ئەیوب 20 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ئەیوب 20:1-29

وەڵامی دووەمی چۆفەر

1چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:

2«لەبەر جۆشانی ناخم،

بیرکردنەوەکانم هانم دەدەن وەڵام بدەمەوە.

3گوێم لە سەرزەنشتەکانی تۆ دەبێت کە سووکایەتیم پێ دەکەیت،

ڕۆحی تێگەیشتنم وام لێ دەکات وەڵام بدەمەوە.

4«ئایا لە کۆنەوە ئەمەت نەزانیوە،

لەو کاتەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی دانراوە؟

5هاواری خۆشی خراپەکاران کورتە و

خۆشی خوانەناس بۆ ساتێکە.

6هەرچەندە لووتبەرزی خوانەناس بگاتە ئاسمان و

سەریشی لە هەور بدات،

7بەڵام وەک تەپاڵە خۆی بۆ هەتاهەتایە لەناودەچێت و

ئەوانەی بینیویانە دەڵێن: ”کوا؟“

8وەک خەون دەفڕێت و ئیتر نامێنێت،

وەک مۆتەکەیەک دەردەکرێت.

9چاوێک کە بینیویەتی دیسان نایبینێتەوە،

جارێکی دیکە شوێنەکەشی نابینرێت.

10کوڕەکانی هەوڵ دەدەن هەژاران ڕازی بکەن؛

دەستەکانی سامانەکەی دەدەنەوە.

11ئێسکەکانی پڕ لە گەنجیێتین،

بەڵام ئەو گەنجیێتییە لەگەڵیدا لەناو خاک ڕادەکشێت.

12«کە خراپە لەناو دەمی شیرین بێت و

لەژێر زمانی بیشارێتەوە،

13دڵی پێی سووتاو و بەجێی نەهێشت،

بەڵکو لەناو گەرویدا بەندی کرد،

14بەڵام نانەکەی لەناو ڕیخۆڵەکانی دەگۆڕێت،

دەبێتە تاڵی ژەهری مار لەناو سکی.

15سامانێکی قووت دا و دەیڕشێنێتەوە؛

خودا لەناو سکی وەدەری دەنێت.

16ژەهری مار دەمژێت؛

زمانی مار دەیکوژێت.

17جۆگەکان نابینێت،

ڕووبارە ڕۆیشتووەکانی هەنگوین و قەیماغ.

18بەری ماندووبوونەکەی دێنێتەوە و قووتی نادات،

لە قازانجی بازرگانییەکەی خۆشی نابینێت.

19لەبەر ئەوەی هەژارانی وردوخاش کرد و بەجێی هێشتن؛

دەستی بەسەر ماڵێکدا گرت کە بنیادی نەنابوو.

20«بێگومان لە ناخیدا نەیزانی بەس چییە؛

ئەوەی ئارەزووی دەکات دەربازی ناکات.

21خواردنەکەی پاشماوەی نییە؛

ئیتر خێروخۆشییەکەی بەردەوام نابێت.

22لەوپەڕی سەڵتەنەتیدا تووشی تەنگانە دەبێت،

دەستی هەموو ڕەنجدەرێکی دێتە سەر.

23لە کاتێکدا سکی خۆی پڕ دەکات،

خودا گڕی تووڕەیی خۆی بۆ دەنێرێت و

وەکو باران بەسەریدا دەیبارێنێت.

24لە چەکی ئاسنەوە ڕادەکات و

تیری بڕۆنز دەیبڕێت.

25تیرەکەی ڕاکێشا و لە پشتییەوە هاتە دەرەوە،

نووکی بریسکەدار زراوی بڕی.

ترسی بەسەرەوەیە؛

26هەموو تاریکییەک بۆ گەنجینەکانی شاردراوەتەوە.

ئاگرێک دەیخوات فووی لێ نەکراوە،

ئەوەی لە چادرەکەی مابێتەوە لووشی دەدات.

27ئاسمان تاوانەکەی ئاشکرا دەکات،

زەوی لێی ڕادەپەڕێت.

28لەو ڕۆژەی کە خودا تووڕەییەکەی دەبارێنێت،

لافاوێک ماڵەکەی دەبات.

29ئەمە بەشی کەسی خراپە لە خوداوە،

میراتی دیاریکراوە لە خوداوە.»