۆیشتندا هەریەکە ڕێک بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت و لای نەدەدا.

10ڕوخساری هەر چواریان بەم شێوەیە بوو: لەپێشەوە ڕوخساری مرۆڤ، لەلای ڕاست ڕوخساری شێر، لەلای چەپ ڕوخساری گا، لە پشتەوەش ڕوخساری هەڵۆ، 11ئەمە ڕوخساریان بوو. هەروەها باڵەکانیان بەرەو سەرەوە لێک کرابوونەوە، هەریەکە بە دوو باڵ بە گیانلەبەرەکەی دیکەوە لکابوو، بە دوو باڵەکەی دیکەش لەشی خۆیان دادەپۆشی. 12هەریەکەیان بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت، ڕۆحی خودا دەچووە هەر شوێنێک ئەوانیش دەچوون، لە ڕۆیشتنیش لایان نەدەدا. 13هەروەها دیمەنی گیانلەبەرەکان وەک پشکۆی ئاگری داگیرساو یان وەک چەند مەشخەڵێک بوون. ئاگر لەنێوان گیانلەبەرەکاندا هاتوچۆی دەکرد، ئاگرەکەش ڕەوشەن بوو، لە ئاگرەکەوە بروسکە دەردەچوو. 14گیانلەبەرەکانیش وەک بروسکە دەهاتن و دەچوون.

15تەماشای گیانلەبەرەکانم کرد کە هەریەکەیان چوار ڕووی هەبوو، لەلای هەر یەکێکیان چەرخێک هەبوو لەسەر زەوی. 16دیمەن و پێکهاتنی چەرخەکان بەم جۆرە بوون: هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک زەبەرجەد دەبریسکانەوە، پێکهاتنیشیان وەک ئەوەی چەرخ لەناو چەرخدا بێت. 17کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، چەرخەکان لە کاتی ڕۆیشتنی گیانلەبەرەکاندا لایان نەدەدا. 18هەروەها چێوەکانیان بەرز و ترسناک بوون، چێوەکانی هەر چواریان پڕ بوون لە چاو1‏:18 دەشێت مەبەست لە بەردی گرانبەها بێت، کە لە شێوەی چاودایە.‏ لە هەر چواردەوریاندا.

19کە گیانلەبەرەکان دەڕۆیشتن، چەرخەکان لەتەنیشتیانەوە دەڕۆیشتن. کاتێک گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە. 20بۆ هەرکوێ ڕۆحی خودا دەڕۆیشت ئەوانیش دەچوون، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو. 21کە گیانلەبەرەکان دەجوڵانەوە، چەرخەکانیش دەجوڵانەوە، کە گیانلەبەرەکان دەوەستان ئەوانیش دەوەستان، کە گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو.

22لە سەرەوە بەسەر سەری گیانلەبەرەکانەوە شێوەی بۆشاییەک خۆی کێشا بووەوە، وەک دیمەنی بلوور دەبریسکایەوە و ترسناک بوو. 23لەژێر بۆشاییەکە باڵەکانیان بەرەو یەکتر درێژ ببوونەوە، هەروەها هەریەکە دوو باڵی دیکەی هەبوو کە لەشیانی دادەپۆشی. 24کە ڕۆیشتن گوێم لە دەنگی باڵەکانیان بوو وەک دەنگی هاژەی ئاوێکی زۆر بوو، وەک دەنگی خودای هەرە بەتوانا، وەک دەنگی هاتوهاواری سوپا. کاتێک کە ڕاوەستان باڵەکانیان شۆڕ کردەوە.

25کاتێک کە ڕاوەستان و باڵەکانیان شۆڕکردەوە، دەنگێک لە بۆشاییەکەی سەر سەریانەوە هات. 26لەسەر بۆشاییەکەی سەر سەریان، شتێکی وەک تەختێکی پاشایەتی هەبوو، لە دیمەنی یاقووتی شین1‏:26 یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.‏ دەچوو، لە سەرووی هەموویەوە شێوەیەک وەک دیمەنی مرۆڤ لەسەر تەختەکە بوو. 27بینیم لە ناوقەدی بەرەو سەرەوە وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگرین لەناوەوە و لە دەوروبەری، لە ناوقەدیشی بەرەو خوارەوە بە چەشنی ئاگر بوو، شەوقی دەدایەوە بۆ دەوروپشتی. 28وەک دیمەنی پەلکەزێڕینە لە هەوردا لە ڕۆژی باران، شەوقەکەش ئاوا بوو بۆ دەوروبەری.

ئەمە دیمەنی شێوەی شکۆمەندی یەزدان بوو. کاتێک بینیم بەسەر ڕوومدا کەوتم و گوێم لە دەنگێک بوو قسەی دەکرد.