ئەیوب 23 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 23:1-17

قسەی هەشتەمی ئەیوب

1ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

2«هەروەها ئەمڕۆش سکاڵاکەم جەرگبڕە؛

لەگەڵ ناڵینم دەستی خودا لەسەرم هەر قورسە.

3خۆزگە دەمزانی چۆن پێی بگەم؛

دەهاتمە لای نشینگەکەی!

4بە ڕێکوپێکی کێشە دەخەمە بەردەمی،

دەمم پڕ دەکەم لە بەهانە،

5هەتا بزانم چۆن وەڵامم دەداتەوە و

لەوە تێبگەم کە پێم دەڵێت.

6ئایا بە زۆری هێز مشتومڕم لەگەڵ دەکات؟

نەخێر، بەڵکو پەلکێشی دادگام ناکات.

7لەوێ کەسی ڕاست بەهانەی بۆ دەهێنایەوە و

بۆ هەتاهەتایە لە دەست دادەورەکەم دەرباز دەبووم.

8«بەڵام ئەگەر بەرەو ڕۆژهەڵات بچم لەوێ نییە،

بەرەو ڕۆژئاواش هەستی پێ ناکەم.

9کاتێک لە باکوور کار دەکات، بەرچاوم ناکەوێت؛

کاتێک بەرەو باشوور دەسووڕێتەوە، نایبینم.

10بەڵام ڕێگام دەزانێت،

دوای ئەوەی تاقیم دەکاتەوە وەک زێڕ دەردەچم.

11پێیەکانم بە هەمان هەنگاوی ئەو ڕۆیشتوون،

ڕێگای ئەوم گرتەبەر و لام نەدا.

12لە فەرمانەکانی زمانی ئەو لام نەداوە؛

لە نانی پێویستی خۆم زیاتر قسەکانی دەمی ئەوم لە گەنجینەی دڵم هەڵگرتووە.

13«بەڵام ئەو تاک و تەنهایە و کێ ڕێی لێ دەگرێت؟

ئەوەی ئارەزووی لێ بێت، دەیکات.

14فەرزی خۆی لە دژی من جێبەجێ دەکات،

پلانی وەک ئەمانەش زۆرە لەلای.

15لەبەر ئەوە لەبەردەمی دەتۆقم؛

سەرنج دەدەم و لێی دەترسم.

16خودا دڵی بێهێز کردم؛

توانادارەکە منی تۆقاند.

17لەگەڵ ئەوەشدا تاریکی و تەمە چڕەکەش

کە ڕوخساری داپۆشیم بێدەنگم ناکات.