ئەیوب 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 9:1-35

قسەی سێیەمی ئەیوب

1ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

2«ڕاستە، دەزانم کە وایە.

جا چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟

3ئەگەر بیەوێت مشتومڕی لەگەڵ بکات،

ناتوانێت وەڵامی یەک لە هەزار بداتەوە.

4خودا داناییەکی فراوان و توانایەکی زۆری هەیە.

کێ هەیە دژایەتی کردبێت و بە سەلامەتی دەرچووبێت؟

5هەژێنەری چیاکانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن،

ئەوەی لە کاتی تووڕەییدا سەرەوژێریان دەکات.

6زەوی لە جێی خۆی لەق دەکات،

جا کۆڵەکەکانی دەخاتە بوومەلەرزە.

7فەرمان بە خۆر دەدات، کە هەڵنەیەت،

بە ئەستێرەکانیش کە نەدرەوشێنەوە.

8خۆی بە تەنها ئاسمانی لێک کردووەتەوە،

بەسەر شەپۆلەکانی دەریادا ڕۆیشتووە.

9دروستکەری کەلووەکانی9‏:9 مەبەستی بورجەکانە، هەریەک لەمانە لە چەند ئەستێرەیەک پێکدێن.‏ ورچ و ڕاوچی و

حەوتەوانە9‏:9 یەکێک لە کەلووەکانە.‏ و ئەو کەلووانەیە کە لە باشووری زەوی دەبینرێن.

10کاری مەزنی بەم جۆرەی کردووە کە لە سەرووی بیرکردنەوەن،

هێندە پەرجوو9‏:10 پەرجوو: موعجیزە.‏ کە لە ژماردن نایەن.

11کاتێک بەسەرمدا دەڕوات نایبینم،

کاتێک تێدەپەڕێت هەستی پێ ناکەم!

12ئەگەر شتێکمان لێ بستێنێت کێ دەتوانێت بەرەنگاری بێتەوە؟

کێ پێی دەڵێت: ”ئەوە چی دەکەیت؟“

13خودا تووڕەیی خۆی ناگێڕێتەوە،

یارمەتیدەرانی ڕەهەڤ9‏:13 هێمایە بۆ میسر‏ لە ژێریدا دەچەمێنەوە.

14«ئیتر من چۆن وەڵامی بدەمەوە و

چۆن وشە هەڵبژێرم بۆ وەڵامدانەوەی؟

15ئەگەر ڕاستودروستیش بم، ناتوانم وەڵامی بدەمەوە،

بەڵکو داوای بەزەیی لە دادوەرم دەکەم.

16ئەگەر بانگی بکەم، ئەویش وەڵامم بداتەوە،

باوەڕ ناکەم کە گوێی بۆ دەنگم شل بکات،

17بەڵکو ئەو بە زریان تێکمدەشکێنێت و

بەبێ هۆ برینەکانم زۆر دەکات.

18ناهێڵێت هەناسە بدەم،

بەڵام لە تاڵی تێرم دەکات.

19ئەگەر تاقیکردنەوەی هێز بێت، ئەو بەهێزترینە!

ئەگەر کێشەی دادگا بێت، کێ دەتوانێت بانگی بکات؟

20ئەگەر بێتاوان بم دەمم تاوانبارم دەکات،

ئەگەر بێ کەموکوڕیش بم، دەیسەلمێنێت تاوانبارم.

21«هەرچەندە من بێ کەموکوڕیم،

بەڵام بایەخ بە ژیانی خۆم نادەم؛

ڕقم لە ژیانم دەبێتەوە.

22”خودا کۆتایی بە چاک و بە خراپ دەهێنێت.“

لەبەر ئەوە گوتم: بەلامەوە هەردووکیان وەک یەکن،

23ئەگەر کارەساتی لەناکاو مردن بهێنێت،

بە نائومێدیی بێتاوان پێدەکەنێت.

24کە خاکێک درابێت بە دەست بەدکارەوە،

ئەوا پەردە بەسەر ڕووی دادوەرەکانی دەدات،

ئەگەر ئەو نەبێت، ئەی کێیە؟

25«ڕۆژگارم خێراترە لە کەسێک کە ڕادەکات،

گوزەر دەکات و چێژی لێ نابینم.

26وەک چۆن کەشتی زەل ڕووبار دەبڕێت

هەروەک هەڵۆیەک کە دەنیشێتە سەر نێچیرەکەی.

27ئەگەر بڵێم: ”سکاڵاکەی خۆم فەرامۆش دەکەم و

واز لە ڕووگرژی دەهێنم و زەردەخەنە دەخەمە سەر لێوەکانم،“

28لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو ئازارەکانم دەترسم،

چونکە دەزانم بێتاوانم ناکەیت.

29من تاوانبار دەکرێم،

ئیتر بۆچی بەخۆڕایی خۆم ماندوو بکەم؟

30ئەگەر بە بەفراو خۆم بشۆم و

دەستەکانم بە ئەسپۆن پاک بکەمەوە،

31لەناو چاڵێک ڕیخ نوقومم دەکەیت،

تەنانەت جلوبەرگەکەم قێزم لێ دەکەنەوە.

32«ئەو وەک من مرۆڤ نییە هەتا وەڵامی بدەمەوە و

لە دادگا ڕووبەڕووی یەک ببینەوە.

33خۆزگە ناوبژیوانێک لەنێوانمان دەبوو،

دەستی لەسەر هەردووکمان دادەنا،

34تاوەکو کوتەکەکەی خودام لەسەر هەڵبگرێت و

ترسەکەی نەمتۆقێنێت.

35ئەو کاتە قسەم دەکرد و لێی نەدەترسام،

چونکە من بەو شێوەیە نیم کە ئەو لێم تێگەیشتووە.»