ئەیوب 39 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 39:1-30

1«ئایا دەزانیت کەی بزنە کێوییەکان دەزێن؟

یان تێبینیت کردووە ئەو کاتەی کە ئاسک ژان دەیگرێت؟

2ئایا مانگەکانی ئاوسبوونی دەژمێریت

یان کاتی زاوزێکردنیان دەزانیت؟

3چۆک دادەدەن و پاڵ بە ئازارەکانیانەوە دەنێن و

بەچکەکانیان دەبێت.

4بەچکەکانیان لە چۆڵەوانی بەهێز و گەورە دەبن؛

دەڕۆن و ئیتر ناگەڕێنەوە لایان.

5«کێ کەرەکێوی بەڕەڵا کرد و

مێخ زنجیری ئەو کێوییەی کردەوە؟

6ئەوەی چۆڵەوانیم کرد بە ماڵی و

خوێڵێنم39‏:6 خاکێک کە خوێی زۆر بێت، سەرچاوەی بەدەستهێنانی خوێ بێت.‏ کردە ژینگەی.

7بە دەنگەدەنگی شار پێدەکەنێت،

گوێی لە هاواری لێخوڕ نابێت.

8لە چیاکاندا بەدوای لەوەڕگادا دەگەڕێت،

بۆ دۆزینەوەی هەموو سەوزاییەک.

9«ئایا گای کێوی ڕازی دەبێت خزمەتت بکات

یان بە شەو لەلای ئاخوڕەکەت بمێنێتەوە؟

10ئایا دەتوانیت گای کێوی بە گاسنەوە ببەستیتەوە و جووتی پێ بکەیت؟

ئایا بەدواتدا دێت دۆڵەکان خەرتە بکات؟

11ئایا پشتی پێ دەبەستیت، چونکە هێزەکەی مەزنە

یان کارەکەی خۆتی بۆ بەجێدەهێڵیت؟

12ئایا متمانەی پێ دەکەیت کە دەغڵودانەکەت بهێنێت و

بۆ سەر جۆخینەکەت39‏:12 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏ کۆی بکاتەوە؟

13«بە خۆشییەوە وشترمرغ باڵەفڕکێ دەکات،

ئایا پەڕوباڵەکەی وەک لەقلەق پیرۆزە؟

14وشترمرغ هێلکەکەی لەسەر زەوی بەجێدەهێڵێت و

خۆڵ گەرمیان دادەهێنێت،

15لەبیری دەچێت کە پێ وردوخاشی دەکات و

ئاژەڵی کێوی پێی پێدا دەنێن.

16لەگەڵ بەچکەکانی دڵڕەقە وەک ئەوەی بەچکەی ئەو نەبن؛

گوێی ناداتێ کە ماندووبوونەکەی بێهوودە دەڕوات،

17چونکە خودا دانایی لەبیر بردووەتەوە،

لە تێگەیشتن بەشی نەداوە.

18کاتێک پەڕەکانی فش دەکاتەوە بۆ ڕاکردن،

بە ئەسپ و بە سوارەکەی پێدەکەنێت.

19«ئایا تۆ هێز بە ئەسپ دەدەیت

یان ملی بە یاڵ39‏:19 مووی درێژ لەسەر ملی ئەسپ.‏ دادەپۆشیت؟

20ئایا وای لێ دەکەیت کە وەک کوللە قەڵەمباز بدات و

دەنگی حیلەکەی تۆقێنەر بێت؟

21بە توندی سم بە زەویدا بکوتێت، بە هێزەوە دەربپەڕێت،

بەرەو مەیدانی جەنگ مل بنێت.

22بە ترس پێبکەنێت و نەتۆقێت؛

لە ڕووی شمشێر نەگەڕێتەوە.

23تیردان شەقەشەقی بێت و

خەنجەر و نووکی ڕم ببریسکێنەوە.

24بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە غار دەدات،

هەتا کاتی لێدانی کەڕەنا خۆی پێ ڕاناگیرێت.

25لە کاتی فووکردن بە کەڕەنادا دەڵێت: ”ئەها!“

لە دوورەوە بۆنی شەڕ دەکات،

هاواری سەرکردەکان و نەعرەتەی جەنگ.

26«ئایا لە تێگەیشتنی تۆدایە هەڵۆ بفڕێت و

ڕووەو باشوور باڵەکانی بکاتەوە؟

27یان بە فەرمانی تۆیە هەڵۆ بەرز بفڕێت و

هێلانەکەی لە بەرزی دابنێت؟

28لەسەر لووتکەی چیا نیشتەجێ دەبێت و بە شەو دەمێنێتەوە،

هەڵدێری بەردەڵان قەڵاکەیەتی.

29لەوێوە نێچیری خۆی دەدۆزێتەوە و

چاوەکانی لە دوورەوە دەبینن.

30بەچکەکانی خوێن هەڵدەمژن،

لە هەرکوێ کوژراوی لێ بێت، ئەو لەوێیە.»