ئەیوب 30 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 30:1-31

1«بەڵام ئێستا ئەوانەی لە من منداڵترن

گاڵتەم پێ دەکەن،

ئەوانەی بێزم نەدەهات باوکیان

لەگەڵ سەگەکانی ناو ڕانەکەم دابنێم.

2دەبێت هێزی دەستیان چ سوودێکی بۆ من هەبێت؟

لەبەر ئەوەی سست بوون و لە کەڵک کەوتوون.

3لە دەستکورتی و لە برسیێتیدا لەڕ بوون؛

بە شەو بەناو زەوی وشکدا دەگەڕان،

کە وێران و کاول بوون.

4ئەوانەی وشترالووک و گەڵایان لە دەوەنەکانەوە دەهێنا،

ڕەگی دار گەز30‏:4 دارێکی گەڵا وردی لق باریکە، لقەکانی بۆ گسک بەکاردێت.‏ خۆراکیان بوو.

5لەنێو کۆمەڵەی خەڵک دەردەکران،

هاواریان بەسەردا دەکردن وەک بەسەر دزدا هاوار بکەن.

6لەناو دۆڵە وشکەکان نیشتەجێ بوون،

لە ئەشکەوت و لەناو تاشەبەردەکان.

7لەنێو دەوەنەکان زەڕین و

لەژێر گەزگەزەکان خۆیان مات کرد.

8نەوەی گێلی، هەروەها نەوەی ئەوانەی بێ ناو بوون،

لە خاکەکە تێهەڵدراون.

9«بەڵام ئێستا ئەو گەنجانە بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن؛

پەندم بەسەردا دەڵێن.

10قێزم لێ دەکەنەوە، دوورەپەرێزیم لێ دەگرن؛

لە تفەکانیان ڕووی من ناپارێزن.

11خودا پەتی کەوانەکەی منی بەرداوە و منی چەماندووەتەوە،

جڵەوی لغاوەکەم بەدەستیانەوەیە،

12لەلای ڕاستم گەنجە لاسارەکان هێرش دەکەنە سەرم،

پاشقولم لێ دەگرن و سەنگەر لە دژی من لێ دەدەن.

13ڕێگاکانم لێ تێکدەدەن،

بۆ ژێرکەوتنم هاوکاری یەکتر دەکەن،

کەس نییە پشتگیری من بکات.

14ئەوان دێن هەروەک لە کەلێنێکی فراوانەوە بێن،

لەژێر وێرانیەوە خلۆر دەبنەوە.

15نەهامەتی بەسەرمدا وەرگەڕا،

هەروەکو با ڕێزی منی برد،

ئاسوودەییم وەک هەور تێپەڕی.

16«بە هێواشی ژیانم بەرە و کۆتایی دەچێت،

کەوتمە ڕۆژانی زەلیلییەوە.

17شەوگار ئێسکەکانم لەناومدا کلۆر دەکات،

ئازارەکانم پشوو نادەن.

18خودا بە زۆری هێزەکەی منی بە جلەکانم گرت و شێوەی گۆڕیم،

وەک یەخەی کراسەکەم، منی پێچایەوە.

19فڕێیدامە ناو قوڕەوە،

ڕەنگی خۆڵ و خۆڵەمێشم لێ نیشت.

20«ئەی خودا هاوارت بۆ دەهێنم و وەڵامم نادەیتەوە؛

ڕادەوەستم و ئاوڕم لێ نادەیتەوە.

21لەگەڵ مندا توند دەجوڵێیتەوە،

بە توانای دەستەکانت دژایەتیم دەکەیت.

22دەمڕفێنیت و دەمدەیتە دەست ڕەشەبا؛

فڕێمدەدەیتە ناو زریانەوە.

23دەزانم بۆ مردن دەمگەڕێنیتەوە،

بۆ ماڵی چاوەڕوانکراوی هەموو زیندووێک.

24«بێگومان کەس دەستدرێژی ناکاتە سەر مرۆڤێکی تێکشکاو،

کاتێک لە تەنگانەیدا هاوار دەکات.

25ئایا بۆ لێقەوماوان نەگریام؟

ئایا بۆ نەدار گیانم خەمبار نەبوو؟

26لەگەڵ ئەوەشدا، کە ئاواتەخوازی چاکە بووم، خراپە هات؛

چاوەڕوانی ڕووناکی بووم، تاریکی هات.

27هەناوم گڕی گرتووە و ناوەستێت،

ڕۆژانی زەلیلی بەرەوپیرم دێن.

28ڕەش هەڵگەڕام بەڵام بەبێ خۆر؛

لەناو کۆمەڵ هەستام هاوارم کرد.

29بووم بە برای چەقەڵەکان و

هاوڕێی کوندەپەپووەکان.

30پێستم ڕەش و هەڵوەری لەبەرم،

لەشم لەبەر تایەکی توند دەسووتێت.

31قیسارەکەم بۆ لاوانەوەیە و

شمشاڵەکەم بۆ دەنگی گریاوەکانە.