ئەیوب 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 3:1-26

ئەیوب قسە دەکات

1دوای ئەمە ئەیوب دەمی کردەوە و نەفرەتی لەو ڕۆژە کرد کە تێیدا لەدایک بووە. 2ئەیوب دەستی بە قسە کرد و گوتی:

3«با لەناوبچێت ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم،

ئەو شەوەش کە گوترا: ”کوڕێک لەدایک بوو!“

4با ئەو ڕۆژە تاریک بێت،

نە خودا لە سەرەوە بایەخی پێ بدات و

نە ڕۆژی بەسەردا هەڵبێت.

5با تاریکی و سێبەری مەرگ لەسەری بێت،

با هەور دایبگرێت،

با ڕۆژ تاریک دابێت و بیتۆقێنێت.

6ئەو شەوە، با شەوەزەنگ بیگرێت،

لەناو ڕۆژانی ساڵ دڵخۆش نەبێت

نەیەتە ناو ژمارەی مانگەکان.

7با ئەو شەوە نەزۆک بێت،

هاواری خۆشی تێدا نەبێت.

8بەر نەفرەتی ئەوانە بکەوێت کە نەفرەت لە ڕۆژگار دەکەن،

ئەوانەی ئامادەن لیڤیاتان بەئاگا بهێنن.

9با ئەستێرەکانی بەرەبەیان تاریک دابێن،

چاوەڕوانی ڕووناکی بێت و نەیەت،

با گزنگی بەیان نەبینێت،

10چونکە دەرگاکانی سکی لەسەر من دانەخست و

چەرمەسەری لە چاوەکانم نەشاردەوە.

11«بۆ لە بار دایکم نەچووم،

کە لەدایک بووم، بۆ ڕۆحم بەدەستەوە نەدا؟

12بۆچی ئەژنۆکان هەڵیانگرتم،

بۆ مەمک هەبوو تاکو شیر بدرێم؟

13چونکە ئێستا ڕاکشابووم و بێدەنگ ببووم،

ئەو کاتە بە ئاسوودەیی دەخەوتم،

14لەگەڵ پاشایان و ڕاوێژکارانی زەوی،

ئەوانەی ئەو کۆشکانەیان بۆ خۆیان بنیاد نا کە ئێستا بوونەتە کەلاوە،

15یان لەگەڵ میران کە زێڕیان هەیە،

ئەوانەی ماڵەکانیان لە زیو پڕکردووە،

16یان وەک لەبارچووێکی لەخاکنراو، ئینجا نەدەبووم،

وەک کۆرپەیەک ڕووناکی نەبینیوە.

17لەوێ خراپەکاران لە ئاژاوەنانەوە دەوەستن

لەوێ ماندووان پشوو دەدەن،

18دیلەکان تێکڕا ئاسوودە دەبن،

گوێیان لە دەنگی سەرکار نابێت،

19لەوێ بچووک وەک گەورە وایە،

کۆیلەش ئازادە لە دەستی گەورەکەی.

20«بۆ ڕووناکی دەدرێتە ڕەنجدەران و

ژیانیش بۆ ئەوەی تاڵاوی تێدایە،

21ئەوانەی چاوەڕوانی مردن دەکەن و نییە،

لە گەنجینە زیاتر بەدوایدا دەگەڕێن،

22هەتا ئەوپەڕی شادمانی دڵخۆشن،

دڵشادن کە گۆڕێک دەبیننەوە؟

23بۆ ژیان دەدرێتە پیاوێک

کە ڕێگای شاردراوەتەوە،

خوداش بە چواردەوریدا پەرژینی لێ داوە؟

24لەبەر ئەوەی ئاخ هەڵکێشانم بووەتە نانی ڕۆژانەم،

هەنسکیشم وەک ئاو دەڕژێت.

25ئەوەی دەمتۆقێنێت هاتە سەر ڕێگام،

ئەوەی لێی دەترسام بەسەرم هات.

26ئاسوودە نەبووم و بێدەنگ نەبووم،

پشووم نەدا و ئاژاوە هات.»