تیتۆس 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

تیتۆس 2:1-15

ڕاسپاردە بۆ باوەڕداران

1بەڵام تۆ دەبێت بە فێرکردنی دروست خەڵکی فێر بکەیت. 2پیرەمێردەکان فێر بکەن کە وریابن، بەڕێز، ژیر، دروست بن لە باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن.

3هەروەها پیرێژنەکان فێر بکەن کە بە ڕێزەوە بژین، بوختانکەر نەبن و خوو بە شەرابەوە نەگرن، بەڵکو شتی چاک فێری خەڵکی بکەن، 4تاکو ئامۆژگاری ژنە گەنجەکان بکەن کە مێرد و منداڵیان خۆشبوێت، 5ژیر و پاک بن، بە ماڵەوە سەرقاڵ بن، چاک بن و ملکەچی مێردەکانیان بن، نەوەک کفر بە وشەی خودا بکرێت.

6بە هەمان شێوە، هانی پیاوە گەنجەکان بدە ژیر بن. 7لە هەموو شتێکدا بۆیان ببە بە نموونەی چاکەکاری. لە فێرکردندا دروستی و دڵسۆزی پیشان بدە، 8با قسەت دروست بێت و ڕەخنەی لێ نەگیرێت، تاکو ناحەز شەرمەزار بێت، چونکە هیچی خراپ نادۆزێتەوە لە دژتان بیڵێت.

9کۆیلەکانیش لە هەموو شتێکدا ملکەچی گەورەکانیان بن، ڕازییان بکەن، بەرپەرچیان نەدەنەوە، 10هیچیان لێ نەدزن، بەڵکو ئەوپەڕی دەستپاکی پیشان بدەن، تاکو لە هەموو شتێکدا فێرکردنی خودای ڕزگارکەرمان بڕازێننەوە.

11نیعمەتی خودا دەرکەوت و ڕزگاری پێشکەشی هەموو خەڵک دەکات. 12ئەوەی فێرمان دەکات نکۆڵی لە خوانەناسی و هەوەسە دنیاییەکان بکەین، بە ژیری و ڕاستودروستی و لەخواترسی بژین لەم دنیایە، 13لە چاوەڕوانی هیوای بەرەکەتدار، دەرکەوتنی شکۆی خودای گەورە و ڕزگارکەرمان، عیسای مەسیح، 14ئەوەی بۆ ئێمە خۆی بەختکرد، تاکو لە هەموو سەرپێچییەک بمانکڕێتەوە و گەلێکی تایبەت بۆ خۆی پاک بکاتەوە، دڵگەرم بۆ چاکەکاری.

15ئەو شتانە فێری خەڵکی بکە، هانیان بدە و بە هەموو دەسەڵاتێک سەرزەنشتیان بکە. ڕێگا مەدە کەس بە کەمت بزانێت.