ئەیوب 24 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 24:1-25

1«بۆچی خودای هەرە بەتوانا کاتەکانی دادگاییکردنی خراپەکاران دیاری ناکات؟

بۆچی خواناسەکان ئەو ڕۆژانە نابینن؟

2خراپەکاران سنوور دەگوازنەوە،

دەست بەسەر مێگەلێکدا دەگرن و دەیلەوەڕێنن.

3گوێدرێژی هەتیوان دەدەنە پێش خۆیان و

گای بێوەژن وەک بارمتە دەبەن.

4نەداران لەسەر ڕێگا دەردەکەن،

هەژارانی خاکەکە ناچار دەکەن خۆیان بشارنەوە.

5هەژاران وەک کەرەکێوی لە چۆڵەوانی،

بۆ گەڕان بەدوای خواردندا دەچن،

دەشتودەریش نان بۆ منداڵەکانیان دابین دەکات.

6لە کێڵگە ئالیکی خۆیان دروێنە دەکەن،

لە ڕەزی خراپەکار هەڵدەگرنەوە.

7بە ڕووتی بەبێ جل سەر دەنێنەوە،

هیچ بەرگێکیان نییە لە سەرمادا.

8لەبەر نەبوونی پەناگا بە بارانی چیاکان تەڕ دەبن و

خۆیان بە تاشەبەردەوە دەگرن.

9بەدکار هەتیو لە مەمکان دەڕفێنن،

منداڵی ساوای هەژار وەک بارمتە دەگرن.

10نەدار بە ڕووتی دەڕۆن، بەبێ جل،

بە برسیێتی کۆڵەکان هەڵدەگرن.

11لەنێو کەڵەکی زەوییەکان زەیت دەگوشن،

بە پێیان گوشەرەکان دەپەستن و تینوو دەبن.

12ئەوانەی لەناو شار لەناودەچن دەناڵێنن،

گیانی برینداران بۆ فریاکەوتن هاوار دەکەن،

بەڵام خودا هیچ کەس بە خراپەکاری تاوانبار ناکات.

13«ئەوانە کە لە ڕووناکی یاخین،

نە ڕێگاکانی دەزانن و

نە لە ڕێڕەوەکانی دەمێننەوە.

14بکوژ لەگەڵ ڕووناکی هەڵدەستێت و

هەژار و نەدار دەکوژێت؛

بە شەویش بۆ دزی دەچێت.

15چاوی داوێنپیسیش تێبینی تاریکوڕوونی دەکات؛

دەڵێت: ”هیچ چاوێک چاودێریم ناکات،“

ڕووپۆشێک لەسەر ڕووی دادەنێت.

16لە تاریکیدا ماڵ دەبڕن،

لە ڕۆژیشدا دەرگا لەسەر خۆیان دادەخەن؛

ڕووناکی ناناسن.

17تاریکی شەو بەیانییە لەلای ئەوان،

هاوڕێی تۆقێنەرەکانی تاریکین.

18«لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە کەفن لەسەر ڕووی ئاوەکان؛

بەشیان لە زەوی نەفرەت لێکراوە،

لەبەر ئەوە کەس ناچێتە ڕەزەکان.

19وەک چۆن وشکەساڵی و گەرما ئاوی بەفر دەبات،

جیهانی مردووانیش گوناهباران دەڕفێنێت.

20سکی دایک لەبیریان دەکات و

کرم تامی دەمی پێیان خۆش دەکات؛

ئیتر یادی خراپەکار ناکرێتەوە و

وەک دار دەشکێت.

21لەگەڵ نەزۆک کە منداڵی نەبووە بە خراپی هەڵسوکەوت دەکەن،

هیچ چاکەیەک لەگەڵ بێوەژن ناکەن.

22بەڵام خودا بە هێزی خۆی پاڵەوانان دەگرێت؛

هەرچەندە هەڵدەستن بەڵام کەسیان لە ژیانی خۆی دڵنیا نابێت.

23دەشێت بیانهێڵێت بە ئاسوودەیی بژین،

بەڵام چاوی لەسەر ڕێگاکانیانە.

24کەمێک پایەدار دەبن و ئیتر نامێنن؛

نزم دەبن و وەک هەمووان کۆدەکرێنەوە،

وەک سەری گوڵەگەنم دەبڕێنەوە.

25«ئەگەر وا نییە، کێ بە درۆم دەخاتەوە و

قسەکانم وەک هیچ لێ دەکات؟»