ئەیوب 38 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 38:1-41

یەزدان قسە دەکات

1یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی:

2«ئەمە کێیە، بێ زانیاری قسە دەکات و

ڕاوێژی من تێک دەدات؟

3ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە،

پرسیارت لێ دەکەم و

وەڵامم بدەوە.

4«کاتێک زەویم دامەزراند لەکوێ بوویت؟

ئەگەر تێگەیشتنت هەیە پێم بڵێ.

5کێ پێوانەکانی دانا؟ بێگومان تۆ دەزانیت!

یان کێ گوریسی پێوانەی بەسەردا هێنا؟

6بناغەکانی لەسەر چی چەسپاند،

یان کێ بەردی بناغەکەی دانا،

7کاتێک ئەستێرەکانی بەرەبەیان پێکەوە هاواری خۆشییان دەکرد و

هەموو فریشتەکان38‏:7 عیبری: کوڕانی خودا. بڕوانە پەیدابوون 6‏:2‏.‏ هوتافیان دەکێشا؟

8«کێ بە دەروازەکان دەریای بەندکرد،

کاتێک بە پاڵەپەستۆ لە منداڵدان هاتە دەرەوە،

9کە هەورم کردە بەرگی و

هەوری تاریکم کرد بە قۆنداغی،

10کە فەرزی خۆم بەسەریدا سەپاند و

دەروازە و شمشیرەم38‏:10 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.‏ بۆ دانا،

11فەرمووم: ”هەتا ئێرە دێیت و تێناپەڕیت؛

لێرە شەپۆلەکانی لووتبەرزیت دەشکێن“؟

12«ئایا لە هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژانی ژیانتدا فەرمانت بە بەرەبەیان کردووە،

هەتا زەردەی خۆر هەڵنەیێت،

13هەتا ڕۆخەکانی زەوی بگرێت و

بەدکارانی لێ بتەکێنێت؟

14وەکو مۆرێک کە لە قوڕی دەدەیت،

دەوەستێت هەروەکو بەرگی پۆشیبێت.

15ڕووناکی لە بەدکاران قەدەغە دەکرێت و

دەستی بەرزکراوەیان دەشکێنرێت.

16«ئایا گەیشتیتە سەرچاوەکانی دەریا و

بەناو کون و کەلەبەرەکانی قووڵاییدا هاتوچۆت کرد؟

17ئایا دەروازەکانی مردنت بۆ ئاشکرا بوون

یان دەروازەکانی سێبەری مەرگت بینی؟

18ئایا پانوبەرینی زەوی دەزانیت؟

ئەگەر هەموو ئەم شتانە دەزانیت، پێم بڵێ.

19«کام ڕێگایە دەچێتە نشینگەی ڕووناکی؟

ئەی شوێنی نیشتەجێبوونی تاریکی لەکوێیە؟

20ئایا دەتوانیت هەریەکەیان بۆ سنووری خۆی ببەیت و

ڕێگای ماڵەکانیان شارەزابیت؟

21لەبەر ئەوەی تۆ لەپێش ئەمانەوە لەدایک ببوویت!

بە دڵنیاییەوە تۆ زۆر تەمەن درێژیت!

22«ئایا چووی بۆ ناو ئەمبارەکانی بەفر

یان کۆگاکانی تەرزەت بینیوە،

23ئەوەی هەڵمگرتووە بۆ کاتی تەنگانە،

بۆ ڕۆژانی نەهامەتی و جەنگ؟

24لە چ ڕێگایەکەوە بروسکە دابەش دەبێت و

بای ڕۆژهەڵات لەسەر زەوی بڵاو دەبێتەوە؟

25کێ لێکی جیا کردەوە جۆگەکان بۆ بارانی بە لێشاو و

ڕێچکە بۆ باوبۆران؟

26بۆ ئاودانی خاکێک کە مرۆڤی تێدا نییە،

بەسەر چۆڵەوانییەک کە ئادەمیزادی تێدا نییە،

27بۆ ئەوەی خاکی کاول و وێران تێر بکات،

وا بکات گیای لێ بڕووێت.

28ئایا باران باوکی هەیە؟

ئەی کێ دڵۆپەکانی شەونم دەخاتەوە؟

29بەستەڵەک لە سکی کێ دێتە دەرەوە؟

شەختەی ئاسمان بۆ کێ لەدایک دەبێت،

30کاتێک ئاوەکان وەک بەردیان لێ دێت و

ڕووی قووڵاییەکان دەیبەستێت؟

31«ئایا تۆ دەتوانیت گرێیەکانی حەوتەوانە38‏:31 یەکێک لە کەلووەکانە.‏ ببەستیت

یان گرێ بەستراوەکانی ڕاوچی بکەیتەوە؟

32ئایا تۆ دەتوانیت کەلووەکان38‏:32 مەبەستی بورجەکانە، هەریەک لە حەوتەوانە و ڕاوچی و ورچ لە چەند ئەستێرەیەک پێکدێن.‏ لە کاتی خۆی دەربخەیت،

یان ڕێنمایی کەلووی ورچ بکەیت لەگەڵ بەچکەکانی؟

33ئایا یاساکانی ئاسمان دەزانیت،

یاخود تۆ بڕیاری دەسەڵاتی ئەو بەسەر زەویدا دەچەسپێنیت؟

34«ئایا دەتوانیت دەنگت بۆ هەورەکان بەرز بکەیتەوە

هەتا بە لێشاوی ئاو داتبپۆشێت؟

35ئایا توانای ئەوەت هەیە بروسکەکان بنێریت،

جا بڕۆن و بڵێن: ”ئەوەتاین ئێمە“؟

36کێ دانایی دەبەخشێت

یان تێگەیشتن بە مێشک دەدات؟

37کێ بە داناییەوە هەورەکان دەژمێرێت

یان مەشکەکانی ئاسمان دەڕژێنێت،

38کاتێک تێکەڵ بە خۆڵ دەبێت

یەکدەگرن و دەبنە قوڕ؟

39«ئایا تۆ نێچیر بۆ شێرە مێ ڕاو دەکەیت

یان هەڵپەی بەچکە شێرەکان ئارام دەکەیتەوە،

40کاتێک لەناو بێشەکەیان خۆیان دەکێشنەوە و

خۆیان مەڵاس دەدەن بۆ بۆسە؟

41کێ ڕاو بۆ قەلەڕەش ئامادە دەکات

کە بەچکەکانی دەقیڕێنن بۆ خودا و

لەبەر نەبوونی خواردن پەرتەوازە بوون؟