ئەیوب 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 8:1-22

وەڵامی یەکەمی بیلدەد

1ئینجا بیلدەدی شوحی وەڵامی دایەوە:

2«هەتا کەی بەم شێوەیە قسە دەکەیت؟

ئەوەی لە دەمت دێتە دەرەوە ڕەشەبایە.

3ئایا خودا دادپەروەری بە لاڕێدا دەبات؟

ئایا توانادارەکە ڕاستودروستی بەدرۆدەخاتەوە؟

4ئەو کاتەی ڕۆڵەکانت گوناهیان دەرهەق بە خودا کرد،

ئەوا خودا سزای گوناهەکانی خۆیانی بەسەر هێنانەوە.

5بەڵام ئەگەر تۆ بەیانییان زوو ڕوو لە خودا بکەیت،

لە خودای هەرە بەتوانا بپاڕێیتەوە،

6ئەگەر تۆ بێگەرد و ڕاست بیت،

ئەوا هەر ئێستا ئاوڕت لێ دەداتەوە و

ماڵەکەی خۆتت وەک پاداشت بۆ دەگەڕێنێتەوە.

7پاشەڕۆژەکەت هێندە تێروتەسەل دەبێت،

کە سەرەتاکەت زۆر هەژار بووە.

8«پرسیار لە نەوەی ڕابردوو بکە و

بزانە لە باوباپیرانیانەوە چی فێربوون،

9چونکە ئێمە منداڵی دوێنێین و هیچ نازانین،

ڕۆژگاریشمان لەسەر زەوی وەک سێبەر تێدەپەڕێت.

10ئایا ئەو نەوەیە فێرت ناکەن و پێت ناڵێن؟

یان بە بیری خۆیان قسەت لێ دەرناهێنن؟

11ئایا زەل بەبێ زۆنگاو گەشە دەکات،

یان قامیش بەبێ ئاو شین دەبێت؟

12بەڵکو ئەوان کە هێشتا گەشە دەکەن و نەبڕدراون،

کەچی پێش هەموو گیایەک وشک دەبن،

13بەو جۆرەیە سەرگوزەشتەی ژیانی هەموو ئەوانەی خودایان لەبیر کردووە و

هیوای خوانەناسان لەناودەچێت.

14ئەوەی پاڵپشتەکەیەتی دەبڕدرێتەوە،

پشتی بە تەونی جاڵجاڵۆکە بەستووە.

15خۆی بە تەونەکەوە ڕادەگرێت بەڵام دەپچڕێت،

دەستی پێوە دەگرێت و خۆی ڕاناگرێت.

16ئەوانە وەک ڕووەکێکی تەڕ لەژێر تیشکی خۆردان،

کە لەناو باخچەکەیدا چڵی تازە دەردەکات.

17بەسەر کۆمەڵە بەرددا ڕەگ دادەکوتێت و

بە تاشەبەردەکانەوە خۆیان توند دەگرن.

18بەڵام کە لە شوێنی خۆی هەڵکەنرا،

شوێنەکەی نکۆڵی لێ دەکات و دەڵێ: ”من جێگای تۆ نیم.“

19ببینە، خۆشی ژیانەکەی تەنها ئەوەیە،

کە لە جێگاکەیەوە یەکێکی دیکە چەکەرە دەکات.

20«بێگومان خودا ئەو کەسە ڕەت ناکاتەوە کە بێ کەموکوڕی بێت،

کە هانی خراپەکاران نادات.

21کاتێک دەمت پڕ لە پێکەنین دەکات و

لێوەکانت پڕ لە هوتاف،

22ناحەزانت شەرمەزاری لەبەر دەکەن و ڕەشماڵی

خراپەکارانیش تەفروتوونا دەبن.»