ئەیوب 34 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 34:1-37

1ئیتر ئەلیهو گوتی:

2«گوێ لە قسەکانم بگرن دانایان،

گوێم بۆ شل بکەن، ئەی ئەوانەی دەزانن،

3چونکە گوێ قسە تاقی دەکاتەوە

وەک چۆن مەڵاشوو خواردن تام دەکات.

4با بۆ خۆمان دادگەری تاقی بکەینەوە و

لەنێو خۆمان بزانین چی باشە.

5«ئەیوب گوتی: ”من ڕاستودروست بووم،

بەڵام خودا مافی منی داماڵی.

6لە کاتی دادگاییم

بە درۆ دەخرێمەوە و

برینەکەم ساڕێژ نابێت

لەگەڵ ئەوەی بێ یاخیبوونم.“

7چ پیاوێک وەک ئەیوبە؟

سووکایەتیکردن وەک ئاو دەخواتەوە و

8پێکەوە لەگەڵ بەدکاران ملی ڕێ دەگرێت و

لەگەڵ خراپەکاران دەڕوات؟

9لەبەر ئەوەی گوتی: ”سوودی نییە بۆ مرۆڤ

جێی ڕەزامەندی بێت لەلای خودا.“

10«لەبەر ئەوە گوێم لێ بگرن، ئەی تێگەیشتووان.

خراپە لە یەزدان بە دوورە و

ستەمیش لە خودای هەرە بەتوانا،

11چونکە مرۆڤ بەگوێرەی کردەوەکانی پاداشت دەداتەوە و

پیاویش بەپێی ڕێگاکەی تووش دەکات.

12جا بە ڕاستی خودا خراپە ناکات،

توانادارەکەش دادپەروەری خوار ناکاتەوە.

13کێ کردی بە لێپرسراو لەسەر زەوی و

کێ لەسەر هەموو جیهان داینا؟

14ئەگەر بیخاتە دڵی خۆیەوە

ڕۆح و هەناسەی بۆ خۆی کۆبکاتەوە،

15هەموو مرۆڤ پێکەوە ڕۆح بەدەستەوە دەدەن و

مرۆڤ بۆ خۆڵ دەگەڕێتەوە.

16«ئەگەر تێگەیشتنت هەیە،

ئەمە ببیستە و بۆ دەنگی وشەکانم گوێ شل بکە.

17ئایا ئەوەی ڕقی لە دادپەروەرییە دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی بکات؟

یان ئەوەی ڕاستودروست و مەزنە تاوانباری دەکەیت؟

18ئایا خودا نییە کە بە پاشا دەفەرموێت: ”ئەی هیچوپووچ!“

یان بە پیاوماقوڵان: ”ئەی خراپەکاران!“

19ئایا خودا نییە ئەوەی لایەنگری میران ناکات و

دەوڵەمەند لە هەژار بە زیاتر دانانێت،

چونکە هەمووان کاری دەستی ئەون؟

20لەناکاو دەمرن، لە نیوەشەودا؛

گەل دەهەژێن و بەسەردەچن؛

بەهێزەکان دادەماڵرێن، بەڵام نەک بە دەستی مرۆڤ.

21«چاوەکانی لەسەر ڕێگاکانی مرۆڤە؛

ئەو هەموو هەنگاوەکانی دەبینێت.

22نە تاریکی هەیە و نە سێبەری مەرگ،

کە بەدکاران بتوانن خۆیانی تێدا بشارنەوە.

23پێویست ناکات خودا زیاتر لێکۆڵینەوە لەگەڵ مرۆڤ بکات،

هەتا بێتە بەردەمی بۆ دادگاییکردن.

24دلێران بەبێ پشکنین تێکدەشکێنێت و

خەڵکی دیکە لە جێیان دادەنێت.

25لەبەر ئەوەی تێبینی کردەوەکانیان دەکات،

بە شەو سەرەوژێریان دەکات و وردوخاش دەبن.

26لەبەر ئەوەی خراپەکارن

لەبەرچاوی بینەران سزایان دەدات،

27چونکە لەدوای ئەو لایاندا و

لە هیچ یەکێک لە ڕێگاکانی ئەو وردنەبوونەوە،

28بەم جۆرەیان کرد هاواری هەژار پێی بگات،

بەم شێوەیە گوێی لە قیژەی زەلیلان بوو.

29بەڵام ئەگەر بێدەنگ بێت،

کێ هەیە تاوانباری بکات؟

ئەگەر ڕووی خۆی بشارێتەوە، کێ دەیبینێت؟

لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانڕەوایەتی نەتەوە و تاکە کەسیش دەکات

30بۆ ئەوەی خوانەناس پاشایەتی نەکات و

نەبێت بە تەڵە بۆ گەل.

31«ئەگەر بە خودا بگوترێت:

”من تاوانبارم بەڵام ئیتر گەندەڵی ناکەم،

32ئەوەی نەمبینیوە تۆ پیشانی منی بدە،

ئەگەر خراپەم کردووە، چیتر نایکەمەوە؟“

33ئایا دەبێت خودا بەگوێرەی ئەوەی تۆ پێت باشە پاداشتت34‏:33 ئەم وشەیە لە زمانی عیبری بە هەردوو واتای پاداشت و سزا دێت.‏ بداتەوە،

لە کاتێکدا کە تۆ ئامادە نیت تۆبە بکەیت؟

تۆ هەڵدەبژێریت نەک من،

ئەوەی دەیزانیت دەیڵێیت.

34«تێگەیشتووان پێم دەڵێن،

ئەو پیاوە دانایانەی گوێیان لێمە دەڵێن:

35”ئەیوب بەبێ زانین قسە دەکات و

قسەکانی بەبێ وریاین.“

36خۆزگە ئەیوب هەتاسەر تاقی دەکرایەوە

لەبەر وەڵامەکانی وەک بەدکاران!

37یاخیبوونی بۆ سەر گوناهەکەی زیاد کرد؛

بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵە لێدەدات و

زیادەڕۆیی لەسەر خودا دەکات.»