ئەیوب 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 6:1-30

قسەی دووەمی ئەیوب

1ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

2«خۆزگە دەتوانرا خەم و پەژارەکەم بکێشن و

هەموو دەرد و بەڵاکەم بخەنە تای تەرازووەوە!

3بێگومان لە لمی دەریا قورستر دەبوو،

لەبەر ئەوە بە هەڵەشەیی قسەم کرد.

4تیرەکانی خودای هەرە بەتوانا لە مندان و

ڕۆحم لە ژەهراوەکەیان دەخواتەوە؛

بەڵا تۆقێنەرەکانی خودا لە دژی من ڕیزیان بەستووە.

5ئایا کەرەکێوی کە گیای هەبێت دەزەڕێنێت،

یان گا لەسەر ئالیکەکەی دەقۆڕێنێت؟

6ئایا خواردنێکی بێ تام بەبێ خوێ دەخورێت،

یان لینجاوی پاڵپینە تامی هەیە؟

7من قێز لەو خواردنانە دەکەمەوە،

نەفسم ڕەتیان دەکاتەوە دەستیان لێ بدەم.

8«خۆزگە داواکارییەکەم دەهاتە دی و

ئەوەی چاوەڕێم دەکرد خودا پێی دەدام،

9کە خودا ڕازی بێت وردوخاشم بکات و

دەستی لێم بکاتەوە تاوەکو ژیانم ببڕێتەوە!

10هەرچەندە ئازارەکانم دەستم لێ ناپارێزن،

بەڵام هەتا ئێستاش دڵنەواییەکەم ئەمەیە،

کە نکۆڵیم لە وشەکانی خودا پیرۆزەکە نەکردووە.

11«هێزی من چییە هەتا چاوەڕوان بم و

کۆتاییم چییە هەتا دانبەخۆمدا بگرم؟

12ئایا هێزم هێزی بەردە؟

یان گۆشتم بڕۆنزە؟

13سەرکەوتن لە من دوور کەوتووەتەوە،

ئایا هیچ لە دەسەڵاتی مندا هەیە؟

14«ئەگەر کەسێک خۆشەویستی بۆ هاوڕێکەی دەرنەبڕێت،

ئەوا ڕێزی خودای هەرە بەتواناشی نەگرتووە.

15بەڵام براکانم وەک جۆگەی ئاو پشتیان لێکردم،

وەک جۆگەی ناو دۆڵەکان پڕن و بەسەر کەنارەکانیاندا دەڕژێن.

16کاتێک لێڵن لەبەر شەختە

بەفر تێیاندا دەتوێتەوە،

17بەڵام کە دەڕۆن کۆتاییان پێ دێت،

کە گەرما داهات لە شوێنی خۆیان وشک دەبن.

18کاروانەکان لە ڕێگای خۆیان لا دەدەن،

دەچنە ناو چۆڵەوانی و لەناودەچن.

19کاروانەکانی تێما بۆی دەگەڕێن،

بازرگانەکانی شەبا هیوادارن کە بیدۆزنەوە،

20کە هاتنە لای بێ ئومێد بوون،

بێزار بوون، چونکە متمانەیان پێی کردبوو.

21ئێستا ئێوەش وەک ئەوتان لێهاتووە، سوودتان نییە،

بینیتان کە چیم بەسەرهاتووە ئێوە تۆقین.

22ئایا هیچ کاتێک پێم گوتن: ”لە پێناوی من شتێک بدەن،

بە سامانی خۆتان بمکڕنەوە،

23لە دەستی دوژمن دەربازم بکەن،

لە دەستی ستەمکار بمکڕنەوە؟“

24«فێرم بکەن، من بێدەنگ دەبم،

تێمبگەیەنن لە چ شتێک گومڕا بووم!

25ئای، قسەی ڕاست چەند بریندارکەرە!

بەڵام ئەو بەڵگانەی کە دەیانهێننەوە چی دەسەلمێنن؟

26ئایا لەسەر قسەکانم سەرزەنشتم دەکەن،

ئەوەی دەیڵێم بە با دەڕوات؟

27بەڵکو ئێوە هەتیو دەفرۆشن و

چاڵ بۆ هاوڕێی خۆتان هەڵدەکەنن.

28«ئێستا باش تێم بڕوانن،

چونکە من لە ڕووی ئێوەدا درۆ ناکەم.

29تکایە پاشگەز بنەوە! ستەمم لێ مەکەن،

ئەگینا ڕاستودروستییەکەم دەخەنە گومانەوە.

30ئایا بەدکاری لەسەر زاری منە،

یان زمانم تامی خراپەکاری جیا ناکاتەوە؟