تیتۆس 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

تیتۆس 3:1-15

ڕزگاری بەهۆی ڕۆحی پیرۆز

1یادی باوەڕداران بخەرەوە ملکەچی فەرمانڕەوایان و دەسەڵاتداران بن، گوێڕایەڵ بن، بۆ هەموو کارێکی چاک ئامادەبن، 2قسە بە کەس نەڵێن، شەڕفرۆش نەبن، خۆنەویست بن، لەگەڵ هەموو خەڵک دڵنەرمی پیشان بدەن.

3پێشتر ئێمەش گێل و یاخی و گومڕا بووین، کۆیلەی هەموو جۆرە هەوەسبازی و چێژ وەرگرتنێک بووین، لە قین و ئیرەییدا دەژیاین، ئێسکگران بووین، ڕقمان لە یەکتری بوو. 4بەڵام، کاتێک میهرەبانی خودای ڕزگارکەرمان و خۆشەویستییەکەی دەرکەوت، 5نەک بەهۆی کاری ڕاستودروست کە ئێمە کردوومانە، بەڵکو بە بەزەیی خۆی ڕزگاری کردین، ئەویش لە ڕێگەی ئەو شوشتنەوەیە بوو، کە بەهۆیەوە ڕۆحی پیرۆز لەدایکبوونەوەیەکی نوێ و ژیانێکی نوێی پێ بەخشین، 6ئەوەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە بە دڵفراوانییەوە ڕشتی بەسەرماندا، 7تاکو، پاش ئەوەی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کراین، بەگوێرەی هیوای ژیانی هەتاهەتایی ببینە میراتگر. 8ئەم قسەیە ڕاستە. دەمەوێ سوور بیت لەسەر ئەم شتانە، تاکو ئەوانەی باوەڕیان بە خودا هێنا بایەخ بەوە بدەن کە بۆ کرداری چاک خۆیان تەرخان بکەن. ئەم شتانە باش و سوودبەخشە بۆ خەڵک.

دوورکەوتنەوە لە قسەی پووچ

9بەڵام لە گفتوگۆی گێلانە و ڕەچەڵەک و ناکۆکی و شەڕ لەسەر تەورات دووربکەوە، چونکە بێ سوود و پووچە. 10ناکۆکیکار ئاگادار بکەوە، لەدوای جارێک و دووان، لێی دووربکەوە. 11دەزانیت کەسانی وەک ئەو، لادەر و گوناهبارە و خۆی حوکمی بەسەر خۆیدا داوە.

دوا ڕاسپاردە

12کاتێک ئەرتیماس یان تیخیکۆس دەنێرمە لات، هەوڵ بدە لە نیکۆپۆلیس بێیت بۆ لام، چونکە بەتەمام زستان لەوێ بمێنمەوە. 13هەوڵ بدە زیناسی پارێزەر و ئەپۆلۆس بنێری، تاکو پێویستیان بە هیچ نەبێت.

14پێویستە خەڵکەکەمان فێربن کە خۆیان بۆ کرداری چاک و پێداویستییە گرنگەکان تەرخان بکەن، تاکو بێ بەرهەم نەبن.

15هەموو ئەوانەی لەگەڵمدان سڵاوت لێدەکەن.

سڵاو لەوانە بکە کە لە باوەڕدا ئێمەیان خۆشدەوێت.

با نیعمەت لەگەڵ هەمووتان بێت.