ئەیوب 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 4:1-21

وەڵامی یەکەمی ئەلیفاز

1ئینجا ئەلیفازی تێمانی وەڵامی دایەوە:

2«ئەگەر یەکێک قسەیەک بکات دڵگران دەبیت؟

بەڵام کێ دەتوانێت لە قسەکردن ڕابوەستێت؟

3لە یادت بێ تۆ ڕێنمایی زۆر کەست کردووە و

دەستە شلبووەکانت توند کردووە.

4قسەکانت ئەوانەی هەستاندەوە کە کەوتوون و

ئەژنۆ لەرزۆکەکانت چەسپاند.

5بەڵام ئێستا کە خۆت تووشی تەنگانە بوویت، ورەت بەرداوە،

لەوەی کە بەسەر خۆت هاتووە، پەرێشان بوویت.

6ئایا پشت بە لەخواترسییەکەت نابەستیت؟

ئایا بێ کەموکوڕییەکەت هیوابەخش نییە؟

7«بەبیر خۆتی بهێنەرەوە، بێتاوانێکت بینیوە فەوتابێت،

یاخود کەسە سەرڕاستەکان لەناوچووبن؟

8وەک بینیوتە، ئەوانەی خراپە دەکێڵن و

چەرمەسەری دەچێنن، خۆیان دروێنەی دەکەن.

9بە هەناسەی خودا لەناودەچن و

بە بای تووڕەییەکەی نامێنن.

10مڕەمڕی شێر و دەنگی نەڕەی و

کەڵبەی شێرەکان شکێنران.

11شێر دەفەوتێت لەبەر نەبوونی نێچیر و

بەچکەی شێرەکە پەرتەوازە دەبن.

12«وشەیەک بۆ لای من دزەی کرد،

گوێم چرپەیەکی بیست.

13لە مۆتەکەی4‏:13 خەونێکی ناخۆش.‏ شەومدا

کاتێک مرۆڤ خەوێکی قووڵ دەیباتەوە،

14ترس و تۆقینێک منی داگرت و

هەموو ئێسکەکانم لەرزین.

15ڕۆحێک بە بەردەممدا تێپەڕی و

مووەکانی لەشم مووچڕکەیان پێدا هات.

16ڕاوەستا،

بەڵام نەمزانی چی بوو،

شێوەیەک لەبەرچاوم بوو،

چرپەیەک و دەنگێکم بیست:

17”ئایا مرۆڤ لە خودا ڕاستودروستترە،

یان پیاو لە بەدیهێنەرەکەی بێگەردتر دەبێت؟

18ئەگەر خودا متمانە بە خزمەتکارەکانی نەکات و

گومڕایی بخاتە پاڵ فریشتەکانی،

19ئەی چەند زیاتر متمانە بە دانیشتووانی ناو خانووی قوڕ ناکات،

ئەوانەی بنەچەیان لە خۆڵەوەیە و

وەک مۆرانە پان دەکرێنەوە.

20لەنێوان بەیانی و ئێوارەدا تێکدەشکێنرێن،

بێ ئەوەی کەس ئاگای لێیان بێت بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.

21ئایا گوریسی ڕەشماڵەکانیان هەڵنەکێشراوە،

تاکو بەبێ دانایی بمرن؟“